بۆ پێداچوونەوە بەپێکهاتەى وەزارەت و زانکۆکان، وەزارەتى خوێندنى باڵا لەگەڵ لێژنەیەکى ئەنجومەنى وەزیران کۆبۆوە

كۆبونه‌وه‌ بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ی میلاكات

دواى ئەوەى ئەنجومەنى وەزیران لەکۆبونەوەى ژمارە )١٣( کە لە ڕێكه‌وتی (٦/١١/٢٠١٩) بەڕێوەچو و، بڕیارى ژمارە (٣٣) ى دەرکرد بەمەبەستى پێکهێنانى لێژنەیەکى تایبەتى بۆ پێداچوونەوەى ورد بەپێکهاتەى وەزارەت و دەستە و لایەنەکانى نەبەسترا و بە وەزارەتەکان و بەپێى پلانى خشتەى کاتێکى دیارى کراو بە ئاراستەى بەدامەزراوەیى کردن و ڕێکخستنەوەى هەیکەلیەت و بەپێى پێداویستى کردارەکى و تایبەتمەندى، ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتى ١٥/١٢/٢٠١٩ لەدیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لیژنەى تایبەتمەند، لەگەڵ د.خەتاب مستەفا ئەحمەد بەڕێوەبەرى گشتى کارگێڕى و دارایى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەبەشدارى  یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆکان بۆ کاروبارى کارگێڕى کۆبوونەوە.

 د.خەتاب مستەفا ئەحمەد بەڕێوەبەرى گشتى کارگێڕى و دارایى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى له‌ وته‌كدا باسی له‌ وردەکارى پەیکەرى وەزارەت و زانکۆکان بۆ لیژنەى تایبەتمەند كرد، ئەویش لەچوارچێوەى یاسا و لەسەر بنەماى زانستى بەش و کۆلێژ و زانکۆکان و دیوانى وەزارەت.

د.خەتاب مستەفا ئەحمەد وتیشى: بۆ ئامادەکردنى ئەو ڕاپۆرتە ئێمە کار لەسەر پەیکەرى زانکۆکان دەکەین ئەمەش لەئەنجامى گفتوگۆیەکى درێژ لەرابردو لەگەڵ وەزارەتى دارایى پەیکەریەى وەزارەت و زانکۆکان پەسەند کراون، زیاتر وتیشى: هەنگاوى دووەم رێکخستنەوەى میلاکاتى وەزارەتەکانە ئەمەش ماوەیەکى درێژى پێویستە بۆ ریکخستنەوەیان، ڕونیشە وەزارەتى خوێندنى باڵا وەک میلاکى وەزارەتەکانى دیکە نین، چونکە پسپۆڕیەکان زیاتر زانستین، لەبارەى ئامادەکردنى راپۆرتەکەش بەڕێوەبەرى گشتى کارگێڕى و دارایى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: تا ڕۆژى پێنجشەمە پەیکەریەى وەزارەتەکەمان بە زانکۆکانیشەوە پێشکەشى لیژنە دەکەین،ئەمەش دواى پەسەند کردنى لە ئەنجومەنى وەزارەت.

لەلایەن خۆشیانەوە ئەندامانى لیژنەى ئەنجومەنى وەزیران کە بۆ مەبەستى پێداچوونەوە بەپێکهاتەى وەزارەتەکان پێکهێنراوە، ئەرک و کارى لیژنەیەکەیان ڕوون کردەوە، هاوکات داوایان لە دیوانى وەزارەت و زانکۆکان کرد، تا ڕۆژى پێنجشەممە پێکهاتەکانیان بۆ لیژنەکە بنێرن  ئەمەش لەچوارچێوەى یاساى کارپێکراوەکان کە کۆمەڵیک ئامانج هەن بۆ جێبەجێ کردنى کارەکانیان.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەبووان بە وردى گفتوگۆیان لەبارەى پرۆژەکەى ئەنجومەنى وەزیران و ئامادەکردنى پەیکەر و ڕێکخستنەوەى میلاکى وەزارەتەکان کرد و سەرنج و پێشنیازەکانیان لەگەڵ لیژنەى تایبەتمەند ئاڵوگۆڕ کرد.