ڕونکردنەوەیەک لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى

logoy wezratt11

لە چەند ڕۆژى ڕابردودا (فەرهاد قادر) ئەندامى پاڕلەمانى ئێراق لە چەند وێبسایتێک نامەیەکى کراوەى ئاراستەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کردوە، بۆیە لێردا بەپێویستى دەزانین ئەم ڕونکردنەوەیە بۆ ناوبراو و ڕاى گشتى بڵاوبکەینەوە:

  • لە پێشدا ئەو ئەندام پاڕلەمانە گوایە لە ڕێگەى تەلەفونەوە ویستویەتى کێشەى یەکێک لە خوێندکاران بگەێنێتە وەزارەت، بۆیە لێرەدا دەمانەوێ ئەوە ڕون بکەینەوە، کە ئەو برادرە بەهیچ شێوەیەک تەلەفونى بۆ جەنابى وەزیر نەکردوە!، ئەگەر ئەو کارەشى بەئەرکێکى گەورە زانیوە یا ئەزانێ خۆ دەیتوانى لە وەزارەت بپرسێ، یان ئەرکى بکێشایەو سەردانێکى زانکۆى گەرمیانى بکردایەو بەدواداچونى بۆ کێشەى ئەو خوێندکارە بکردایە.
  • سەبارەت بەهەوڵەکانیان بۆ بەشى زمانى کوردى لە زانکۆى بەغداد، ئەوە وەک ئەندام پاڕلەمان ئەرکى خۆت بەجێگەیاندوە، بەهەمان شێوە ئێمەش وەک وەزارەت چیمان پێ بکرێ بۆ ئەو بەشە کردومانە و دەیکەین، هەربۆیە وەک پێشتر ڕامانگەیاندوەو ئێستاش جەختى لەسەر دەکەینەوە وەزارەتەکەمان کورسى تایبەتى بۆ بەشى زمانى کوردى لە زانکۆى بەغداد بۆ هەر خوێندکارێک تەرخان دەکات کە داواکارى پێشکەش بە زانکۆکانى کوردستان بکات.
  • سەبارەت بەخەمخۆرى و بەدەنگەوەچون بۆ کەسوکارى شەهیدان و ئەنفالکراوەکان و زیندانیانى سیاسى وەزارەتەکەمان وەک ئەرکى سەرشانى خۆى لە ماوەى ڕابردودا کۆمەڵێک کاروپڕۆژەى بۆ کەسوکارى شەهیدان و ئەنفالکراوەکان و زیندانیانى سیاسى جێبەجێ کردوە لەوانەش کردنەوەى زانکۆى (چەرموو) لە پایتەختى شەهیدان و ئەنفالکراوەکان.
  • بەهەمان شێوە لە دەرکردنى ڕێنماییەکانیش بەهەمان شێوە ڕەچاوى بارودۆخى کەسوکارى شەهیدان و ئەنفالکراوەکان و زیندانیانى سیاسیەکانمان کردوە، ئەمانەى خوارەوە بەشێکن لەو کارو چالاکیانە:
  1. لە ساڵی خوێندنى (2014-2015) لە کردنەوەى خوێندنی باڵا/ ماستەر، ئەنجومەنى وەزارەت بڕیاردرا كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان بەبێ مەرجی توانستی زمانی ئینگلیزی، كە ئەو كاتە مەرجی پێشكەشكردن بو، ڕێگەیان پێدرا داواكاری پێشكەش بكەن، هەروەها (5) نمرە لە كۆنمرەی بەكالۆریۆس بۆ كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان دابەزێنرا، واتا بۆیان هەبو بە نمرەی (60) داواكاری پێشكەش بكەن، كە ئەوكاتە مەرج بو پێشكەشكار كۆنمرەی لە (65) كەمتر نەبێت، لەبەر رۆشنایی ئەم بڕیارەى وەزارەت (88) كەسوكاری شەهید و ئەنفالكراوان سودمەندبون و، بە نوسراوەی ژمارە (13028) لە (29/6/2015) تەواوی كاندیدانی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان لە كرێی خوێندن بەخشران.
  2. لە  ساڵی خوێندنى (2016-2017) بۆ خوێندنی باڵا/ ماستەر و دكتۆرا، لەبەر گرنگی خەبات و تێكۆشانی شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی، وەزارەتەکەمان بە نوسراوەی ژمارە (10703) لە ڕێکەوتى (13-7-2016) و، هەروەک بەنوسراوی ژمارە (15873) لە ڕێکەوتى (24-10-2016) بڕیاریدا كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی لە هەرێمی كوردستان،  بەڕێژەی (100%) لە كرێی خوێندن بەخشران. دواتریش ژمارەیەك پێشكەشكار لە كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی، لە تاقیكردنەوەی (توانستی زانستی) دەرچوبون ، بەڵام بەهۆی نەمانی كورسی وەرنەگیران، بەڵام دواتر بەڕەچاوکردنى کواڵیتى خوێندن وەزارەتەکەمان بڕیاریدا لەبەر گرنگی خەبات و تێكۆشانی شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی، ئەو كاندیدانەی لە توانستی زانستی دەرچون، بەڵام بەهۆی نەمانی كورسی خوێندن وەرنەگیراون، كەسوكاری پلەیەكی شەهید و ئەنفالكراو و زیندانی سیاسین، ئەوا كورسی خوێندنیان بۆ تەرخان بكرێت بەمەرجێ نوسراوی پشتگیری لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان بە واژۆی جەنابی وەزیر بهێنن، بەوەش زیاتر لە (٥٠) کەس تا ئێستا سودمەندبون.
  3. سەبارەت بە كەیسی (ئاری نەجم عومەر)، کە لەنامەکەیدا ئاماژەى پێکردوە، ناوبراو لەسەر كورسی پارالێڵ پێشكەشی بەشی (ئینگلیزی) كردوە، بەڵام لەبەرئەوەی (3) پێشكەشكار داخوازیان پێشكەش كردوە، بەڵام دوو لە پێشكەشكاران لە ركابەریدا خاڵبەندی نمرەیان لە پێش (ئاری نەجم عومەر) بووە، بەوهۆیەوە ناوبراو وەرنەگیراوە، بۆیە ئێمە ڕایدەگەێنین وەزارەتەکەمان بەیەک چاو سەیرى سەرجەم کەس وکارىشەهیدان و ئەنفالکراوەکان و زیندانیانى سیاسى کردوەو دەکات، بۆیە دواى ئەوەى (ئاری نەجم عومەر) نوسراوى پشتگیرى لە وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوەکان هێناوە، وەزارەتەکەمان پاڵپشت بەنوسراوى وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوەکان نوسراوى بەژمارە (٤١٠) لە ڕێکەوتى (٩/١/٢٠١٧) ئاراستەى زانکۆى سلێمانى کردوە بۆ ئەنجامدانى کارى پێویست و، لێرەوەش ڕایدگەێنین سەرجەم کەیسە هاوشێوەکان کە پلەیەکى شەهیدان و ئەنفالکراوەکان و زیندانیانى سیاسین ( هاوسەر، کوڕ، کچ، دایک، باوک، خوشک، برا) ئەو مافەیان پێدراوەو، ئەگەر لە توانستى زانستى دەرچون دەتوانن مامەڵەى پێویست بکەن و کورسیان بۆ تەرخان دەکرێ.

