وڵامێک لە وەزارەتى خوێندنى باڵا-وە بۆ زاهیر لەتیف دەربارەى زمانى ئینگلیزى

logoy wezaret 22

وەزارەتی خوێندنی باڵا لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا گرنگییەکی بەرچاوی بە زمانی ئینگلیزی داوە، وەک زمانی دوەم و زمانی زانست لە زانکۆکانی کوردستان، هاوکات زمانی ئینگلیزی پێشمەرجی دەستپێکردنی خوێندنی ئەکادیمییە لە ئاستی (ماستەر و دکتۆرا)، ڕەنگە ئەم هەنگاوەشمان پرسیاری لای کۆمەڵانی خەڵک دروست کردبێت، ئایا بۆچی هێندە تەرکیز لەسەر زمانی ئینگلیزی دەکرێت؟

گومانی تێدانیە، کە لە ئێستادا زمانی ئینگلیزی زمانی زانستە، زمانی گەیشتنە بە سەرچاوە نوێ و ڕەسەن و سەرەکییەکانی مەعریفە، زمانی "پەیوەندیکردنی" توێژەران و زانایان و بیرمەندانە لە سەرتاسەری دونیا، زمانی کۆنفرانسە زانستییە نێودەوڵەتییەکانە، زمانی پڕۆژە و گرانت و توێژینەوە هاوبەشەکانە لەنێوان کایە ئەکادیمییەکانی دونیا، لە سەردەمی جیهانگیری و پۆست مۆدیرندا، پرۆسەی بەرهەمهێنانی مەعریفەو سەرجەم کایەکانی توێژینەوەی زانستی پرۆسەیەکی بێسنورە، توێژەران و زانایان بۆ کاراکردن و ئاڵوگۆڕی دەرئەنجام و بەرهەمە زانستییەکانیان پێویستیان بە زمانێکی هاوبەشی گڵۆباڵە، زمانی ئینگلیزی تا ئەمڕۆ توانیویەتی ئەم ڕۆڵە بگێڕێت.

بابەتى گرنگیدان بە زمانی ئینگلیزی نەک تەنها لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکو وڵاتانی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و تەواوی ئەوروپای گرتۆتەوە، توێژەرانی وڵاتانی ژاپۆن و چین و پۆلاند و کۆماری چیک و ئەڵمانیا و فەرەنسا و سکەندەنافیا و...هتد بە کارایی بەرهەم و توێژینەوە زانستییەکانیان لە گۆڤارە نێودەوڵەتییەکاندا بە زمانی ئینگلیزی هاوبەش دەکەن و، بەشێکی زۆری نامەو تێزەکانی ماستەر و دکتۆراش لە زنکۆکانیان بە زمانی ئینگلیزی دەنوسرێنەوە.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى چاوی لەوەیە کە نەوەی نوێی مامۆستایانی زانکۆ و زانایان و سەرکردە ئەکادیمییەکان بتوانن بە کارایی زمانی ئینگلیزی بەکار بهێنن و، زمان نەبێتە گرفتی گەشتن بە سەرچاوە ڕەسەن و نوێیەکانی زانست ، لەهەمان کاتدا دەمانەوێ زمان نەبێتە لەمپەڕ لە بەردەم پەیوەندیکردنی نێودەوڵەتی و هاوبەشکردن و گەیاندنی ئەنجامی توێژینەوە و بەرهەمەکانی توێژەرەکانمان، تا زانکۆکانمان بەشداری رەسەن بکەن لە بەرهەمهێنانی مەعریفە و لەسەر نەخشەی ئەکادیمیای نێودەوڵەتی بە کارایی ببینرێن.

بۆ ئێمە جێگەی نیگەرانیە کە هەندێک لە مامۆستاکان و بگرە هەندێک لە پرۆفیسۆرەکانی زانکۆکانمان  ئەم بابەتە بە "تەنگژە" ناو ببەن و ئەم دیبەیتەش بە زانیاری ناڕاست و نادروستەوە بخەنە بەر چاوی ڕای گشتی.

