د.يوسف گۆران: شانازى دەکەین کە لە کوردستان پێکهاتەى جۆراو جۆر دەژین

IMG_9565.jpg

 وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاگەیاند: کۆمەڵگەى کوردى، کۆمەڵگەیەکى لێبوردەیە و، بەدرێژاى مێژوش لە کوردستان نەتەوەو ئاین و مەزهەب و پێکاتەى جیا پێکەوە ژیاون، بۆیە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ پاراستنى ئەو پێکهاتە جۆراو جۆرەى لە کوردستان هەیە.

ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە میانەى دیدارێکیدا لەگەڵ وەفدێکى ئەنجومەنى ئەساقفەى هەولێر هات، کە ئەمڕۆ سێ شەممە، ڕێکەوتى (٣٠/٦/٢٠١٥) سەردانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى-یان کرد.

لەو سەردانەدا، کە مەتران بەشار متى وردە سەرۆکى ئەساقفەى هەولێر سەرۆکایەتى دەکرد، پرۆپۆزەڵێکیان پێشکەش بە وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد بۆ کردنەوەى زانکۆیەک بەناوى  (زانکۆى کاسۆلیکى لە هەولێر)، ڕونیان کردەوە ئەو زانکۆیە کە لەلایەن ئەنجومەنى ئەساقفەى ڕوماوە پشتگیرى دەکرێت، دەبێتە یەکێک لە ئەندامانى نێودەوڵەتى بۆ زانکۆ کاسۆلیکیەکان.

 لە بەشێکى دیکەى قسەکانیاندا دیدگاو ئامانجى کردنەوەى زانکۆکەیان ڕونکردەوەو ڕایانگەیاند: لەماوەى ڕابردودا ژمارەیەکى زۆرى مەسیحى ڕویان لە هەرێمى کوردستان کردوە، بۆیە ئەو زانکۆیە جگە لە گرتنەخۆى خوێندکارە ئاوارە مەسیحیەکان، لەهەمان کاتدا دەرگاى بەڕوى پێکهاتە جیاکانى کوردستان کراوە دەبێت و، هەموو خوێندکارێک کە ئارەزوو بکات دەتوانن لەو زانکۆیە درێژە بەخوێندن بدات، هەر لە قسەکانیاندا وەفدى میوان جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە زانکۆکە، زانکۆیەکى (تبشیرى) نابێت، بەڵکو وەک زانکۆ ئاساییەکانى هەرێمى کوردستان دەبێت و، دەمانەوێ لەبەر ڕۆشنایى بڕیارو ڕێنمایى و ڕێکارە یاساییەکانى وەزارەت زانکۆکەمان کارەکانى دەست پێ بکات، هەر لەبارەى زانکۆکەیان ڕونکردنەوەى زیاتریان داو وتیان: بەرزترین کواڵیتى خویندن ڕەچاو دەکەین، ماوەى خوێندن-یش لە زانکۆکە (٥) ساڵ دەبێت و، ساڵى یەکەم تەرخاندەکرێت بۆ فێربونى زمانى ئینگلیزى، چونکە خوێندن لەو زانکۆیە بەزمانى ئینگلیزى دەبێت، جگە لە بەشەکانى زمان نەبێت، هەروەک بەنوێترین ستاندارد وانەکان دەوترێنەوە، لە کردنەوەى بەشەکانیشدا بەڕەچاوکردنى پێداویستیەکانى بازارى کوردستان، پسپۆڕى دەگەن دەکەینەوە، ئەوەشیان ڕاگەیاند: دەمانەوێ لە ڕێگەى کردنەوەى ئەو زانکۆیە وەک ناوەندێکى مەعریفى پەیوەندى نێوان پێکهاتە جیاکانى کوردستان زیاتر قوڵ بکەینەوەو کەلتورەکانیش زیاتر ئاشنایى یەکتر بکەین.

لە بەرامبەردا د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاگەیاند: مەسیحیەکان پێکهاتەیەکى گرنگى کۆمەڵگەکەمانن، سیاسەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان جەخت لەسەر هاوکاریکردنى تەواوى پێکهاتەکانى کوردستان و لەناویاندا مەسیحیەکان دەکاتەوە، چونکە لە پێکهاتە ڕەسەنەکانى ئەم ناوچەیەن، هەربۆیە لەماوەى ڕابردودا بەبێ جیاکارى ئەو خوێندکارە ئاوارە مەسیحیانەمان لە زانکۆکانى کوردستان هاوشێوەى خوێندکارانى دیکە وەرگرتوە، هەربۆیە شانازى دەکەین کە لە کوردستان پێکهاتەى جۆراو جۆر دەژین.

سەبارەت بە داواکارییەکەیان بۆ کردنەوەى زانکۆ، د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: ئێمە هانى کردنەوەى زانکۆ دەدەین، بەڵام ئەو زانکۆیانەى کە ڕانکینگیان بەرزو خاوەن پێگەیەکى بەرزى ئەکادیمى بن، لە هەمان کاتدا پێویستە زانکۆکە شتێکى نوێ بێت لە بوارى ئەکادیمى و پسپۆرى، ئەوەى لە تواناماندا بێت بۆ هاوکاریکردنتان درێغى ناکەین.

ڕونیشیکردەوە کە پڕۆپۆزەڵەکەیان ئاڕاستەى بەڕێوەبەرایەتى دڵنیایى جۆرى و متمانە بەخشین دەکرێت بۆ هەڵسەنگاندنى و دواتریش لە چوارچێوەى بڕیارو ڕێنماییەکانى کردنەوەى زانکۆ، بڕیارە لەبارەى داواکارییەکەتان دەدرێت.