پرۆژەی زانکۆلاین بۆ ناوه‌ندی وه‌رگرتن

 وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پرۆژەی زانکۆلاین بۆ ناوه‌ندی وه‌رگرتن ڕادەگەیەنێت.

لە دەستپێشخەرییەکی تری گرنگدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پرۆژەی زانکۆلاین بۆ وه‌رگرتنی قوتابيان له‌ زانكۆ و په‌يمانگاكانی هه‌رێمدا له‌ ڕێگه‌ی ئينته‌رنتێه‌وه‌ ده‌ستپێكرد.

لەم ساڵەوە دەرچوانی ئامادەییەکانی هەرێمی کوردستان دەتوانن لە ماڵی خۆیانەوە و لە ڕێگای ئەنتەرنێت و بە شێوازی ئۆنلاین فۆرمی پێشکەشکردنی داواکاری بۆ زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێم پڕ بکەنەوە.  سیستەمەکە بەشێوازێک ئامادە کراوە کە قوتابیان و خوێندکاران بتوانن زۆر بە ئاسانی بەکاری بهینن.

ئەم پرۆژەیە لەگەڵ ئەوەی کاری پێشکەشکاران ئانسانتر دەکات، لە هەمان کاتدا هەنگاوێکی گرنگە بۆ پاراستنی شەفافیەت و ڕەخساندنی هەلی یەکسان بۆ تەواوی دەرچوانی ئامادەییەکانی هەرێمی کوردستان.

جارێ ته‌نيا بۆ ڕاهێنان و تاقی كردنه‌وه‌‌يه‌

بە مەبەستی کارئاسانی ڕاهینان و تێگەیشتنی زیاتر لە سیستەمەکە داوادەکەین دەرچوانی خولی یەکەمی ئامادەیی لە ساڵی خوێندنی ٢٠١٠-٢٠١١ لە ماوەی نێوان ١٨-٣٠/٨/ ٢٠١١ فۆرمی پێشکەشکردنی ئەلکترۆنی تاقی بکەنەوە. بۆ دەستپێکردن پێویستە سەرەتا قوتابیان و خوێندکاران لەڕێگای ماڵپەڕی سەرەکی زانکۆلاین (http://csb.mhe-krg.org) ەوە ناویان تۆمار بکەن و دواتر بەپێی ئەو ڕێنماییانەی لەنێو فۆرمە ئەلکترۆنییەکەدا هاتووە  زانیارییەکانیان داخڵی سیستەمەکە بکەن.

پێشکەشکاری ئازیز:

مەرج نییە بە یەکجار تەواوی فۆرمەکە پڕبکەیتەوە، بەڵکۆ دەتوانن بە چاند جارێک ئەو کارە ئەنجام بدەیت، هەر لاپەرەیەکی فۆرمەئەلکترۆنیەکە پڕ بکەیتەوە دەتوانیت بيپارێزيت (واته‌ سەیڤی بکه‌يت) و دواتر بگەڕێتەوە بۆ تەواوکردنی.  هەموو جارێک کە دەگەرێیتەوە سەر فۆرمەکە دەتوانیت ئەو زانیاریانەی پێشتر داخڵت کردوون بیانگۆریت یان زانیاری زیاتر داخڵ بکەیت و سەیڤی بکەیت. بەڵام هەرکاتێک فۆرمەکەت تەوا پڕکردەوەو ناردت  ئیتر ناتوانیت زانیارییەکان بگۆریت.

لەکاتی تاقیکردنەوەی ئەم فۆرمەدا گەر هەر سەرنج و تێبینی و پێشنیازێکت بە بیردا هات تکایە لە رێگای ئیمەڵی (csb.feedback@mhe-krg.org) ەوە بۆمان بنێرە، دڵنیابن تێبینییەکانتان بۆ دەولەمەند کردنی ئەم پرۆژەیە بەهەند وەردەگیرێت.

تکایە لەیادتان بیت ئەم هەنگاوەی یەکەم تەنها بۆ تاقیکردنەوەی سیستەمەکەیە و ته‌نيا داوا له‌و قوتابيانه‌ كراوه‌ كه‌ له‌ خولی يه‌كه‌می تاقی كردنه‌وه‌كان ده‌رچوونه‌ چونكه‌ دوا ئه‌نجام و كۆنمره‌كانيان يه‌كلايی بۆته‌وه‌ و له‌ سيسته‌مه‌كه‌دا جێگير بووه‌.  دڵنيابه‌ كه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانت له‌ ماوه‌ی تاقی كردنه‌وه‌كه‌دا ته‌نيا كاتيه‌ و دواتر زانیارییە داخڵکراوەکان دەسڕینەوە.  واته‌، له‌ مانگی ئه‌يلولدا كه‌ پڕۆژه‌كه‌ به‌ دوا شێوازه‌كه‌ی ڕاده‌گه‌يه‌ندرێت ئه‌وا سه‌رله‌نوێ فۆڕمه‌كان ده‌خرێته‌وه‌ به‌رده‌ست سه‌رجه‌م قوتابيان و خوێنكاران بۆ ئه‌وه‌ی به‌ شێوازه‌ ڕاسته‌قينه‌كه‌ فۆڕمه‌كانيان پشكه‌ش بكه‌ن.  

له‌و بۆنه‌يه‌دا ڕایدەگەیەنین کە پرۆسەی پێشکەشکردنی داواکاری بۆ زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێم بەشێوەیەکی فەرمی لە دوای جه‌ژن له‌ ٤ ی ئه‌يلولی ٢٠١١ دەستپێدەکات، پێوێستە پێشکەشکاران دووبارە فۆرمە ئەلکترۆنییەکە پڕبکەنەوە، وه‌ دوا مۆڵەتیش بۆ پێشکەشکردنی داواکاری له‌ سه‌ره‌تای مانگی تشرينی يه‌كه‌مه‌ (٥/١٠/٢٠١١) .