دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا و کاروبارەکانى بەئەلیکترۆنى دەکرێن

kobwnewey heftan

د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: لە پێناو شەفافیەتى زیاتر و ڕایکردنى کاروبارەکانى خوێندنى باڵا دەبێ هەوڵەکانمان زیاتر چڕبکەینەوە بۆ ئەوەى سەرجەم کاروبارەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و دامەزراوەکانى بەئەلیکترۆنى بکەین.

ئەو ڕاگەیاندنەى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە میانەى کۆبونەوەى هەفتانەى وەزارەت هات، کە ئەمڕۆ یەکشەممە، ڕێکەوتى (٢٢/١/٢٠١٧)، لە هۆڵى کۆبونەوەکانى دیوانى وەزارەت، بەسەرپەرشتى بەڕێز د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەڕێوەچو.

لەو کۆبونەوەیەدا، کە ڕاوێژکاران و، بەڕێوەبەرە گشتیەکان و یاریدەدەرانى بەڕێوەبەرى گشتى و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرەکانى دیوانى وەزارەت ئامادەیبون، گفتوگۆ لەبارەى چەند بابەتێکى گرنگ کرا.

لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا، د.یوسف گۆران بەگرنگیەوە باسى لە سیستمى وەرگرتنى ڕاستەوخۆى زانکۆکان کرد و، بەسیستمێکى سەرکەوتو وەسفیکرد و، وتى خۆشەبەختانە لەلایەن خوێندکارانەوە ئەمساڵ پێشوازیەکى گەرم لە پڕۆسەکە کراو، بەهەوڵى زانکۆکان توانرا بەسەرکەوتوى تەواو بکرێ، لەوەشدا زانکۆکانى (سەڵاحەددین، سلێمانى، پۆلیتەکنیکى هەولێر) پێشەنگى جێبەجێکردنى سیستمەکە بون، ڕاشیگەیاند دواى ڕاوێژکردن لەگەڵ زانکۆکان هەوڵ دەدەین بۆ ساڵى داهاتو ئەم سیستمە فروان بکەین بۆ ئەوەى لە سەرجەم بەشە زانستیەکان جێبەجێ بکرێ، جگە لە کۆلێژەکانى (پزیشکى، ئەندازیارى، یاسا) کە هەر بەهەمان سیستمى ناوەندى وەرگرتن خوێندکاران دەتوانن داوا پێشکەش بکەن، بۆ ئەوەش بەڕێوەبەرە گشتیەکانى ڕاسپارد  داتابەیسێک (سۆفت وێرێک) بۆ ئەو سیستمە دروست بکەن و، لەگەڵ زانکۆکانیش کۆببنەوە بۆ وەرگرتنى ڕاو پیشنیازەکانیان و دیاریکردنى مەرج و ڕێنمایی وەرگرتن بۆ سەرجەم بەشەکان، هەر لەو چوارچێوەیەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى بەهەمان شێوە دواى ڕاوێژکردن لەگەڵ زانکۆکان دەبێ سیستمێک بۆ خوێندنى ئێواران و پارالێل لە زانکۆ حکومیەکان دابنێین، بۆ هەریەک لەو بابەتانەش وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕیارى پێکهێنانى لێژنەى پێویستى دا بۆ ئەوەى بەهەماهەنگى لەگەڵ زانکۆکان بگەنە بڕیارى گونجاو.

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، د.یوسف گۆران باسى لە گرنگى بەئەلیکترۆنیکردنى خوێندنى باڵا کرد و ڕایگەیاند: هاوشێوەى وڵاتانى پێشکەوتو دەبێ پڕۆسەى پێشکەشکردن بۆ خوێندنى باڵا (ماستەر و دکتۆرا) بەئەلیکترۆنى بکەین، بەشێوەیەک خوازیاران بەشێوەى (ئۆنلاین) بتوانن داواکارى بۆ خوێندنى باڵا پێشکەش بکەن، وتیشى بە جێبەجێکردنى ئەم پرۆسەیە باشتر دەتوانین ئاگادارى پرۆسەکە ببین، لەهەمان کاتدا کارئاسانیەکى زۆریش بۆ خوازیاران دەکات، بۆ ئەوەش ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتیەکانى ڕاسپارد لە کۆبونەوەى لێژنەى باڵا-ى خوێندنى باڵا کۆبونەوەیەک ئەنجام بدەن و، ڕاو پێشنیازى زانکۆکان وەربگرن لە پێناو دۆزینەوەى میکانزمێکى گونجاو بۆ بەئەلیکترۆنیکردنى سەرجەم پڕۆسەى خوێندنى باڵا.

هەر لەو کۆبونەوەیەدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى گرنگى بەئەلکترۆنیکردنى دامەزراوەکانى خوێندنى تایبەت خستەڕو و وتى: دەبێ زانکۆ و پەیمانگە تایبەکان سەرجەم کاروبارەکانیان بەئەلیکترۆنى بکەن، لەهەنگاوى یەکەمیشدا باشترە شێوازى بەڕێوەبردنى کاروبارەکانیان بەئەلیکترۆنى بکەن و، دواتریش کاروبارەکانى دیکە، لەو چوارچێوەشەدا بەڕێوەبەرە پەیوەندارەکانى ڕاسپارد لەگەڵ زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان گفتوگۆ بکەن بۆ داڕشتنى میکانزمێکى گونجاو تا لە زوترین کاتدا ئەو پڕۆسەیە بچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەى بەئەلیکترۆنیکردنى کاروبارى کارگێڕى دیوانى وەزارەت کرا، لەو چوارچێوەیەشدا بڕیارى پێویست دراو لێژنەى پێویستى بۆ پێکهات.

هەر لەو کۆبونەوەیەدا گفتوگۆ لەبارەى چەندین بابەتى دیکەى پەیوەست بەکاروبارى خوێندنى باڵا و دامەزراوەکان کرا، بۆ ئەوەش بیروڕاى جیا ئاڵوگۆرکرا.