د. يوسف گۆران لەگەڵ کاندیدە سەرکەوتووەکانى زەمالەى چیک کۆبۆوە

وەزارەت2

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەگەڵ کاندیدە سەرکەوتووەکانى زەمالەى وڵاتى چیک جەختى کردەوە وەزارەتەکەمان هەمیشە پشتیوان و هاوکارى سەرەکى خوێندکارە سەرکەوتووەکان دەبێت بۆ ئەوەى بەسەرکەوتووى پرۆسەى خوێندنى پزیشکى لەو وڵاتە تەواو بکەن.

ئەم جەختکردنەوەى د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە میانەى کۆبونەوەیەکدا هات کە ئەمڕۆ شەممە ڕێکەوتى ٢٩/٩/٢٠١٨ لەشارى سلێمانى لەگەڵ کاندیدە سەرکەوتووەکانى زەمالەى وڵاتى چیک بەڕێوەچوو.

لەو کۆبونەوەیەدا کە د. ئامانج سەعید راوێژکارى وەزیر ئامادەیوو، د. یوسف گۆران دڵنیاى خوێندکارە سەرکەوتووەکانى زەمالەى چیک ى کردەوە سەرجەم ئامادەکاری و پێداویستیەکانى دەستکردن بە خوێندن لە زانکۆى پالازکى لەلایەن وەزارەتەوە ئەنجام دراوە بۆ ئەوەى بەزووترین کات دەست بە پرۆسەى خوێندن بکەن، هەروەک وتیشى کرێى خویندنى ساڵى یەکەمى هەرسێ کاندید لەسەر بودجەى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دابین دەکرێـت و هەوڵەکانیشمان بەدەروام دەبێت بۆ ئەوەى بۆ ساڵانى ئانیدەش بتوانین پشتیوانى دارایى بۆ ئەم کاندیدانە بەردەوامى پێبدەین.

لەبەشێکى ترى کۆبونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رێنوینى و ئامۆژگارى کاندیدە سەرکەوتووەکانى کرد، لەماوەى خوێندنیان لە بەشى پزیشکى زانکۆى پالازکى وڵاتى چیک بەسەرکەوتووى خوێندنەکەیان تەواو بکەن، بۆ ئەوەى ئەو پشپۆڕى و زانیارییانەى لەو بوارە گرنگەدا بەدەستى دەهێنن لە هەرێمى کوردستان خزمەتى گەلەکەمانى پێ بکەن.

لەلایەن خۆشیانەوە هەریەک لە کاندیدانى سەرکەوتوو سوپاسى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى یان کرد بۆ پێشکەشکردنى پشتیوانى و هاوکاری بەردەوام بۆ دابینکردنى پێداویستى و ئاسانکارى لەلایەن وەزارەت بۆ کاندیدان و دەستبەکاربوونیان لە خوێندنى پزیشکى لەم وڵاتەدا.

جێگەى ئاماژەیە هەر لەو کۆبونەوەیەدا لەلایەن وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەرجەم ئەو پێداویستى و کەلوپەلە پێویستانەى لەلایەن وەزارەتەوە ئامادەکرابوون، پێشکەش بە کاندیدان کران بۆ ئەوەى بەزووترین کات دەست بە پرۆسەى خوێندنى زانکۆى لەوڵاتى چیک بکەن.