وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا: ( 522) هەزار دۆلارى دیکە بۆ خوێندکارانى بەرنامەى تواناسازى خەرجکرا

CHIK

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى خەرجکردنى بڕى (٥٢٢,٤٨٠) هەزار دۆلارى ئەمریکى وەک قۆناخى سێیەم و چوارەمى شایستەى دارایى خوێندکارانى بەرنامەى تواناسازى ڕاگەیاند، کە بەسیستمى بانکى ڕەوانەى زانکۆ پەیوەندیدارەکان کرا و، تيايدا (٢٥) خوێندکارى بەرنامەى تواناسازى سودمەند دەبن.

عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: دواى ئەوەى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران ڕەزامەندى نیشاندا لەسەر خەرجکردنى بڕى (٣٠) ملیۆن دۆلار بۆ خوێندکارانى بەرنامەى تواناسازى، بۆ ئەم مەبەستە لێژنەى دابەشکردنى شایستە داراییەکانى خوێندکارانى بەرنامەى تواناسازى بڕیاریدا بە خەرجکردنى قۆناخى سێیەم و چوارەمى شایستەى دارایى خوێندکارانى بەرنامەى تواناسازى کە بەسیستمى بانکى ڕەوانەى زانکۆ پەیوەندیدارەکان کرا.

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاشیگەیاند: قۆناخى سێیەم و چوارەمى شایستەى دارایى خوێندکارانى بەرنامەى تواناسازى بڕەکەى بریتیە لە (٥٢٢,٤٨٠) هەزار دۆلارى ئەمریکی، بۆ ئەوەش بڕە پارەکە بە دوو قۆناغ خەرج دەکرێت: قۆناخى سێیەم بڕەکەى بریتیە لە (٣١٥,٨٩٣) دۆلارى ئەمریکى و تیایدا (١٣) خوێندکارى بەرنامەى تواناسازى لە هەریەک لە زانکۆکانى (ئەمریکا – بەریتانیا – ئوستورالیا – کەنەدا و ئەڵمانیا) لێى سودمەند دەبن، هەروەک قۆناخى چوارەمیش بڕەکەى بریتییە لە (٢٠٦,٥٨٧) دۆلارى ئەمریکى و، تیایدا (١٢) خوێندکارى بەرنامەى تواناسازى لە هەریەک لە زانکۆکانى لە (ئەمریکا و ئوستورالیا) لێى سودمەند دەبن. 

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتيشى: پێشوتر لە قۆناخى یەکەم و دووەمدا بەجیا وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕى (١,٩٣٠,١١٨) مليۆن دۆلارى ئەمریکى بۆ (١١١) خوێندکارى بەرنامەى تواناسازى لە زانکۆ جیاکانى وڵاتانى (ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئوستورالیا) خەرجکرد، کۆى گشتى ئەو بڕە پارەیەى تا ئێستا خەرجکراوە بریتیە لە (٢,٤٥٢,٥٩٨) ملیۆن دۆلارى ئەمریکى کە (١٣٦) خوێندکارى بەۆنامەى تواناسازى لە وڵاتە جیاکان لێى سودمەندبون، کۆى ئەو پارانەش لە ڕێگەى سيستمى بانکیەوە ڕەوانەى زانكۆکان کراوە.

لە ڕێکەوتى (٦/٣/٢٠١٧) سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان ڕەزامەندى نیشاندا لەسەر خەرجکردنى بڕى (٣٠) ملیۆن دۆلار بۆ خوێندکارانى بەرنامەى تواناسازى، بەتایبەت ئەوانەى ئێستا لە پڕۆسەى خوێندندان، بۆ ئەم مەبەستەش لێژنەى خەرجکردنى شایستە داراییەکانى خوێندکارانى بەرنامەى تواناسازى، بەسەرۆکایەتى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە کۆبونەوەکانى بەردەوام بوە بۆ ئەوەى تەواوى شایستە داراییەکانى خوێندکارانى بەرنامەى تواناسازى لە سەرجەم زانکۆکانى جیهان، کە تێدا دەخوێنن قۆناخ بە قۆناخ خەرج بکات.