گۆڕانکارى لە پرۆگرامى خوێندن لە بەشەکانى کۆمەڵناسى و کارى کۆمەڵایەتى دەستیپێکرد

Gorankari Komelnasi

لە چوارچێوەى ئەو پلانە ستراتیژییەى کە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەستیپێکردوە بۆ گۆڕانکاریکردن لە پرۆگرامەکانى خوێندن لە بەشە زانستیەکان، هەنگاوە پراکتیکیەکانى گۆڕانکارى لە بەشەکانى کۆمەڵناسى و کارى کۆمەڵایەتى لە زانکۆکانى کوردستان دەستپێکرد.

د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە میانەى سەرپەرشتیکردنى لێژنەى پێداچونەوە بەبابەتەکانى خوێندن لە هەردو بەشى کۆمەڵناسى و کارى کۆمەڵایەتى ڕاگەیاند: کۆمەڵناسى و کارى کۆمەڵایەتى دو پسپۆڕى زۆر گرنگن بۆ ئەمڕۆیى کۆمەڵگەکەمان، چونکە کۆمەڵگەى کوردى بەرەو کرانەوەیەکى زۆر ڕۆیشتوە، دەیان دیاردە و بابەتى جۆراوجۆر بەشێوەیەکى خێرا هاتونەتە نێو کۆمەڵگەکەمان، بەو هۆیەوشەوە بەهۆى خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو بابەت و دیاردانە لە هەندێ ڕوەوە چەند کێشەیەکى کۆمەڵایەتى سەریهەڵداوە، د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: بۆ چۆنیەتى چارەسەرکردنى ئەو کێشانە و مامەڵەکردن بەشێوەیەکى دروست لەگەڵ دیاردە و بابەتە جۆراو جۆرەکان پێویستى بەهۆشیارى کۆمەڵایەتى هەیە، لەو ڕوەوە دەبێ پسپۆڕان و شارەزاییانى بوارى کۆمەڵناسى و کارى کۆمەڵایەتى دەبێ ڕۆڵى پێشەنگ و کارایان هەبێ، بۆ ئەوەش دەبێ پێداچونەوەى تەواو بەپرۆگرامەکانى خوێندن لە بەشەکانى کارى کۆمەڵایەتى و کۆمەڵناسى بکەین، بەشێوەیەک میتۆد و چەمکى تازەیان ئاوێتە بکرێ و ڕەنگدانەوەى پێداویستیەکانى ئەمڕۆیى کۆمەڵگە و گۆڕانکارییەکانى داهاتو بن، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەوەشى ڕایگەیاند: لە پێناو پێگەیاندنى کادیرى بەتوانا و لێهاتو بۆ داهاتوى کۆمەڵگەکەمان لە بوارى کۆمەڵناسى و کارى کۆمەڵایەتى پێویستمان پێداچونەوەیەکى وردى ئەو بەشانە لە زانکۆکان هەیە، بۆ ئەوەش پاڵپشتى و پشتیوانى تەواوى خۆى بۆ لێژنەکە دوپاتکردەوە و، ڕایسپاردن لە کارەکانیان بەردەوام بن تا گۆڕانکارى لە تەواوى قۆناخەکانى خوێندن لەو دو بەشە زانستیەدا دەکەن.

هەر لەو کۆبونەوەیەدا، د.ماهر عبدالواحید عەزیز سەرۆکى لێژنەى پێداچونەوە بەبابەتەکانى بەشى کۆمەڵناسى و کارى کۆمەڵایەتى کورتەیەکى لەبارەى کارى لێژنەکەیان خستەڕو و ڕایگەیاند: لێژنەکەمان تا ئێستا چوار کۆبونەوەى ئەنجامدا، لە ئەنجامدا چەند پێشنازێکمان گەڵاڵە کردوە، کە ئەوانیش بریتین لە یەکخستنەوەى پرۆگرامى خوێندن لە قۆناخى یەکەم لە هەردو بەشى کۆمەڵناسى و کارى کۆمەڵایەتى بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٨-٢٠١٩)، لەهەمان کاتدا پێشنیازمان کردوە بابەتى کۆمپیوتەر لە هەردو بەشەکە لاببرێت و بابەتى پەیوەندیدار لە جێگەیان دابنرێ، هەروەک پێشنیازیش کراوە بابەتى کوردۆلۆجى بگۆڕدرێ بە بابەتى کۆمەڵگەى کوردستانى.

هەر لەو کۆبونەوەیەدا، ئەندامانى لێژنەکە، کە لەسەرۆکى بەشەکانى کۆمەڵناسى و کارى کۆمەڵایەتى و مامۆستایان و شارەزایان و پسپۆڕانى بوارەکان لە زانکۆکان پێکهاتوە ڕاو سەرەنج و بۆچونەکانیان دەربارەى بابەتە جیاکان خستەڕو، بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانیشیان بەتایبەت کردنەوەى خوێندنى باڵا، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەرۆک و ئەندامانى لێژنەکەى ڕاسپارد پرۆپۆزەڵێک ئامادەبکەن بۆ ئەوەى بۆردێکى هاوبەش لە نێوان بەشەکان پێکبهێنن بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى خوێندنى باڵا، بەتایبەت لەو بەشانەى کە کەمى ستافى زانستیان هەیە.