د.خەتاب شێخانى: یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکانى وەزارەت بریتیە لە سەربەخۆى دارایى زانکۆکان

IMG_0007.JPG

 بەئامانجى خستنەڕوى ئامانج و وردەکارى پڕۆژەى هەنگاونان بەرەوسەربەخۆى دارایى زانکۆکان، کەلەلایەن سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیرانەوە پەسندکراوە، ئەمڕۆ پێنچ شەممە، ڕێکەوتى (٢٥/٨/٢٠١٦) لە هۆڵى ڤیدیۆ کۆنفرانسى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەیى بەڕێوەچو.

لەسەرەتای کۆنگرە ڕۆژنامەیەکەدا د.خەتاب شێخانى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى کارگێڕى و دارایى ئامانجى کۆنگرە ڕۆژنامەیەکەى خستەڕو لەوبارەیەوە وتى: ئەم کۆنگرە ڕۆژنامەیە تایبەتە  بە ڕاگەیاندنى پڕۆژەى سەربەخۆى دارایى زانکۆکان، وتیشى ئەم پرۆژەیە یەکێکە لە پڕۆژەکانى وەزارەتەکەمان، د.خەتاب شێخانى ڕونیشیکردەوە لە ماوەى دو ساڵى ڕابردو وڵاتەکەمان دوچارى قەیرانى دارایى بوەوە، زانکۆکانمان پشکى شێریان لەو قەیرانە بەرکەوتوە.

لەو کۆنگرە ڕۆژنامەیەدا کە بەئامادەبونى د.نەژدەت ئاکرێى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى توێژینەوە وپەرەپێدان و، د.محمد سابر بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون و، د.جوان جەلال بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان ئامادەیبون، د.خەتاب شێخانى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى کارگێڕى و دارایى لایەنەکانى دیکەى پڕۆژەکەى خستەڕو لەو بارەیەوە وتى: لە ماوەى دوو ساڵى ڕابردودا وەزارەتەکەمان کۆمەڵێک پڕۆژەى هەبوە بۆ بەرزکردنەوەى کوالیتى خوێندن و بەرزکردنەوەى ئاستى زانکۆکان، یەکێک لەو پڕۆژانەى کە وەزارەتەکەمان ساڵانێکە کارى لەسەر دەکات سەربەخۆى دارایى و کارگێرى زانکۆکان، چونکە ڕاستەوخۆ کاریگەرى لەسەر کواڵیتى زانکۆکان دەبێت، بۆیە لەسەرەتاى ساڵى (٢٠١٦)ەوە بە ئاگادارى ئەنجومەنى وەزیران و ئاگادارکردنەوەى وەزارەتى دارایى دەستمان بەئاماددەکردنى پڕۆژەیەک کرد بۆ ئەوەى زانکۆکان لە ڕوى داراییەوە سەربەخۆ بن، د.خەتاب شێخانى وتى: ئەو سیستمە داراییە ناوەندییەى کە دەیان ساڵە جیبەجێ دەکرێ و لەشەو ڕۆژێکدا ناتوانین بیگۆڕین، بەڵام خۆشبەختانە ئێمە لە ئەنجومەنى وەزارەت بیرۆکەکەمان گەڵالە کرا و، دواتر ڕەشنوسەکە ئامادەکراو دواجار لەلایەن ئەنجومەنى وەزارەتەوە ڕەوانەى ئەنجومەنى وەزیران کرا و، لەویش لەلایەن سەرۆکایەتى حکومەت و ئەنجومەى وەزیران پەسندکرا، د.خەتاب ڕونیشیکردەوە ئەم پڕۆژەیە بریتیە لە پڕۆژەى هەنگاوى یەکەم بەرەو سەربەخۆى دارایى زانکۆکان، کە تیایدا کۆمەڵێک داهات دیارى کراوە، کە ساڵانى پێشتر بەشێوازى جیا وەردەگیرا، بەڵام دەگەڕایەوە بۆ خەزێنەى حکومەت، بەڵام گرنگى ئەو پڕۆژەیە لەوەدایە هەموو ئەو داهاتەى لەو پڕۆژەیە دیاریکراوە پاڵپشت بەمادەى (١٠) لە یاساى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، جارێکى تر ڕێکخراوەتەوەو داهاتەکەش لەهەر زانکۆیەک دەخرێتە سەر سندوقى زانکۆ و سەرەڕاى داهاتى دیوانى وەزارەت کە دەخرێتە سەر سندوقیک بەناوى سندوقى وەزارەتى خوێندنى باڵا.

بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى دارایى و کارگێڕى ڕونکردنەوەى زیاتر لەو بارەیەوە داو وتى: (٧٠%) داهاتى زانکۆکان دەدرێتەوە بەخودى زانکۆکان، بۆ ئەوەى بتوانن کواڵیتى خۆیان بەرز بکەنەوەو زانکۆکان خۆیان بەرێوەبەرن، بەوەش زانکۆکان چیتر پێویستیان بەگەڕانەوە بۆ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، دارایى و ئابورى نابێت، بۆیە ئەمە هەنگاوێکى گەورەیە لە وەزارەتى خوێندنى باڵاو زانکۆکان و، لە ساڵانى داهاتودا کاریگەرى زۆرى لەسەر بەرەوپێشبردنى ئاستى زانکۆکان دەبێت، هەر بۆیە بەپێى ڕینمایى دەسەڵاتى خەرجکردنى ئەو داهاتانەش لە وەزارەتەوە دراوە بە ئەنجومەنى زانکۆکان و سەرۆکى زانکۆکان.

د.خەتاب شێخانى ئەوەشى ڕاگەیاند: ئەم پڕۆژەیەى وەزارەت لە دوو ساڵى ڕابردودا کارى زۆرى لەسەر کراوە، لە پاڵ پڕۆژەکانى دیکەى وەزارەتەکەمان وەک ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکان، وەرگرتنى ڕاستەوخۆى زانکۆکان، دامەزراندنى ئینستیویتى پەرەپێدان، ڕیفۆرمکردن لە پڕۆسەى خوێندنى ماستەرو دکتۆرا و بەئەلیکترۆنیکردنى سیستمى بەڕێوەبردن، جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە کە کۆى پڕۆژەکان بەیەکەوە بەئاراستەى باشترکردنى کواڵیتى زانکۆکان و سەربەخۆى زانکۆکانە، وتیشى ئێمە بڕواى تەواومان بەسەربەخۆى زانکۆکان هەیە، چونکە تا زانکۆکان سەربەخۆ  نەبن و خۆیان بریار نەدەن زانکۆ بەرەوپیش ناچن، بۆیە ئەم پڕۆژەیە هەنگاوى یەکەمە بۆ سەربەخۆى دارایى زانکۆکان، ئاشکراشیکرد پڕۆژەکە کۆمەڵێک خاڵى لەخۆیگرتوە، نزیکەى (٦٠) سەرچاوەى داهات دیارکراوە.

بەڕێوەبەرى فەرمانگەى دارایى و کارگێڕى وتیشیى زۆربەى زۆرى خاڵەکان پەیوەندییان بەخویندکارەوە نیە، بەڵکو پەیوەندییان بەو کەسانەوە هەیە کە ڕو لە وەزارەت و زانکۆکان دەکەن.سەبارەت بەو بڕە پارەیەش کە لە خوێندکار بۆ بەشى ناوخۆى وەردەگیرێ، د.خەتاب شێخانى وتى: ساڵانى پێشتر زیاتر لە (١٠٠) هەزار دینار وەک بارمتە لە خوێندکار بۆ بەشى ناوخۆى وەرگیراوە، وتیشى لە دوو ساڵى ڕابردودا بەهۆى قەیرانى داراییەوە کێشەى زۆر ڕوبەڕوى بەشە ناوخۆییەکان دەبوە، بۆیە سێ بژاردەمان لەبەردەست بو بۆ چارەکردنى ئەو کێشانە و باشترکردنى بەشە ناوخۆییەکان، بۆیە یان دەبو بەشە ناوخۆییەکان بدەینە کەرتى تایبەت، یان بەشە ناوخۆییەکان دابخەین، یاخود ئەوەى وەردەگیرا لە بەشەناوخۆییەکان سەرفى بکەینەوە، ئەوەش بەشێکى زۆر کەمە، چونکە بەپێى توێژینەوەیەک هەر خوێندکارێک لە بەشە ناوخۆى پێویستى بە (٢٥٠) هەزار دینارە بۆ هەر مانگێک، بەڵام بەپێى ئەم پڕۆژەیە (١٠٠) هەزار دینار بۆ یەک ساڵى خوێندن لە خوێندکار وەردەگیرێ.

