د. ئارام محمد: سبەى دواى نیوەڕۆ خوێندکارانى کورد لە وڵاتى قوبرس دەگەڕێنەوە هەرێمى کوردستان

وه‌زاره‌ت + ئاگاداری + خوێندكاران

سبەى دواى نیوەڕۆ خوێندکاران و قوتابیانى کورد لە وڵاتى قوبرس دەگەڕێنەوە هەرێمى کوردستان کە ژمارەیان نزیکەى (٣٠٠) خوێندکارو قوتابیە.

د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند لە درێژەى هەوڵە بەردەوامەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژیەوەى زانستى بۆ کارئاسانى بەمەبەستى گەڕانەوەى خوێندکاران و قوتابیانى هەرێمى کوردستان کە لە وڵاتى قوبرس دەخوێنن.

لەسەر فەرمانی بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمى کوردستان و بەهەماهەنگى و هاوکارى مەکتەبی جەنابی سەرۆکی حکومەت و وەزارەتەکانى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ناوخۆ و گواستنەوەو گەیاندن و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەو نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەغدا، لە ھەوڵی بەردەوامدا بونە بۆ گەڕانەوەى ئەو خوێندکارانە بۆ هەرێمى کوردستان، ئەویش بەهۆى بڵاوبونەوەو مەترسییەکانى ڤایرۆسى کۆرۆنا لەسەر ژیانى ئەم فێرخوازانە.

لە ئەنجامدا وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى مژدەى ئەوە ڕادەگەیەنێت سبەى دواى نیوەڕۆ دوشەمە ڕێکەوتى (٣٠/٣/٢٠٢٠) سەرجەم ئەو قوتابى و خوێندکارانەی هەرێمى کوردستان کە لە وڵاتى قوبرس گیریان خواردبو، دەگەڕێنەوە خاکى هەرێمى کوردستان.

هەر لە لێدوانەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وێرای بەخێرھێنانەوەی ئەو قوتابیە ئازیزانە بۆ باوەشی خاکی ھەرێمی کوردستان و کەس وکاریان، ھاوکات سوپاسى هەمو ئەو کەس و لایەنانەش دەکات کە هاوکار بون بۆ چارەسەرکردنى ئەم کێشەیەو گەیشتن بە ئەنجامى گەڕانەوەى رۆڵەکانمان بۆ خاکى هەرێمى کوردستان.