لێژنەى گواستنەوەى پەیمانگە ئیسلامیەکان بۆ سەر وەزارەتى خوێندنى باڵا چەند پیشنیازێک دەخەنەڕوو

111111_0.jpg

 لەبەر رۆشنایى بڕیارى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیرانە, کە تایبەتە بە گواستنەوەى پەیمانگەکانى سەر بەوەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئاینى بۆ سەر وەزارەتى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى و وەزارەتى پەروەردە، لە ماوەى چەند ڕۆژى ڕابردودا لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى بە فرمانێکى وەزارى لێژنەیەک بۆ جێبەجێکردنى بڕیارەکە پێکهێنراوەو، لەیەکەم کۆبونەوەشیدا چەند پێشنیازێکى تاوتوێ کرد.

لەو بارەیەوە عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە لێدوانێکیدا بۆ سایتى وەزارەتەکەمان ڕایگەیاند: وەزارەتى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى لەبەر ڕۆشنایى فرمانى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران کە تایبەتە بە گواستنەوەى پەیمانگەکانى سەر بەوەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئاینى بۆ سەر وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستىى، بە فرمانى وەزارى ژمارە (٧٣٤٧) لە ڕێکەوتى (١٤/٤/٢٠١٥) بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەکى فراوان بۆ جێبەجێ بڕیارەکە دەرکرا.

عەباس ئەکرەم ڕونیکردەوە لێژنەکە جگە لە نوێنەرى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى, لەهەمان کاتدا نوێنەرى وەزارەتەکانى ئەوقاف و کاروبارى ئاینى و دارایى و ئابورى-یش تیایدا ئەندامن، ئاشکراشى کرد لێژنەکە لە یەکەم کۆبونەوەیدا بڕیاریدا ژمارەى ئەو پەیمانگەیانەى کە بڕیارە دەیانگرێتەوە لەگەڵ بەشەکانیان و ئامارى ورد لەسەر مامۆستاو خوێندکار و فەرمانبەرانى ئەو پەیمانگەیانە ئامادەبکرێت. ڕونیشکردەوە لێژنەکە پێشنیازی ئەوەشیکرد کە زانیارى تەواو لەسەر ژێرخانى دارایى و سەرچاوەى بودجەو داهاتەکانیان تاوتوێبکرێت، جیا لەوەش لێژنەکە پێشنیازى کرد میکانیزمێک بۆ پێدانى بڕوانامە بەوانەى پێشتر لەو پەیمانگەیانە دەرچوون دابنرێت، چونکە لە ئایندەدا ئەو دەرچوانە لە کاتى مامەڵە پێویستیان بە بڕوانامەى پەیمانگەکەیان دەبێت.

جێگەى ئاماژەیە لە (٥/٤/٢٠١٥) سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران بە فرمانى ژمارە (٢٦٣٦) بڕیاریدا بە گواستنەوەى سەرجەم خوێندنگەو پەیمانگەکانى خوێندنى ئیسلامى سەر بەوەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئاینى بۆ سەر وەزارەتەکانى (خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و, پەروەردە).