ئەنجامە بەراییەکانی ناردنەدەرەوە بۆ تورکیا و قبرس

newsitem_1251_14.02.2012_ku.jpg

دوای ئەوەی لەلایەن ژمارەیەک لە زانکۆکانی وڵاتی تورکیا و قبرس (٣٠) کورسی خوێندن بۆ پێشکەشکارانی هەرێمی کوردستان دابین کرا، لەلایەن فەرمانگەی ناردن و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵاوە بە میکانیزمێکی گونجاو پرۆسەی پێشکەشکردن و پاڵاوتنی کاندیدە سەرکەوتووەکان ڕێكخرا.

زۆر گرنگە پێشکەشکاران بزانن کە لە چوارچێوەی ئەم بەرنامەیەدا تەنها کرێی خوێندنی ئەکادیمی دابین کراوە، خەرجییەکانی تری خوێندن وەک (خەرجی سەفەر، کرێی کۆرسی زمان، بژێوی ژیانی مانگانە) دەکەوێتە ئەستۆی پاڵێوراو، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پێێ یاسا تەنها موچەی بنەڕەتی و دەرماڵەجێگیرەکان بۆ پاڵێوراوانی ئەم بەرنامەیە دابین دەکات.

شایانی ئاماژەپێکردنە کە ڕێنماییە داراییەکانی بەرنامەی تواناسازی پاڵێوراوانی ئەم پرۆسەیە ناگرێتەوە لەبەر ئەوەی مەرجەکانی پاڵاوتن بۆ ئەم پرۆسەیە جیاوازە لەگەڵ مەرج و ڕێسا و ڕێنماییەکانی بەرنامەی تواناسازی. 
لە قۆناغی یەکەمی پرۆسەکەدا لە ڕێگای ماڵپەڕی سەرەکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە لایەنی دارایی ئەم پرۆسەیەمان روون کردەوە و داوامان لە پێشکەشکاران کرد کە ئەوانەی بەو مەرج و ڕێنماییانە قایلن لە ڕێگای ئیمەیڵەوە وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاگادار بکەن. لەئاکامدا پیشبڕکێ لە نێوان ئەو پێشکەشکارانەدا ئەنجام درا کە بە مەرج و ڕێنماییە داراییەکانی ئەم بەرنامەیە قایلن.

ئەم بڵاوکراوەیە بریتییە لە ئەنجامە بەراییەکانی پرۆسەی پاڵوتنی کاندیدە سەرکەوتووەکان بۆ خوێندن لە زانکۆکانی تورکیا و قبرس، ئەو پێشکەشکارانەی سکاڵایان لەسەر ئەنجامە بەراییەکان هەیە دەتوانن لە ڕۆژانی ١٤-١٩/ ٢/ ٢٠١٢ لە ڕێگای ئیمەیڵی
(
cy-tr.appeals@mhe-krg.org) سکاڵآکانیان بنێرن. ئەنجامە کۆتاییەکانی ئەم پرۆسەیە لە دوای سەیرکردنی سکاڵاکان و وردبینی دۆکیومێنتەکان ڕادەگەیەنرێت.