ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا هاوکارى سێکتەرى خوێندنى باڵاى هەرێمى کوردستان دەکات

وه‌زیری خوێندنی باڵا پێشوازی له‌ كونسڵی ئه‌مریكا ده‌كات

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە پاڵ بەرزنرخاندنى پشتیوانییەکانى ئەمریکا لەڕوى  سیاسى و سەربازى و مرۆیى بۆ گەلى کوردستان، ڕایدەگەیەنێت پشتیوانییە زانستى و ئەکادیمییەکانى حکومەتى ئەمریکا بۆ سێکتەرى خوێندنى باڵاى کوردستان و پێشخستنى ئاستى زانکۆکان بەگرنگ دەزانین.

ئەم لێدوانەى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتى (١٧/٩/٢٠١٩) لەمیانى پێشوازیکردنى هات لە ستیڤ فەیگن کونسوڵى گشتى ئەمریکا لە هەرێمى کوردستان بە یاوەرى وەفدێکى کونسوڵخانە.

لەدیدارەکەدا کە هەریەک لە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت ئامادەیبون، ستیڤ فەیگن کونسوڵى گشتى ئەمریکا لە هەرێمى کوردستان خۆشحاڵى خۆى نیشاندا بەسەردانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و بۆ ئەم مەبەستەش کورتەیەکى لەبارەى کارو پرۆژەو هەماهەنگیەکانیان لەگەڵ هەریەک لە دامەزراوەکانى خوێندنى باڵاى کوردستان ڕونکردەوە، بەتایبەت بەرنامەى ئاڵوگۆڕى سەرکردەى گەنج کە تایبەتە بە ناردنە دەرەوەى خوێندکاران و بەرنامەى فول برایت و ئاڵوگۆڕى خوێندکارى خوێندنى باڵا و پێشخستن و پەرەپێدانى سێنتەرەکانى بەکارخستن و پرۆگرامى بەستنەوەى زانکۆکانى هەرێم بە زانکۆکانى ئەمریکا و بەرنامەى ئاڵوگۆڕى کلتورى و فەرهەنگى و پەرەپێدانى زمانى ئینگلیزى.

لەلایەن خۆشیەوە د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى بەخێرهێنان وەفدى کونسوڵخانە، هاوکارى و هەماهەنگى ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکاى بۆ گەلى کوردستان بە  بایەخ و گرنگ وەسفکرد، بۆ ئەمەش کورتەیەکى لەبارەى پشتگیرى حکومەت و گەلى ئەمریکا باسکردو ڕایگەیاند: سوپاسى پشتیوانیتان دەکەین کە ساڵانێکە قوربانى زۆرتان داوە بۆ پشتیگرى گەلانى ناوچەکەو گەلى کوردستان بەتایبەتى، هاوکارییەکانتان بۆ گەلەکەمان جێگەى و پیزانینە بە ڕێزەوە سەیرى دەکەین، لەبارەى هەماهەنگى سێکتەرى خوێندنى باڵاش وەزیرى خوێندنى باڵا دوپاتیکردەوە: لەنێو هەموو ئەو هاوکارى و پشتیوانییەتان بۆ گەلەکەمان، هاوکارى زانستى گرنگتان پێشکەش بە زانکۆ و دامەزراوەکانمان کردوە، بەتایبەت لە بوارى سەرکردەى ئەکادیمى و پێشخستن و پەرەپێدانى سێنتەرەکانى بەکارخستن لە زاکۆکان و ئاڵوگۆڕى مامۆستاو خوێندکاران و چەندین بوارى دیکە. بۆیە بۆ بەرەو پێشبردن و پێشخستنى ئاستى زانکۆ و دامەزراوە زانستیەکانمان پشتیوانى زیاترى کارەکانمان بن بەردەوامى پێبدەن.

لە بەشێکى دیکەى وتەکەیدا د. ئارام محمد ڕایگەیاند: بەشێوەیەکى گشتى سیستم و فەلسەفەى خوێندن لە ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا بۆ ئێمە جێگەى بایەخ و گرنگیە، کاتێک دەمانەوێت ئامانج و پلانەکانمان بۆ پێشخستنى سێکتەرى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان بچێتە پێشەوە، پێویستمان بەهاوکارى و هەماهەنگى زیاترى دامەزراو و ناوەندە زانستیەکانى ئێوە دەبێت، چاوەڕێى ئەوەین زیاتر هاوکارمان بن بۆ پەرەپێدانى ئەم پەیوەندییانە و پێشخستنى ئاستى زانکۆکانمان و دروستکردنى پەیوەندى ڕاستەوخۆ لە نێوان دامەزراوەکاندا.

لە کۆتایى دیدارەکەدا چەند بابەتێکى پەیوەست بە پلان و بەرنامەى چوار ساڵى کارکردنى وەزارەت و ئەو بوارو بابەتانەى پەیوەستن بە ئاستى زانکۆکان بەگشتى گفتوگۆیان لەبارەوەکرا.