وەزیرى خوێندنى باڵا: دەبێت بڕیار و نەخشەڕێگه‌ی ڕیفۆرمی خوێندنی باڵا لەبەر ڕۆشنایی داتا و توێژینەوەی زانستی وردا دابڕێژرێن

كۆبونه‌وه‌ی تایبه‌ت به‌پێداگۆجی

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایدەگەیەنێت: ڕیفۆرم و گۆرانکاری لە پرۆسەی خوێندن و فێرکردندا دەبێت لە توانای داهێنان و کارامەییەکانی دەرچواندا ڕەنگ بداتەوە.  

ئەم لێدوانەى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتى (١٩/٢/٢٠٢٠) لەمیانى کۆبونەوەیەکى بەرفراوان هات لەگەڵ بەڕێوەبەرى سێنتەرو مامۆستایانى خولی دوەمى پرۆژەی ڕیفۆرمی پێداگۆجى، کە بەمەبەستى ئامادەکارى و هەڵسەنگاندن و بەسەرکردنەوەی پرۆژەی توێژینەوە زانستییەکانی تایبەت بە پەرەپێدانی خوێندنی باڵا ڕێکخرابو .

لە کۆبونەوەکەدا کە هەریەک لە د. ئامانج عەبدوڵا سەعید ڕاوێژکارى وەزیر و د. داود سلێمان ئەتروشى بەڕێوەبەرى گشتى ئەندازەو پرۆژەکان ئامادەیبون، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى خۆشحاڵى خۆى نیشاندا بە سەرکەوتنى پرۆژەى ڕیفۆرمی پێداگۆجى لە زانکۆکانی کوردستان و سوپاسى یەکە بە یەکەى زانکۆکان و مامۆستایانی بەشداربوی پرۆژەکەی کرد  بۆ هەوڵ و ماندوبون و خەمخۆریان لە سەرخستنی ئەم پرۆژەیە، هاوکات پاڵپشتى و هاوکارى بەردەوامى خۆى بۆ سەرکەوتنى پڕۆژەکە دوپاتکردەوە.

(د. ئارام محمد قاد) دوپاتی کردەوە کە دەبێت کاری زیاتر بکەین بۆ باشتر  ئامادەکردنی گەنجان ودەرچوانی زانکۆکانمان لە ڕێگای پەرەپێدانی توانای داهێنان و کارسازی و پەرەپێدانی زیاتری کارامەییەکانیان، دەبێت ئەم ڕوئیایە لە ناوەرۆکی پرۆگرامەکانی خوێندن و سیستمی پێداگۆجی وڵاتەکەماندا ڕەنگبداتەوە و دەرچوانمان هێندە کارامەیی فرەجۆریان هەبێت کە بتوانن بە ئاسانی لە بازاڕی کار و کارسازیدا پێشبڕکێ بکەن. هەروەها دەستخۆشی لەو مامۆستایانە کرد کە لە ئەنجامدانی پرۆژەی توێژینەوەکانی تایبەت بە پەرەپێدانی خوێندنی باڵا بەشدار بون و تەئکیدی کردەوە کە دەبێت بڕیارو نەخشەڕێگای ڕیفۆرمی خوێندنی باڵا لەبەر ڕۆشنایی داتاو توێژینەوەی زانستی وردا دابڕێژرێن.

هەر لە کۆبونەوەکەدا مامۆستایانی خولی دوەمی پێداگۆجی سەرکەوتنی پێنج پرۆژەی توێژینەوەی زانستیان خستە ڕو، کە تایبەتن بە گەشەپێدانی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان، توێژینەوەکان بە میتۆدی زانستی و لە ڕێگای ڕوپێوی و کۆکردنەوەی داتای تایبەت بە پرۆسەی خوێندنەوە ئەنجام دراون شیکردنەوەو ڕاڤەکردنی ئەم داتایانە یارمەتی دەردەبن بۆ داڕشتنی بڕیاری دروست لە بارەی ڕیفۆرمی پرۆسەی خوێندن و ڕاهێنان و توێژینەوەی زانستی لە زانکۆکانمان.

پرۆژەکان بریتى بون لە: (فرەجۆرکردنی پرۆسەی هەڵسەنگاندن لە سیستمی خوێندنی زانکۆیی لە پیناو پەرەپێدانی کارامەیی قوتابیان و خوێندکاران، داڕشتنی نەخشەڕێگه‌ی چەسپاندنی کلتوری فیربوون بە درێژایی ژیان و کلتوری هەماهەنگی لە نێو کۆمەڵگای ئەکادیمیدا، بەستنەوەى توێژەران و ئەکادیمیا بە گرفتەکانی کەرتى گشتى و کەرتی پیشەسازى و بازارى کار بۆ گەشەکردنی ئابوری و زاڵبون بەسەر ئاڵنگارییەکان، بەکارهێنانى ئامرازەکانى تەکنەلۆجى و ئایتى لە پرۆسەى فێربون و سودوەرگرتن لەو ئەپڵیکەیشن و ئامرازە ئەلیکترۆنیانەى کە لە بەڕێوەبردنى کۆرسەکان و بەڕێوەبەردنى زانکۆکان بەکاردەهێنرێن، هەروەها چەسپاندنى کۆنسێپتى خوێندکار وەک چەقى پرۆسەى فێربون لە ناو سیتسمى خوێندنى باڵا و چارەسەرکردنى گرفت و ئاستەنگەکان).

جێگای ئاماژە پێکردنە کە پرسیاری ئەم توێژینەوە زانستیانە لەسەر ڕاسپاردەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و بە هەماهەنگی نێوان مامۆستایانی پێداگۆجی و زانکۆی (HAMK)ی فنلەندا گەڵالە کراون و بە میتۆد و ستانداردی نێودەوڵەتی ئەنجام دراون، لە ئایندەی نزیکدا وەک پەیپەری زانستی لە گۆڤاری ئاست بەرزی نێودەوڵەتیدا بڵاودەکرێنەوەو وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیش لە ڕێکخستنی ڕێنمایی و پلانی ستراتیجیدا سودیان لێ وەردەگرێت.