(٢٤٠٤) تانەى خوازیارانى خوێندنى باڵا پێشکەش کراون و بەداواداچونى بۆ کراوە

ماستەر و دكتۆرا

وەزارەتى خوێندنى بالا و توێژینەوەى زانستى رایدەگەیەنێت لە داهاتویەکى نزیکدا ئەنجامى پرۆسەى تانەو سکاڵاى خوازیارانى خوێندنى دبلۆمى باڵاو ماستەرو دکتۆرا لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بۆ ساڵى (٢٠١٩-٢٠٢٠) رادەگەیەنرێت، کە لە ئێستادا لە قۆناغى کۆتایی پرۆسەکەدایە.

لەو بارەیەوە سەرتیپ خالص بەڕێوەبەرى خوێندنى باڵا لە فەرمانگەى توێژینەوەو پەرەپێدان لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە ماڵپەرى(www.mhe-krg.org) ى راگەیاند: دواى ڕاگەیاندنى ئەنجامى بەرایی پڕۆسەى خوێندنى دبلۆمى باڵا و ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانى کوردستان و پەسەندکردنى لە لایەن وەزارەتەوە، دەرگاى تانەگرتن بۆ ماوەى زیاتر لە هەفتەیەک لە زانکۆکان کرایەوە لە ڕێگەى ئەلیکترۆنى، لە ئەنجامدا (٢٤٠٤) تانە پێشکەش کرا، پاشان وەزارەت داواى لە زانکۆکان کرد کەوا لیژنەیەکى باڵا لە هەر زانکۆیەک پێکبهێنرێت بە مەبەستى دیراسەکردنى یەک بە یەکى تانەى پێشکەشکاران، بەڵام ڕاگەیاندنى قەدەغەى هاتوچۆ و ڕاگرتنى دەوامى دامەزراوە فەرمیەکانى حکومەت و ڕێککارەکانى وەزارەتى تەندروستى بۆ خۆپارێزى، واى کرد پرۆسەى دیراسەتکردنى تانەکان لەلایەن زانکۆکان دوابکەوێت بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنەوەى دەوام دەست کرایەوە بە دیراسەتکردنى تانەى پێشکەشکاران لە لایەن زانکۆکان.

هەروەک وتیشى لە ئێستادا بە نوسراوى فەرمى زانکۆکان راپۆرتى لیژنەى دیراسەتکردنى تانەکانیان ئاراستەى وەزارەت کردوە بە مەبەستى پەسەندکردنى و لە لایەن تیمی فەرمانگەوە دیراسەتى کۆنوسى لیژنەى تانەى زانکۆکان دەکرێت و لە قۆناغى کۆتایییدایەو لە ئایندەیەکى نزیک ئەنجامى تانەکان لەسەر وێبسایتى فەرمى زانکۆکان ڕادەگەیەنرێت.

هەروەها بەڕێوەبەرى خوێندنى باڵا ڕونیشیکردنەوە دواى تەواوبون و ڕاگەیاندنى ئەنجامى سکاڵاو تانەگرتنى خوازیاران و چەسپاندنى ناوى وەرگیراوانى دبلۆمى باڵا و ماستەر و دکتۆرا بۆ ساڵى (٢٠١٩-٢٠٢٠)، هەنگاوى دوەم دەست پێدەکات کە بریتییە لە جێبەجێکردنى بڕیارە نوێیەکانى ئەنجومەنى وەزارەت لەسەر پێشکەشکاران کە بریتی بو لە پڕکردنەوەى کورسیە بەتاڵەکانى دبلۆمى باڵاى یەک ساڵەى ئەکادیمی و پڕکردنەوەى کورسیە بەتاڵەکانى خوێندنى ماستەرو دکتۆرا بەخوازیارە دەرچوەکان لە تاقیکردنەوەى توانستى زانستى، هەروەها چارەسەرکردنى داواکارى ئەو خوازیارانەى لە تاقیکردنەوەى توانستى زانستى دەرچون و بەهۆى نەمانى کورسى، خوێندن وەرنەگیراون و هەروەها ئەو خوازیارانەى لە تاقیکردنەوەى توانستى زانستى دەرنەچون بەڵام کورسى بەتاڵ ماوەتەوە کە بۆ ئەم مەبەستەش رێنمایی و وردەکارى تایبەت بەم بابەتە لەلایەن وەزارەت ئامادە کراوەو لە ئایندەیەکى نزیک دەردەچێت و بڵاودەکرێتەوە.