د.یوسف گۆران: سەنتەرەکانى بەکارخستن یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکان وەزارەتى خوێندنى باڵا

senter.jpg

 بەئامانجى کاراکردنى سەنتەرەکانى بەکارخستن لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، وەفدێکى ڕێکخراوى ئایرێکس سەردانى دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستی کرد.

لە دیدارێکدا کە بەئامادەبونى د.خەتاب شێخانى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى کارگێڕى و دارایى لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى و، دیلان عەقراوى ڕاویژکارى جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەڕێوەچوو، لەسەرەتادا خاتوو (لۆرا مەسۆن) بەڕێوەبەرەى پڕۆژەکان لە ڕێکخراوى ئایرێکس کورتەیەکى لە بارەى دواین کارو پڕۆژەکانیان سەبارەت بەسەنتەرەکانى بەکارخستن لە زانکۆکان خستەڕو, هەروەک ئاماژەى بەو کێشەو گرفتانە کرد کە ڕوبەڕوى کارەکانیان دەبێتەوە، لەهەمان کاتدا کۆمەڵێک پێشنیازى خستەڕوى بۆ کارى داهاتوى ڕێکخراوەکەیان لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ زوتر کەوتنە سەر کارى سەنتەرەکانى بەکارخستن لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان.

لە بەرامبەردا د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى ئەوەى بە گرنگیەوەیە باسى لە پڕۆژەکە کرد، ڕاگەیاند: شانبەشانى پڕۆژەى ڕێزبەندى نیشتیمانى بۆ زانکۆکانى کوردستان و, پڕۆژەى بەرزکردنەوەى ئاستى زمانى ئینگلیزى لە زانکۆکان، سەنتەرەکانى بەکارخستن-یش یەکیکە لە پڕۆژە گرنگەکانى وەزارەتەکەمان و، حکومەتى هەرێمى کوردستانیش پالپشتى سەرەکى سەرخستنیەتى، هەروەک سوپاسى ڕێکخراوى ئایرێکسى کرد کە هەماهەنگى بەردەوامى لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا و  زانکۆکان هەیە بۆ کاراکردنى سەنتەرەکانى بەکارخستن.

هەر لەو دیدارەدا کە ئەمڕۆ دووشەممە, ڕێکەوتى (٢١/٩/٢٠١٥) بەڕێوەچوو، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاگەیاند: گرنگى سەنتەرەکانى بەکارخستن لەوەدایە کە زانکۆکان دەبەستێتەوە بەبازارى کارى کوردستان و، خوێندکار بەر لەوەى زانکۆ تەواو بکات دەتوانێت ئاشنا بێت بەکارى بازار و کۆمپانیا و کەرتى تایبەت لە کوردستان, لەهەمان کاتدا کۆمپانیاکانیش ئاشنایى تواناو شارەزایى خوێندکارانى زانکۆ دەبن، د.یوسف گۆران ڕونیشیکردەوە شانبەشانى کردنەوەى سەنتەرەکانى بەکارخستن, لە ئێستادا ئێمە کار لەسەر گۆڕینى پڕۆگرامەکانى خوێندن دەکەین، بەشێوەیەک بەسود وەرگرتن لە لایەنە پەیوەندارەکانى پڕۆگرامەکانى خوێندنیش دەبەستینەوە بەپێداویستیەکانى بازار و، لەو چوارچێوەیەشدا هەنگاوى کرداریمان ناوە.

سەبارەت بەو گرفتانەش کە ڕوبەڕوى کارەکانیان دەبێتەوە, وەزیرى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى بەڵێنى بە وەفدى میوان دا, دواى دەستنیشانکردنى کێشەکان بەوردى چارەسەرى هەمویان بکەن تا (خوێندنی باڵا)ش ببێتە بەشێک لە ئابورى کوردستان و سەرچاوەیەکى گرنگى داهات بێت بۆ کوردستان و، خوێندکارانیش کە زانکۆ تەواو دەکەن بەئاسانى دەرفەتى کاریان بۆ بڕخسێت.