زانکۆیەکى چیکى (٣٠) سکۆلەرشیپ پێشکەش بەهەرێمى کوردستان دەکات

CHIK00

زانکۆی پالسکى چیکى (٣٠) سکۆلەرشیپى لە بوارى پزیشکى پێشکەش بە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد.

لەو چوارچێوەیەدا و، ئەمڕۆ دوشەممە، ڕێکەوتى (١١/٦/٢٠١٨)، لە دیدارێکدا د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەگەڵ وەفدێکى زانکۆى پالسکى بەسەرۆکایەتى (پ. د.میللەر) گفتوگۆیان لەبارەى گەشەپێدان و فراوانکردنى پەیوەندى زانستى و ئەکادیمى نێوان هەرێمى کوردستان و، وڵاتى چیک کرا.

لەو دیدارەدا، کە بەئامادەبونى د.ئامانج سەعید ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، د.هاوڕێ مەنصور بەگ سەرۆکى بۆردى ئەمیندارانى لقى زانکۆى ئۆستراڤا لە هەولێر بەڕێوەچو، لەسەرەتادا سەرۆکى زانکۆى پالسکى چیکى دواى ئەوەى بەگرنگیەوە باسى لە گرنگى هەماهەنگى و ئاڵوگۆڕى مامۆستا و خوێندکار و توێژینەوەى هاوبەش بەتایبەت لە بوارى پزیشکى و ئارکیۆلۆژى کرا، بۆ ئەوەش سەرۆکى زانکۆکە (٣٠) کورسى خوێندن وەک سکۆلەرشیپ بۆ خوێندنى بەکالۆریۆس پێشکەش بەوەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد، کە (٢٠) کورسیان تایبەت دەبێت بە پزیشکى گشتى و، (١٠) کورسیەکەى دیکەش بۆ پزیشکى ددان دەبێت.

لەبەرامبەردا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى بەخێرهێنانى وەفدى میوان سوپاسیکردن بۆ پێشکەشکردنى ئەو ژمارە کورسیەى خوێندن بەخوازیارانى هەرێمى کوردستان، پێشى ڕاگەیاندن لە هەڵبژاردنى کاندیدەکاندا پڕۆسەیەکى شەفاف و ورد ڕەچاو دەکەین، لەهەمان کاتدا بنەماکانى ڕەخساندنى دەرفەتى یەکسان و دادپەروەرى کۆمەڵایەتى دەکەینە نەخشە ڕێگەى دەستنیشانکردنى کاندیدەکان.