بۆیە بە بیرى ئەو پاڕلەمانتارە بەڕێزە دەهێنینەوە، بەو پێیى کە نوێنەرى کوردە لە پاڕلەمانى ئیڕاق، ئەرکى ئەوەیە لە ئەرزى واقیع داکۆکى لە کەس وکارى شەهیدان و ئەنفالکراوەکان و زیندانیانى سیاسى لە بەغداد بکات و مافەکانیان بۆ بگەڕێنێتەوە، نەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەدواى کۆکردنەوەى زۆرترین لایک بێ، ئەگەر خۆى بەنوێنەرى کەس وکارى شەهیدان و ئەنفالکراوەکان دەزانێ با بڕوات لە بەغداد بەدواداچونى بۆ کەیسى زانکۆى گەرمیان بکات، کە سەربارى  چەندین هەوڵ لەلایەن خودى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى زانکۆى گەرمیان کە لەناو جەرگەى شەهیدان و ئەنفالکراوەکانە لەلایەن بەغدادوە هاوشێوەى هەندێ زانکۆى دیکە تا ئێستا دانى پێدا نەنراوە، بۆیە ئەرکى لە پێشینەى ئەو بەدیهێنانى ئەو خەونەى کەس وکارى شەهیدان و ئەنفالکراوەکانە لە شوێنى کارکردنى خۆى، هەروەک باشتریش لە بڵاوکردنەوەى نوسراوەکانیدا وردبێت و بەدواداچونى ورد بۆ کەیسەکان بکات، ئینجا ڕەخنە لەمەوئەو بگرێ!

لە کۆتایشدا، وەزارەتەکەمان جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، وەک هەمیشە پاڵپشتى کەس وکارى شەهیدان و ئەنفالکراوەکان و زیندانیانى سیاسیە و، داکۆکى لە مافە ڕەواکانیان دەکات.