کۆلێژى پزیشکى گشتى لە زانکۆکانى زاخۆ و گەرمیان دەکرێنەوە

General-Medicine

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەهاوکارى زانکۆکانى زاخۆ و گەرمیان، دواى ئەنجامدانى سەرجەم ڕێککارە پێویستەکان، بڕیاریدا بە کردنەوەى کۆلێژى پزیشکى گشتى لەو دوو زانکۆیەدا.

عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: بەپشت بەستن بەپرۆپۆزەڵى زانکۆکان و، لەبەر بەرژەوەندى گشتى و دواى ئەنجامدانى ڕێککارە پێویستەکان، لە ئیێستادا وەزارەتەکەمان ڕەزامەندى نیشانداوە لەسەر دەستپێکردنى ئامادەکارى بۆ دابینکردنى ستاف و ژێرخان و تاقیگە و پێداویستى سەرچاوەى زانستى و پێداویستیەکانى دیکەى خوێندن لە کۆلێژەکانى پزیشکى گشتى لە زانکۆى گەرمیان و زانکۆى زاخۆ.

ڕونیشیکردەوە لە قۆناغى داهاتودا دواى وردبینى و دڵنیابون لە دەستەبەرکردنى ستاف و ژێرخان و پێداویستییەکانى کۆلێژ، بڕیار لەسەر وەرگرتنى خوێندکار و دەستپێکردنى خوێندن لە کۆلێژى پزیشکى زانکۆکانى زاخۆ و گەرمیان دەدرێت.

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاشیگەیاند: لە ئەمساڵدا پرۆسەى گۆڕانکارى لە ناوەرۆکى پرۆگرامەکانى خوێندنى پزیشکى دەستیپێکردوەو وەزارەتەکەمان لەم بوارەدا وەبەرهێنان دەکات بۆ بەدەستهێنانى متمانەى نێودەوڵەتى و بەرزکردنەوەى کوالێتى خوێندن لە کۆلێژ و بەشەکانى کۆمەڵەى پزیشکى لە زانکۆکاندا.