لەسەردانێکى بۆ سەنتەرى توێژینەوەى زانستى

ئەمڕۆ کاتژمێر 9ى بەیانى،پرۆفیسۆر دلاوەر عەبدولعەزیز عەلائەدین وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، بە یاوەرى شاندێکى زانکۆى سەلاحەدین کە پێک هاتبوو لە د.ئیبراهیم حەمە رەش یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و د.دارا جاف بەرێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی زانستی سەردانی سەنتەرى توێژینەوەى زانستى زانکۆى سەڵاحەدینى کرد.
وەزیرى خوێندنى باڵا "پێویستە بە زوترین کات  خاوەن ماستەرەکانى ئەم سەنتەرە بنێردرێنە دەرەوە بۆ وەرگرتنى دکتۆرا و پەرەپێدانى تواناکانیان".
لە سەردانەکەی بۆ  سەنتەرى توێژینەوەى زانستى زانکۆى سەڵاحەدین و دواى بەسەرکردنەوەى  بەشەکانى، لە دانیشتنێکى لەگەڵ سەرۆکى سەنتەر و ستافەکەى، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى داوایکرد بەزووترین کات دانیشتنێکى تایبەت لە نێوان وەزارەت و کۆلێجەکانى ترى زانستى و سەنتەرى نابراو رێکبخرێت بۆ ئەوەى "گرفتى تاقیگەکانى زانکۆى سەڵاحەدین بە بەرنامەیەکى تۆکمەوە چارەسەرى بۆ بدۆزرێتەوە".
لە سەردانەکەیدا، کە لەلایەن سەرۆکى سەنتەر و ستافى سەنتەرەکە پێشوازیان لێکرا، لە نزیکەوە کەموکوڕى و پێداویستیەکانییان بۆ وەزیرى خوێندنى باڵا روونکردەوە، لەبەرامبەریشدا وەزیرى خوێندنى باڵا ئاماژەى بەوە کرد، کە ئامانج لەسەردانەکەى بۆ ئەوەیە، کە لە نزیکەوە گوێى لە راوبۆچوون و کەموکوڕییەکان ببێت، هەروەک جەختى لەسەر  پێویستى کارى هەمەلایەنە کرد و گوتیشى " وەزارەت خاوەنى گۆچانى سحرى نییە، دەبێ تەرکیزى زیاتر لەسەر تواناى کار بکرێتەوە، نەک کردنەوەى بەشى زیاتر بەبێ ئیمکانیاتى ماددى و مەعنەوەى، بۆیە پێویستمان بە دانیشتنێکى تایبەت هەیە و هەوڵەکانمان لەسەر ئەوەندە چڕ بکەینەوە، کە پێماندەکرێت و بۆمان دەلوێت".
وەزیرى خوێندنى باڵا بە پێویستى زانى ، کە ستافى سەنتەرى ناوبراو، ئەوانەى ماستەر و دکتۆرایان هەیە، بنێردرێن بۆ دەرەوەى وڵات، تاوەکو بە زانستێکى باشتر و سەردەمییانە  بگەڕێنەوە بۆ خزمەتى سەنتەرى توێژینەوەى زانستى.
پێویستە پڕۆسەیەکمان هەبێ بۆ بەردەوامى کڕینى ئامێرەکان، بەڵام دەبێ ئەولەویەت هەبێت.
دواتر وەزیرى خوێندنى باڵا سەردانى کۆلیژى زانستى کرد و لە لایەن پرۆفیسۆر نازم جەلال راگرى کۆلیژ و سەرۆکى بەشەکان پێشوازی لێکرا، دواى ئەوە گشت تاقیگەى بەشەکانى کۆلیژى ناوبراوى بەسەر کردەوەو لە نزیکەوە گوێى لە گرفتى خوێندکاران و مامۆستایان گرت .
سەبارەت بە کەموکوڕیی تاقیگەکانیان، وەزیرى خوێندنى باڵا  ئاماژەى بەوەکرد، داواکارییەکان لە جێگەى خۆیدایە، بۆیە دەبێت میکانزمێکى گونجاو بۆ چارەسەرییەکان دابنرێت و پێویستە پڕۆسەیەک هەبێت بۆ بەردەوامى کڕینى ئامێرەکان، بەڵام دەبێ ئەولەویەت هەبێت.
هەروەک گوتیشى " پێویستە بەربەستى نێوان وانە وتنەوەو توێژینەوە نەهێلێن،چونکە تەواوکەرى یەکترن".
چارەسەرە هەنوکەییەکان پێویستە بخرێتە جێبەجێکردن
دواتر پڕۆفیسۆر دلاوەر عەلائەدین وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و بە یاوەرى د. ئەحمەد دزەیى سەرۆکى زانکۆى سەڵاحەدین سەردانى کۆلیژى هونەرە جوانەکانى کرد، و لە لایەن د.فازل عەلى جاف ڕاگرى کۆلیژى هونەرە جوانەکان و سەرۆک بەشەکانى موزیک، شانۆ، شێوەکار و سینەما پێشوازیان لێکرا. دواى دانیشتن لەگەڵ ستافى کۆلیژ، گوێى لە بیروبۆچوونى مامۆستاکان گرت.
دواتریش  سەردانى بەشەکانى کۆلیژى کرد، لە نزیکەوە گوێى لە داواکارى خوێندکاران گرت و ئاماژەى بە گرنگى پڕۆسەى دڵنیایى جۆر کرد و بە خوێندکارانى گوت " ئەم پڕۆسەیە ماف و ئەرکى ئێوە دیاریدەکات و دەیسلەمێنێ، کە خوێندکار مەکانەتێکى بەرزى هەیە و پێویستە گوێى لێبگیرێت".
لە بارەى پێداویستییەکانیشەوە وەزیرى خوێندنى باڵا بە ستافى کۆلیژى ڕاگەیاند، کە دەبێ دانیشتنێکى تایبەت بکرێت، بۆ ئەوەى گرفتە ئانییەکان چارەسەر بکرێت و درێژخایەنەکانیش بخرێتە بەرنامەى کارەوە.