وەزارەتى خوێندنى باڵا (٥٠) زەمالەى خوێندنى دکتۆرا بەشێوازى سپلیسایت بۆ زانکۆ تازەکان ڕادەگەێنێت

wezaret99

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى (٥٠) کورسى خوێندنى باڵا/ دکتۆرا بەشێوازى (سپلیسایت) لە بوارەکانى زانستە سروشتى و تەتبیقیەکان پێشکەش بە زانکۆ تازەکانى کوردستان دەکات.

عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: بەمەبەستى پەرەپێدانى تواناى مامۆستایانى زانکۆ تازەکانى هەرێمى کوردستان و، پڕکردنەوەى پێداویستیە ئەکادیمیەکانیان بەستافى زانستى، وەزارەتەکەمان (٥٠) کورسى خوێندنى باڵا/دکتۆرا بەشێوازى سپلیسایت بۆ ئەو زانکۆیانە دابین دەکات.

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەوەشى ڕاگەیاند: پڕۆسەى ئامادەکردن و ڕاگەیاندنى پڕۆپۆزەڵەکان و ڕێکخستنى پێشبڕکیى پێشکەشکاران بەپێیى یاسا و ڕێنماییەکانى خوێندنى باڵا/دکتۆرا بەشێوازى (سپلیتسایت) لەلایەن زانکۆکانەوە ڕێکدەخرێت و، تەواوى بودجەى ئەو پڕۆژانەش لەسەر ئەرکى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دابین دەکرێت.

خوێندنى باڵا/دکتۆرا بەشێوازى سپلیتسایت یەکێکە لە میتۆدە سەرکەتوەکانى خوێندنى دکتۆرا، بەجۆرێک کاندیدەکان لە یەکێک لە زانکۆکانى کوردستان تۆمار دەکرێت و، توێژینەوەکانیان لەلایەن دوو سەرپەرشتیارى ناوخۆیى و نێودەوڵەتى سەرپەرشتى دەکرێت، هەروەک کاندیدەکان بۆ ماوەى یەک ساڵ پێویستە خوێندنەکەیان لە زانکۆیەکى پێشکەوتویى دەرەوەى وڵات بەسەربەرن.