وەزیرى خوێندنى باڵا بەدواداچون بۆ ئەنجامى پرۆسەى تانەو سکاڵاى پێشکەشکارانى ماستەرو دکتۆرا دەکات

تانە و سكاڵای خوێندنی باڵا

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەدواداچون بۆ دواین ئەنجامى پرۆسەى تانەو سکاڵاى پێشکەشکارانى خوێندنى  دبلۆمى باڵا و ماستەر و دکتۆراى (٢٠١٩-٢٠٢٠) لە زانکۆکانى کوردستان دەکات و لەکۆبونەوەیەکدا لەگەڵ ستافى وەزارەت لەنزیکەوە ئاگادارى دوایین ئەنجامى پرۆسەى تانەو سکاڵاى خوازیاران بو.

ئەمرۆ یەکشەممە رێکەوتى (٢٨/٦/٢٠٢٠) د.ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە مەبەستى لە نزیکەوە ئاگاداربون لە دوایین ئەنجامى پرۆسەى تانەو سکاڵاى خوازیارانى خوێندنى باڵا لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، بە یاوەرى بەرێوەبەرى گشتى کارگێرى و دارایی، سەردانێکى مەیدانى فەرمانگەى توێژینەوەو پەرەپێدانى لە وەزارەت کردو لەگەڵ تیمى فەرمانگەکە هەریەک لە م. فواد على سمایل جێگرى بەرێوەبەرى گشتى فەرمانگەى توێژینەوە و پەرەپێدان و م. سەرتیپ خالص بەڕێوەبەرى خوێندنى باڵا کۆبۆوە.

لە کۆبونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاگەیاند: ئامانجى وەزارەت لە پرۆسەى خوێندنى دبلۆمى باڵا و ماستەر و دکتۆرا بریتی بوە لە شەفافیەت و دادپەروەرى و دەستەبەرکردنى دەرفەتى هەلى خوێندنى یەکسان بۆ هەمو پێشکەشکاران، بۆ ئەمەش هەمو هەوڵێک دراوە تاکو پرۆسەکە بەشێوەیەکى سەرکەوتو ئەنجام بدرێت و لە ئێستاشدا لە قۆناغى کۆتایی پرۆسەکەداین کە قۆناغى سکاڵاو تانەگرتنە، بۆ ئەم مەبەستە د.ئارام محمد قادر جەختى کردەوە بەدواداچونى تەواو بۆ گشت سکاڵاو تانەکان دەکرێت بەمەبەستى بەرجەستەکردنى شەفافیەت و دادپەروەرى لەپرۆسەکە، بۆ ئەمەش تیمی تایبەتى لە فەرمانگەى توێژینەوەو پەرەپێدانى راسپارد بۆ دانانى رێوشوێن و میکانیزمى پێویست.

وەزیرى خوێندنى باڵا ئاماژەى بەوەشدا هۆکارى دواکەوتنى ڕاگەیاندنى ئەنجامى سکاڵا و تانەگرتنى خوازیاران بە هۆى راگەیاندنى پشووى فەرمى بو لەلایەن حکومەتى هەرێم و بڵاوبونەوەى ڤایرۆسى (COCID-19) لە هەرێمى کوردستان.

لە کۆتایی سەردانەکەیدا، وەزیرى خوێندنى باڵا راگەیاند دواى تەواوبون و راگەیاندنى ئەنجامى سکاڵا و تانەگرتنى خوازیاران و چەسپاندنى ناوى وەرگیراوانى دبلۆمى باڵا و ماستەر و دکتۆرا، هەنگاوى دوەم دەست پێدەکات کە بریتیە لە جێبەجێکردنى بڕیارە نوێیەکانى ئەنجومەنى وەزارەت لەسەر پێشکەشکاران کە بریتی بون لە پڕکردنەوەى کورسیە بەتاڵەکانى دبلۆمى باڵاى یەک ساڵەى ئەکادیمی و ماستەر و دکتۆرا بە خوازیارە دەرچوەکان و چارەسەرکردنى داواکارى ئەو خوازیارانەى لە تاقیکردنەوەى توانستى زانستى دەرچون و بەهۆى نەمانى کورسى خوێندن وەرنەگیراون و ئەو خوازیارانەى لە تاقیکردنەوەى توانستى زانستى دەرنەچون بەڵام کورسى بەتاڵ ماوەتەوە کە بۆ ئەم مەبەستەش رێنمایی و وردەکارى تایبەت بەم بابەتە لەلایەن وەزارەت ئامادەکراوەو لە ئایندەیەکى نزیک دەردەچێت و بڵاودەکرێتەوە.