وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکان لەگەڵ ئەوەى توانیویانە بەشێک لە بۆشاییەکانى بازاڕى کارى کوردستان پڕبکەنەوەو خۆیان لەگەڵ ڕەوتى گەشەکردنى ئابورى بگونجێن، بەڵام پێویستیان بە لێکگەیشتنى هاوبەش و کاریگەرى زیاترە لە نێوان زانکۆ و بازاڕى کارى کوردستان.
ئەم ڕاگەیاندنەى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئێوارەى ئەمڕۆ دوشەممە ڕێکەوتى (٢٦/٨/٢٠١٩) لەمیانى بەشداریکردنى هات، لە کۆبونەوەى ئەنجومەنى زانکۆى پۆلیتەکنیکى دهۆک، کە تیایدا هەریەک لە سەرۆکى زانکۆ و ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت و ڕاگرى کۆلێژەکان و بەڕێوەبەرى بەشەکانى زانکۆ ئامادەبوون.
لەسەرەتاى کۆبونەوەکە د. عەدنان محسن سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى دهۆک دواى بەخێرهێنانى وەزیرى خوێندنى باڵا و ستافى وەزارەت لە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى، لە وتەیەکدا هیواى خواست لەمیانى کۆبونەوەیان لەگەڵ وەزارەت بتوانن لێکگەیشتنى هاوبەش و کاریگەر لە نێوان زانکۆکان و بازاڕى کارى کوردستان دروست بکەن.
د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وێڕاى دەربڕینى خۆشحاڵى بە کۆبونەوەى لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانى ئەنجومەنى زانکۆى پۆلیتەکنیکى دهۆک، لەوتەکەیدا باسى لە گرنگى خوێندنى تەکنیکى لە هەرێمى کوردستان کردو ڕایگەیاند: خوێندنى تەکنیکى یەکێکە لە ئەولەویاتە هەرە گرنگەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان، چونکە ئەم خوێندنە تەنها تایبەت نیە بەهەرێمى کوردستان، بەڵکو بابەتێکى نێودەوڵەتیە و، وڵاتان بۆ پێشخستنى بارى ئابورییان بایەخى زۆرى پێدەدەن.
رونیشیکردەوە نامانەوێ زانکۆ تەنها بڕوانامە بدات و فەرمانبەر بۆ کەرتى گشتى ئامادەبکات، بەڵکو پێویستە زانکۆ کارامەیى و پیشەیی بۆ خوێندکارانى دروست بکات، تا دواى تەواوکردنى خوێندن بتوانن دەرفەتى کار بۆ خەڵکى دیکە بڕەخسێنن و لە بازاڕى کارى کوردستاندا هەلی کارى گونجاویان بۆ بەدەست بێنن، بۆیە لە ئێستادا زانکۆ پۆلیتەکنیکەکانى کوردستانیش دەتوانن ئەو رۆڵە ببینن و کادیرى ناوەندى دروست بکەن و پێداویستیەکانى بازاڕى کارى کوردستان دەستەبەر بکەن و خوێندکارى کارامە بۆ بازارى کار پێ بگەێنن.
لە بەشێکى دیکەى وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە سەرۆک و ئەندامانى ئەنجومەنى زانکۆى پۆلیتەکنیکى دهۆک-ى ڕاگەیاند: بەهەمومان دەمانەوێت نەخشە ڕێگەیەک بۆ کارکردنى پێکەوەیی دابنێین و لە کەمترین ماوەدا زۆرترین دەستکەوت بۆ زانکۆى پۆلیتەکنیکى دهۆک و زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکان دەستەبەر بکەین،و پێداویستییەکانى بازاڕى کارى کوردستان دەستەبەربکەین.
لە کۆتایى قسەکانیدا د. ئارام محمد باسى لە کارنامەى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان کردو بۆ ئەمەش وتى: ئومێدى هەموانە ئەم کابینەیە بتوانێت بەشێکى زۆر لە داواکارى خەڵکى کوردستان و پرۆژەى ستراتیژى بۆ سێکتەرە جیاوازەکان بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمەش بە هاوکارى و هەماهەنگى سەرجەم سێکتەرو دامەزراوەکان دێتە دى، بۆیە داواتان لێدەکەم هەمووان هاوکارى یەکتر بین بۆ گەشەپێدانى زانکۆکانى کوردستان، چونکە پشکى شێرى ڕیفۆرم لە خوێندنى باڵا کەوتۆتە ئەستۆى زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکان.
لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا پلانى چوار ساڵى کارکردنى زانکۆ و بەشدارى ئەندامانى ئەنجومەنى زانکۆ لە دەستنیشانکردنى بەرنامەى کارکردن، گفتوگۆى لەبارەوە کراو هەریەک لە ڕاگرى کۆلێژ و پەیمانگەکانى زانکۆى پۆلیتەکنیکى دهۆک پێشنیازى زیاتریان لەبارەى پەرەپێدانى زانکۆکەیان خستەڕوو.