پەیامی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە شەشەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی ئێزیدییان

پەیامی وەزیر

لە شەشەمین ساڵیادی داگیرکردنی شنگال و جینۆسایدکردنی خوشک و برایانی ئێزیدی لەلایەن تیرۆرستانی داعشەوە، بە ناوی خۆمان و سەرجەم کۆمیونیتی ئەکادیمی لە هەرێمی کوردستان هاوخەمی خۆمان بۆ تەواوی گەلی کوردستان و بەتایبەتی خوشک و برایانی ئێزیدی دەرئەبڕین، کە لە ئەنجامی هێرشی دڕندانەی تیرۆرستانی داعش بۆسەر شنگال و دەوروبەری بە هەزاران مرۆڤی بێتاوان لە خوشک و برایانی ئێزیدی دوچاری کۆمەڵکوژی و دەربەدەری بونەوە و جینوسایدکران. هاوشێوەی کارەساتی ئەنفال و کیمابارانی هەڵەبجە و چەندین کارەساتی تر کە لەلایەن دوژمنانی گەلەکەمان بەسەر میلەتەکەماندا هاتوە، کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکانیش یەکێکە لە دڕندانەترین تاوان دەرهەق بە میلەتەکەمان و تەواوی مرۆڤایەتی لەلایەن تیرۆرستانی داعش ئەنجامدرا. لەم یادە خەمناکەدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی ئەم کۆمەڵکوژیە و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دائەنەوێنم و هەروەها ڕۆڵ و قارەمانێتی برا پێشمەرگەکان لە ئازادکردنی شنگال بەرز دەنرخێنم.

تاوانێکی کۆمەڵکوژی لەم شێوەیە دەکرێت دەیان و سەدان توێژینەوە و کاری ئەکادیمی لەسەر ئەنجام بدرێت، بۆیە لێرەدا بە پێویستی دەزانم کە داوا لە زانکۆکان و سەنتەرەکانی توێژینەوەی خوێندنی باڵا بکەم کە توانای خۆیان بخەنەگەڕ و بەردەوام توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی پێویست لەم بوارەدا ئەنجام بدەن بۆ ئەوەی لەڕووی زانستی و ئەکادیمییەوە ئەم تاوانە کۆمەڵکوژیە گەورەیە تۆمار بکەن و بە دنیادا بیناسێنن.

لە کۆتاییدا داواکارم لە حکومەتی  هەرێمی کوردستان کە هەوڵەکانی خۆی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ یەک بخات بۆ گەڕاندنەوەی هەموو ئەوانەی لەئەنجامی ئەم کارەساتە ئاوارە و دەربەدەربونە و هەوڵ بدرێت ناوچەکە ئاوەدانبکرێتەوە و هەروەها هەوڵ بدرێت بۆ دۆزینەوە و ڕزگارکردن و گەڕاندنەوەی هەموو ئەو ڕفێندراو و وونبوانەی کە لە ئەنجامی ئەم کارەساتە تاکو ئێستا چارەنووسیان دیارنیە.

 

د. ئارام محمد قادر

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی

٣ی ئابی ٢٠٢٠