کۆبونەوەیەکى هاوبەش لە نێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و وەزارەتى تەندروستى بەڕێوەچو

kobwnewe legel tendrusti

بەئامانجى گفتوگۆکردن لەسەر بابەتە هاوبەشەکانى نێوانیان، ئەمڕۆ سێشەممە، ڕێکەوتى (٣/١٠/٢٠١٧) لە دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، بەسەرپەرشتى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، د.ڕێکەوت حەمەڕەشید وەزیرى تەندروستى کۆبونەوەیەک بەڕێوەچو.

لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەخێرهێنانى د.ڕێکەوت حەمەڕەشید وەزیرى تەندروستى و وەفدى یاوەرى کرد و، وتى: ئەمە یەکەمین جار نیە پێکەوە کۆدەبینەوە، بەڵکو لە ڕابردودا چەندین جار بۆ بابەت و کێشەکان و زۆر شتى دیکە کۆبوینەتەوە، چونکە پەیوەندییەکى پتەو لە نێوان کۆلێژە پزشکیەکان و وەزارەتى تەندروستى هەیە، وتیشى کۆبونەوەى ئەمڕۆمان بۆ ئەو ئاراستە گشتیەیە، کە پڕۆسەى خوێندن و کەرتى تەندروستى بەرەو گەشەکردنى زیاتر بەرین.

د.ڕێکەوت حەمە ڕەشید وەزیرى تەندروستى دوپاتى قسەکانى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کردەوە و ڕایگەیاند: ئەوەى پێمان بکرێ بۆ باشکردنى دۆخى خوێندن و تەندروستى لە کوردستان درێخى ناکەین.

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەى گواستنەوەى ڕاژەى پزیشکان و کارمەندانى دیکەى وەزارەتى تەندروستى بۆ سەر میلاکى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەپێى پێداویستى کۆلێژەکانى کۆمەڵەى پزیشکى کرا، بۆ ئەوەش د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: پەیوەندییەکى زۆر لە نێوان کۆلێژەکانى پزیشکى و وەزارەتى تەندروستى ههەیە، بۆیە زۆرجار پێویستمان بەوەیە کە هەڵگرانى ماستەر و دکتۆرا و بۆرد ڕاژەکەیان بگوازنەوە سەر وەزارەتى خوێندنى باڵا، چونکە زانکۆکانمان گەشەکردنێکى زۆریان بەخۆیەوە بینیوە، جگە لەوەش ئێستا وەزارەت ڕەزامەندى نیشانداوە لەسەرکردنەوەى دو کۆلێژى پزیشکى لە زانکۆى گەرمیان و زانکۆى زاخۆ، لە بەرامبەردا د.ڕێکەوت حەمەڕەشید ڕەزامەندى لەسەر ئەو داوایەى وەزیرى خوێندنى باڵا پیشاندا و، وتى: ئێمە لاریمان نیە لە گواستنەوەى ڕاژەکانیان، بەڵام دەبێ تەنسیب بکرێنەوە سەر وەزارەتى تەندروستى، چونکە دەمانەوێ لە پاڵ وانەوتنەوە کارەکانى ئێمەش لە نەخۆشخانەکان ڕایى بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا هەر پزیشکێک داواى گواستنەوەى ڕاژەکەى بکات دەبێ لارینەبونى بەڕێوەبەرى لایەنى پەیوەندیدارى بهێنین.

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: بابەتى گۆڕانکارى لە ناوەڕۆکى پڕۆگرامەکان و شێواز و سیستمى خوێندن لە کۆلێژەکانى کۆمەڵەى پزیشکى یەکێکى دیکەیە لە پڕۆژەکانمان، چونکە بۆ لەمەودوا خوێندکاران زورتر دەچنە بوارى ڕاهێنانى کلینیکى و پراکتیکى، بۆ ئەوەش وەزیرى تەندروستى وتى: ئێمە بەتەواوەتى لەگەڵ گۆڕینى پرۆگرامەکانی خوێندنین لە کۆلێژەکانى پزیشکى، بەڵام دەبێ لەپاڵ فێربونى زانست خوێندکارانى پزیشکى فێرى هاوکاریکردن لەگەڵ نەخۆش و خۆشەویستى بۆ نیشتمان و وڵات فێر بکرێن.

هەر لەو کۆبونەوەیەدا، د.یوسف گۆران باسى لە هەنگاونانى وەزارەتەکەى کرد بۆ بەدەستهێنانى متمانەى نێودەوڵەتى بۆ کۆلێژەکانى کۆمەڵەى پزیشکى، وتیشى ئەم هەنگاوە پێویستى بەوەیە کە نەخۆشخانەکان و ناوەندەکانى ڕاهێنانى پراکتیکى ئامادە بکرێن بۆ بەدەستهێنانى متمانەى نێودەوڵەتى، بۆ ئەوەش داواى کرد وەزارەتى تەندروستى هاوکارییان بن، لە بەرامبەردا وەزیرى تەندروستى وتى: کە متمانەى نێودەوڵەتیان وەرگرت بۆ نەخۆشخانەکانى ئێمەش گرنگە، ئێمە پاڵپشتى تەواوى ئەو پڕۆسەیە دەکەین و هاوکارتان دەبین.

سەبارەت بەداواکارى زانکۆى سلێمانى بۆ ئەوەى لە ڕوى کارگێڕییەوە بنکەى تەندروستى زانکۆ بخرێنەسەر زانکۆ، وەزیرى تەندروستى ڕەزامەندى لەسەر ئەو داوایە پیشاندا.

کۆبونەوەکە تاوتوێى فراوانکردنى بۆردى کوردستانى کرد، تا هاوشێوەى وڵاتانى دونیا هیچ پزیشکێک نەمێنێت کە بە پڕۆسەى خوێندن و ڕاهێنانى بۆردى کوردستانى تێپەڕ نەبێت، بۆ ئەوەش د.سەلیم کورتەیەکى لەبارەى چۆنیەتى و گۆرین و ئامانجى ئەو کارەى خستەڕوو و نمونەشى بەچەند وڵاتێک هێنایەوە، بۆ ئەوەش پێویستمان بە کۆلێژ و زانکۆ پزیشکیەکان و نەخۆشخانە و سێنتەرە پزیشکیەکانى وەزارەتى تەندروستى دەبێ، چونکە دەمانەوێ چوار ساڵ ڕاهێنانیان پێ بکەین، وەزیرى تەندروستى لەگەڵ دوپاتکردنەوەى پاڵپشتیەکانیان وتى: داواکارین شەش مانگ لە ماوەى فێربونیان لە نەخۆشخانەکانى (کەلار، زاخۆ،شەقڵاوە، ڕانیە، سۆران، ئاکرێ و ....) بێ.

لە بەشى کۆتای کۆبونەوەکەدا، گفتوگۆ لەسەر چەند بابەتێکى دیکەى هاوبەشى نێوان هەردوو وەزارەت کرا و، بڕیارى پێویستیان لەبارەوە درا.