وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێشوازى لە کۆنسڵى ئیتاڵیا کرد

newsitem-1881-18.12.2014-ku.jpg

د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاگەیاند: یەکەم پەرتوک کە لەبارەى ڕێزمانى کوردى نوسرابێت، لەلایەن کاهنێکى ئیتاڵیەوە نوسراوە، بۆیە وەک گەلى کورد بەگرنگەوە لە زانکۆکانى ئیتاڵیا دەڕوانین، ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران لە میانەى دیدارێکیدا هات لەگەڵ کارمیلۆ فیکارا کۆنسڵى ئیتاڵیا لە هەرێمى کوردستان، کە ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێکەوتى (17/12/2014) سەردانى دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد.

لەو دیدارەدا سەرەتا کۆنسڵى ئیتاڵیا ئامانجى سەردانەکەى بۆ وەزیرى خوێندنى باڵا ئاشکرا کردو ووتى: هاتوین بۆ بەردەوامیدان و پەرەپێدان بەو پەیوەندییە زانستى و کەلتورى و ئەکادیمیەى کە لە نێوان زانکۆکانى کوردستان و ئیتاڵیادا هەیە، ڕونیشیکردەوە یەکێک لە کارەکانمان لە کۆنسڵگەرى ئیتاڵیا بایەخدانە بەلایەنى زانستى و کەلتورى، بۆیە نیازمانە ئەو بایەخدانە پراکتیزە بکەین و هەنگاوى جدى بۆ بنێین.

    لە بەرامبەردا د. یوسف گۆران دواى بەخێرهێنانى وەفدى میوان، خۆشحاڵى خۆى پیشاندا بۆ باشترکردنى ئاستى پەیوەندى هاوکارییەکان لە نێوان زانکۆکاندا، وەزیرى خوێندنى باڵا بەگرنگیەوە ئاماژەى بەمێژو و پێگەى زانکۆ ئیتاڵیەکان لەسەر ئاستى ئەوروپا و جیهان کرد، بەو پێیەى کۆنترین زانکۆکانى جیهان لەو وڵاتەن، بۆ گەلى کوردیش ئیتاڵیا پێگەیەکى دیاری هەیە چ لە ڕابردو کە یەکەم پەرتوک لەبارەى ڕێزمان و زمانى کوردى لە ئیتاڵیەوە نوسراوە، چ لە ئێستاشدا کە زانکۆکانى ئەو وڵاتە پڕۆژەى بەشى خوێندنى کوردیان کردەوە، ڕاشیگەیاند: پەیوەندییە کەلتورى و زانستیەکان لە رێگەى کۆنسڵگەى ئیتاڵیا بێت، یاخود ڕاستەوخۆ لە نێوان زانکۆکانى هەردوو لا بێت، خزمەتى بەهەردوو گەل دەکات، چونکە پێگەى زانکۆ ئیتاڵیەکان لە بوارى خوێندنى باڵادا دیارە.

لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: وەزارەت بایەخى زۆر بە توێژینەوەى زانستى دەدات، بۆیە گرنگە ئاستى ئەو هاریکارییە شۆڕبکەینەوە بۆ نێوان سەنتەرەکانى توێژینەوە، بۆ ئەوەى پڕۆژەى توێژینەوەى هاوبەش لە بوارە جیاکاندا ئەنجام بدەن و ، خوێندکاران لە ئاستە جیاکانى خوێندنى باڵا ئاڵوگۆڕ پێبکەین تا پردێکى باشى مەعریفى و ئەکادیمى دروست بکەین، بۆ ئەوەش د. یوسف گۆران ئامادەیى وەزارەتەکەى پیشاندا بۆ ئەو خوێندکار/ قوتابیە ئیتاڵیانەى کە توێژینەوەیان لەبارەى کوردستان لە بوارە جیاکاندا هەیە، ڕونیشیکردەوە لەو ڕێگەیەوە دەتوانین دەرگاى زیاتر لە نێوانماندا بکەینەوە و لەسەرجەم بوارە سیاسى و ئابورى و دیبلۆماسیەکاندا هاریکارو هەماهەنگى یەکتر بین.