لە ماوەی ٦ مانگی ڕابردوودا زیاتر لە (٣٥) ملیۆن دۆلاربۆ کاندیدەکانی بەرنامەی تواناسازی خەرج کراوە.

newsitem-1595-06.09.2013-ku.jpg

 ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە
ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا زیاتر لە (٣٥) سی و پینج ملیۆن دۆلار  بۆ کاندیدەکانی بەرنامەی تواناسازی خەرج کردووە.

ڕۆژی هەینی ٦/٩/٢٠١٣ لە سایتی (ئاوێنە) بابەتێک بڵاوکراوەتەوە لە ژێر ناونیشانی(بەریتانیا: خوێندکارانی تواناسازی هەڕەشەی خۆپیشاندان دەکەن)، وەزارەتی خوێندنی باڵا و تویژینەوەی زانستیی بە پێویستی زانی ئەم ڕوونکردنەوەیە بخاتە بەر چاوی رای گشتیی و خوێنەرانی ئازیزی سایتی ئاوێنە و کاندیدەکانی بەرنامەی تواناسازی.

  • یەکەم: وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی بە شێوەیەکی کارا هەوڵی داوە خەرجکردنی مافە داراییەکانی کاندیدانی بەرنامەی تواناسازی دوا نەکەوێت. لە ماوەی نیوان (١٤ / ٢ / ٢٠١٣)  تا (٢٥ / ٨/ ٢٠١٣ ) واتا لە ماوەی شەش مانگ دا لەچوارچێوەی (٨) لیستی یەک لە دوای یەکدا چەکی موستەحەقاتی دارایی بۆ (١٥٩٩) کاندیدی بەرنامەی تواناسازی خەرج کراوە کە کۆی گشتی پارەی خەرج کراو بۆ کاندیدانی تواناسازی لە ماوەی ئەو شەش مانگەدا بریتییە لە (٣٥٠٣١٥٢٥) (سی و پێنج ملیۆن و سی و یەک هەزار و پێنج سەد و بیست و پێنج)  دۆلار. هاوکات وەزارەتی خوێندنی باڵا ئامادەکاری تەواوی کردووە کە لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا  لیستی ژما رە (٩) ی مۆستەحەقاتی دارایی کاندیدەکانی بەرنامەی تواناسازی ڕابگەیەنێت کە ژمارەیان (٢١١) کاندیدە و هەموو ئەو بەڕێزانە دەگرێتەوە کە لە مانگی (٩) ی ٢٠١٣ دا دەبێت موستەحەقاتی دارایی وەربگرن .

  • دووەم: خەرجکردنی دەرماڵەی هاوڕێیەتی هاوسەر بە بێ کێشە خەرج دەکرێت و هەموو ئەو کاندیدە بەڕێزانە دەگرێتەوە کە هاوسەرەکانیان لەکاتی خوێندن دا هاوڕێەتییان دەکەن. 


  • سێهەم: دەربارەی ماوەی دابڕان (گاپ) لە نێوان کۆرسی زمان و کۆرسی ئەکادیمی و ماوەی داوی تەواوکردنی کۆرسی ئەکادیمی:

 وەک ئاگادارن کە لە سەرەتای دەستپێکردنی بەرنامەی تواناسازییەوە وەزارەتمان لەکاتی بونی دابڕان (گاپ) لە نێوان کۆرسی زمان و کۆرسی ئەکادیمی تا دوو مانگ دەرماڵەی بۆ سەرجەم کاندیدەکان خەرج کردووە، هەروەها لە دوای تەواوبوونی ماوەی دیاریکراوی خوێندنی ئەکادیمی تا دوو مانگ مۆڵەتمان بەکاندیدەکان داوە بۆ ئەوەی کاروبارەکانی ئاهەنگی دەرچوون و وەرگرتن و ڕاستاندنی بڕوانامەکانی تێدا ئەنجام بدەن، لە ماوەی ئەو دوو مانگەش دا دەرماڵەی تەواو بە کاندیدەکان دراوە. بەڵام لە مانگی ٨/٢٠١٢ دا لەلایەن بەشی وردبینی و دارایی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران پێیان ڕاگەیاندین کە سەرفکردنی ئەو دەرماڵانە لە ڕووی یاسایی و داراییەوە گرفی هەیە و بنەمایەکی یاسایی نییە پشتی پێ ببەسترێت بۆ خەرجکردنی، بە پێی یاسا دەبێت دەرماڵەی خوێندن تەنها بۆ ماوەی دیاریکراوی کۆرسەکان خەرج بکرێت، هەر بۆیە بۆیە ئەو دەرماڵەیە لەلایەن دارایی و وردبینییەوە ڕاگیرا.

دوای گفت و گۆی ورد لەگەڵ بەڕێزانی بەرپرسی دارایی لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران،  وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاری دا نامەی فەرمی پیشکەش بە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی بەڕێز بکات  بۆ بڕیاردان لەسەر ئەم پرسە.

  • چوارەم: دەربارەی ئەو کاندیدانەی کە بابەتەکەی ئاوێنەدا ئاماژەی پێکراوە کە گوایە تا ئێستا پارەی خوێندنیان بۆ خەرج نەکراوە، وەزارەتمان هەموو کاندیدەکان و ڕای گشتیی دڵنیا دەکات کە لە ئێستادا خەرج کردنی موستەحاقاتی دارایی کاندیدەکان بە خێرایی و بە کارایی بەڕێوە دەچێت، هەر کاندیدێک لەم بارەیەوە  گرفتێکی هەیە تکایە با لەڕێگەی یەکێک لەم ئیمەیلانەی لای خوارەوە پەیوەندیمان پێوەبکات بۆ ئەوەی بەزووترین کات هاوکاری بکەین.

  1.   zankmed@gmail.com
  2.     hcdp.inquiries@mhe-krg.org
  3.     govand.sherwani@mhe-krg.org


وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی  ٦/٩/٢٠١٣