ماوەى پێشکەشکردن درێژکرایەوە و توانستى کۆمپیوتەریش دوادەخرێت

دوابەدواى راگەیاندنى کردنەوەى خوێندنى ماستەر دکتۆرا لە بەشە زانستى و سەنتەرە زانستییەکانى لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، و دیارکردنى کاتى پێشکەشکردن لە 18/10/2010 تاکو 2/11/2010، ئەمڕۆ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە راگەیاندنێکى تازە، بڕیاریدا بە درێژکردنەوەى ماوەى پێشکەشکردن بۆ 4/11/2010 .


لەهەمان کات رەزامەندى لەسەر ئەوەش درا، کە پێشکەشکار ئەگەر (توانستى کۆمپیوتەر)ی نەبێ، ئەوا مافى بەشداریکردنى لە(ئەزموونى زانستى) پێ دەدرێ، بە مەرجێک دەبێ (بەڵێننامە) بنوسێ، کەوا لە ماوەیەکى دیارى کراودا بڕوانامەى (توانستى کۆمپیوتەر) دەستەبەر بکات، بە پێچەوانەوە وەرگرتنەکەى هەڵدەوەشێتەوە