یەکەمین قۆناغى شایستە داراییەکانى خوێندکارانى تواناسازى لە ڕێگەى بانکیەوە ڕەوانى زانکۆکان کرا

logoy wezrattt

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى یەکەمین قۆناغى شایستە داراییەکانى خوێندکارانى بەرنامەى تواناسازى بەسستمى بانکى ڕەوانەى زانکۆى (ڤال پارسیۆ) کرد، کە ژمارەیەک خوێندکارى تواناسازى تێدا دەخوێنن.

دواى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران ڕەزامەندى نیشاندا لەسەر خەرجکردنى بڕى (٣٠) ملیۆن دۆلار بۆ خوێندکارانى تواناسازى، ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێکەوتى (٥/٤/٢٠١٧) لە دیوانى لێژنەى دابەشکردنى شایستە داراییەکانى خوێندکارانى بەرنامەى تواناسازى بەسەرۆکایەتى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى یەکەمین کۆبونەوەى خۆى سازدا.

لەو کۆبونەوەیەدا، لێژنەکە ڕەزامەندى نیشاندا لەسەر خەرجکردنى بڕى (٤٤٦٨٨٥) دۆلار بۆ (١٧) خوێندکارى کورد کە لە چوارچێوەى بەرنامەى تواناسازى لە زانکۆى (ڤال پارسیۆ) لە ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا دەخوێنن.

لەو چوارچێوەیەدا، هەر ئەمڕۆ بڕى ئەو پارەیە بۆ یەکەمین جار لە ڕێگەى سستمى بانکیەوە ڕەوانەى ڕەوانەى زانکۆى (ڤال پارسیۆ) لە ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا کرا لەبەرامبەر ئەو ژمارە خوێندکارەى کە لەو زانکۆیە دەخوێنن.

لێژنەى خەرجکردنى شایستە داراییەکانى خوێندکاران بەسەرۆکایەتى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە ڕۆژانى داهاتودا لە کۆبونەوەکانى بەردەوام دەبێ بۆ ئەوەى تەواوى شایستە داراییەکانى خوێندکارانى بەرنامەى تواناسازى لە تەواوى زانکۆکانى جیهان کە تێدا دەخوێنن خەرج بکات.

لە  ڕێکەوتى (٦/٣/٢٠١٧) سەرۆکایەتى ئەنجومەنىوەزیرانى هەرێمى کوردستان ڕەزامەندى نیشاندا لەسەر خەرجکردنى بڕى (٣٠) ملیۆن دۆلار بۆ خوێندکارانى تواناسازى، بەتایبەت ئەوانەى ئێستا لە پڕۆسەى خوێندندان، ئەو بڕە پارەیەش بە سێ جار و، هەر مانگەى بڕى (١٠) ملیۆن دۆلار دێتە سەر حیسابى وەزارەتەکەمان.