وەزیرى خوێندنى باڵا سەرپەرشتى کۆبونەوەیەکى تایبەت بە سەنتەرەکانى زمان لەزانکۆکان دەکات

كۆبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌سێنته‌ره‌كانی زمان

د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى سەنتەرەکانى زمان لە زانکۆکانى کوردستان هاوکارو پاڵپشتى سەنتەرەکان دەبین و بەردەوامى بە خولەکانى تەواوکارى دەدەین و ئامادەکاریش بۆ خولەکانى فێرکارى دەکەین.

لەو چوارچێوەیەشدا لەبەر رۆشنایى لێژنەی تایبەت بە پێداچونەوە بەمەرج و ڕێنماییەکانی زمانی ئینگلیزی، ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتى (٨/١٢/٢٠١٩) بەئامادەبونی د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و د. محمد حوسێن سەرۆکى دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایى جۆرى و سەرۆکى لێژنەی تایبەت بە پێداچونەوە بەمەرج و ڕێنماییەکانی زمانی ئینگلیزی و سەرپەرشتى کردنى سەنتەرەکانى زمان بۆ کاروبارى زانستى و خوێندنى باڵا، کۆبونەوەیەکى تایبەت بە بەردەوامى خولەکانى تەواوکارى و ئامادەکارى بۆ خولەکانى فێرکارى و پرسى خوازیارانى نازناوى زانستى لەگەڵ سەرجەم سەنتەرەکانى زمان لە زانکۆکان بەڕێوەچو.

لە کۆبونەوەکەدا بابەتە زانستی و کارگێڕیەکانی سەنتەرەکان خرانە بەر باس و گفتوگۆ، بۆ ئەمەش بڕیاردرا لە ناوەڕاستى ئەم مانگەوە خولەکانى تەواکارى بۆ بەشداربوانى سەنتەرەکانى زمان بکرێتەوە، هەروەها بڕیاریش درا لە ناوەڕاستى ئەم مانگەوە ناونوسین دەستپێدەکات بۆ کردنەوەى خولى فێرکارى بەپێى ڕێنمایى تازەى سەنتەرەکانى زمان، کە ئەویش بریتیە لە ئەنجامدانى تاقیکردنەوەو دیاریکردنى ئاست. سەبارەت بە خوازیارانى نازناوى زانستیش کە بەشداربوانى خولەکانى تەواوکارین بڕیارى پێویستیان لەبارەوە درا.

لە وتەیەکیشدا د. ئارام محمد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دواى دەستخۆشی لە سەرۆک و ئەندامانی لێژنە کردو بەڵێنیدا پشتگیری تەواوی سەنتەرەکان بکات. هەروەها پشتگیری لە بەرزکردنەوەی ئاستی کوالێتى سەنتەرەکانیش کرد بەشێوەیەک خوازیاران سود لەم دەرفەت و هەوڵانەى وەزارەت و سەنتەرەکانى زمان وەربگرن.

لەبەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا لەسەر ڕاسپاردەى سەرۆکى لێژنە درێژە بە کۆبوونەوەکانی دەدرێت بەمەبەستی ڕێکخستی کارەکانی سەنتەرەکان و باشترکردنی کوالێتی خولەکانی ئیستاو داهاتوو لە سەنتەرەکانی زمان.