سەبارەت بەچارەنوسى زانکۆى زانکۆى حەیات و زانکۆى ئیشق، بەڕێوەبەرى فەرمانگەى کارگێڕى و دارایى وتى: ئەو دوو زانکۆیە دوچارى گرفتى دارایى بونەتەوە، زانکۆى حەیات بابەتەکەیان لە ئەنجومەنى وەزارەت بڕیارى لەسەر درا و یەکى ئەیلولى ئەمساڵ دوا مۆڵەت بووە بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانیان، بۆیە ئیتر ئەگەر دۆخەکەیان چاکرد ئەوا بەشێوەیەکى ئاسایى مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، ئەگەر کێشەکانیشیان چارسەرنەکرد ئەوا وەزارەت خۆى سەرپەرشتى دەکات و خوێندکارانیش بەهیچ شێوەیەک زەرمەند نابن، زانکۆى ئیشقیش بەهەمان شێوە کەوتونەتە کێشەى داراییەوە، بۆیە داوامان کردوە کیشەکانیان چارەسەر بکەن، ئەگینا کارى پێویستیان لەبارەوە دەکەین، بەڵام تا ئێستا هیچ یەکێک لەو زانکۆیانە بڕیاریان لەسەر نەدراوە و، چارەنوسیان دیار نیە، لەهەر بریارێکیش وەزارەتەکەمان بەرژەوەندى خوێندکاران لەبەرچاودەگرێت و، چاوپۆشى لە کەموکوڕى زانکۆکانیش ناکەین.

لە بەشێکى دیکەى کۆنگرە ڕۆژنامەیەکەدا د.جوان جەلال شەریف بەڕیوەبەرى گشتى فەرمانگەى نیردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان ڕاگەیاند: وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى برێک پارەى بۆ ئەو خویندکارانە خەرجکرد کە لە چوارچێوەى زەمالەى خوێندن لە وڵاتى ڕوسیا دەخوێنن، ئەوەش لەم دۆخە داراییە هاریکاریەکى باشە بۆ ئەو خوێندکارانە، لەهەمان کاتدا لە هەوڵەکانمان بەردەوامین بۆ دابینکردنى شایستە داراییەکان بۆ خوێندکارانى تواناسازى.

هەر لەو کۆنگرە ڕۆژنامەیەدا، د.نەژدەت ئاکرێى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى توێژینەوەو پەرەپێدان پڕۆژەیەکى گەورەى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاگەیاند و وتى: بۆ یەکەمینجارە (٣٥٠٠) کورسى خوێندنى باڵا/ماستەرو دکتۆرا لە چەند ڕۆژى داهاتودا لە هەرێمى کوردستان ڕادەگەێنین، وتیشیى نزیکەى (١٥٠٠) کورسى خوێندنیان حکومەت تێچوکەى دەگرێتە ئەستوەو، ژمارەکەى دیکەش بەسیستمى پارالێڵ تەرخانکراوە بۆ ئەوانەى ئارەزوى خوێندن دەکەن و کارئاسانیان بۆ کراوە وەک مەرجى تەمەن.

لە بەشێکى دیکەى کۆنگرە ڕۆژنامەیەکەدا د.محمد سابر بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون ڕونیکردەوە بۆ سەربەخۆى زیاتر زانکۆکان و ڕەچاوکردنى ئارەزوى خوێندن بۆ خوێندن، بۆ یەکەمین جارە لە هەرێمى کوردستان و جیاواز لە ساڵانى ڕابردو لە (١٠٢) بەشى زانستى لە زانکۆکان خوێندکار بەشێوەى ڕاستەوخۆ وەردەگرن و، خۆشبەختانە تا ئێستا پڕۆسەکە زۆر بەباشى بەڕێوەچو، وتیشى لە لە هەوڵەکانمان بەردەوامین بۆ ئەوەى زۆرترین خوێندکار لە زانکۆکان بەڕچاوکردنى کواڵیتى خوێندن وەربگرین.