خولی سێیەمی بەرنامەی تواناسازی

 مژدە بە دەرچوانی زانکۆکان و گەنجانی کوردستان دەدەین کە لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا خولی سێیەمی پێشکەشکردن بۆ بەرنامەی تواناسازی ڕادەگەیەنین. داواکارین لەو خوازیارانەی کە دەیانەوێت بۆ خولی سێیەم داواکاری پێشکەش بکەن با لە ئێستاوە خۆیان ئامادەبکەن، بەتایبەتی لە ڕێگای دەستەبەرکردنی ئەو پێداویستیانەی کە لە پێشبڕکێکەدا سوودی لێوەردەگرن، ئەوانەش بریتین لە:

  1. ئەنجامدانی یەکێک لە تاقیکردنەوەکانی ستانداردی توانستی زمانی ئینگلیزی (TOEFL, IELTS, PASSWORD, PEARSON, ESOL).
  2. هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی ئۆفەری خوێندن لە یەکێک لە زانکۆ پێشکەوتووەکانی دونیا کە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە  وەک لیستی تواناسازی باوەڕیپێکراوە. 

مەرجەکانی وەرگرتن بریتیین لە هەمان مەرجە گشتییەکانی بەرنامەی تواناسازی، واتە دەبێت پێشکەشکار کۆنمرەی بەکالۆریۆسی لە ٦٥% کەمتر نەبێت یان لە چارەکی یەکەمی ڕیزبەندی دەرچوانی خولەکەیدا بێت. ئەگەر هاتوو پێشکەشکار توانی لە یەکێک لە باشترین (٢٥) زانکۆکەی دونیا (بەپێی لیستی شانگهای بۆ ریزبەندیکردنی زانکۆکانی جیهان) ئۆفەری بێمەرج بەدەستبهێنێت و لە تاقیکردنەوەی تۆفلی توانستی زمانی ئینگلیزیدا نمرەی (٥٥٠) بەدەستبهینێت، ئەوا لە مەرجی کۆنمرە دەبەخشرێت و دەچێتە پێشبڕکێوە. 

هاوکات پێویستە تەمەنی پێشکەشکار بۆ خوێندنی ماستەر لە ٣٥ ساڵ و بۆ خوێندنی دکتۆرا لە ٤٠ ساڵ زیاتر نەبێت.

بۆ ئاگاداریتان لە خولی سێیەمدا پێنج خاڵی زیاد دەبەخشرێتە کەسوکاری پلە یەکی شەهیدان و ئەنفالکراوان. 

لە ئایندەیەکی نزیکدا کۆی مەرجەکانی پاڵاوتن و سیستەمی خاڵبەندی نوێ بڵاودەکەینەوە، بۆیە داواتان لێدەکەین کە بەردەوام سەردانی ماڵپەری سەرەکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بکەن.