لە ڕێکەوتی (٢١/١/٢٠١٧) بەڕێز پرۆفیسۆر زاهیر لەتیف لە چەند وێبسایتێک بابەتێکی بە ناونیشانی (تەنگەژەی زمانی ئینگلیزی لەبەر دەم خوێندکارانی خوێندنی باڵا) بڵاوکردۆتەوە، ئەوەی جێگەی نیگەرانییە نوسەر لە نوسێنى بابەتەکانیدا لۆجیک  و ئارگیومێنتەکەی و هەم تەواوی زانیارییەکانی نێو نوسینەکەى ناڕاستن و، نیشانەی بێئاگایی بەڕێزیانە لەبارەی بابەتى توانستی زمانی ئینگلیزی، ئەوە لە کاتێکدا ئەم بەڕێزە سەردەمانێکی دورو درێژ لە زانکۆی سلێمانی لێپرسراوى تاقیکردنەوەکانی توانستی زمانی ئینگلیزی تایبەت بە خوێندنی باڵا بوە، هەر بۆیە  لێرەدا بە پێویستی دەزانین بۆ مامۆستایانی ئازیز و، بۆ ڕای گشتیی ئەم ڕاستیانە ئاماژە پێبکەین:

  1. زمانی ئینگلیزی لە ساڵانی (نەوەدەکانەوە) لە خوێندنی باڵا مەرجی پێشوەختی وەرگرتن بوە، بەڵام بەهۆی دابڕانی زانکۆکانی کوردستان لە دونیای دەرەوە ، لەو کاتەدا تاقیکردنەوە ستانداردەکانی توانستی زمانی ئینگلییزی لە هەرێمی کوردستان دەستەبەر نەبون، بەڵکو تاقیکردنەوەیەکی لۆکاڵ لە زانکۆکانی هەرێم ڕێک دەخرا بە ناوی تاقیکردنەوەی لێهاتویی زمانی ئینگلیزی و، دەرچونیش لەم تاقیکردنەوەیە مەرجی پیشوەختی وەرگرتن بوە لە خوێندنی ماستەر و دکتۆرا.
  2. وەزارەتی خوێندنی باڵا بە هاوکاری پارتنەرە نێودەوڵەتییەکان توانی هەرسێ تاقیکردنەوەی ستانداردی توانستی زانستیی (iBT TOEFL, IELTS, PEARSON) لە هەرێمی کوردستان دەستەبەر بکات و، هەموو ئەم تاقیکردنەوانەش لە ڕێگەی زانکۆ و دامەزراوە حکومییەکانەوە بەئەنجام دەگەیەنرێت، ئەوەش بۆ ڕێگریکردنە لە کاری بازرگانی نەخوازراو، هەموو زانکۆکانی دونیا لەسەر ئەوە کۆکن کە باشترین ڕێگەی هەڵسەنگاندنی ئاستی توانستی زمان دەبێت لە ڕێگەی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی ستانداردەوە بێت.
  3. لەگەڵ ئەوەی زمانی ئینگلیزی مەرجی دەستپێکردنی خوێندنی ئەکادیمییە، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەم مەرجە نەبۆتە لەمپەڕ لەبەردەم وەرگرتنی کاندیدەکان، بەڵکو ئەو کاندیدانەی کە لە پرۆسەی پێشبڕکیی پێشکەشکردندا سەرکەوتوو بون ئۆفەری مەجداریان پێدەدرێت و بەر لە دەستپێکردنی خوێندنی ئەکادیمی ماوەی (٦ مانگ تا یەک ساڵ) دەتوانن کۆرسی زمانی ئینگلیزی وەربگرن، دوای بەدەستهێنانی مەرجی توانستی زمانی ئینگلیزی دەتوانن دەست بە خوێندنی ئەکادیمی بکەن، ئەمەش دەقاودەق هاوشێوەی مەرج و ستانداردەکانی وەرگرتنە لە زانکۆکانی (بەریتانیا، ئەمەریکا، کەنەدا، ئوسترالیا، ئەڵمانیا... هتد)، بەجۆرێک لەو سیستمانەدا زانکۆ ئۆفەری مەرجدار (لەسەر ئاستێکی دیاریکراوی توانستی زمان) دەداتە پیشکەشکاران، لە دوای بەدەستهێنانی مەرجی توانستی زمان، ئەو کات کاندیدەکان دەتوانن دەست بە خوێندنی ئەکادیمی بکەن و،  هیچ زانکۆیەک لە بەریتانیا نییە کە ڕێگە بدات کە کاندیدەکان بەبێ بەدەستهێنانی ئاستی داواکراو لە توانستی زمانی ئینگلیزی بتوانن بچنە نێو کۆرسی ئەکادیمیەوە.
  4. بە ڕاستی جێگەی سەرسوڕمانە کە پرۆفیسۆر زاهیر لەتیف پێی وابێت کە "ئەو ڕێژەیەی کە دیاریکراوە لە ئاستی توانستی زمانی ئینگلیزی، هەمان ئەو ڕێژەیەیە کە لە بەریتانیا دیاری کراوە"، کەمترین ئاستی داواکراو بۆ توانستی زمانی ئینگلیزی لە زۆرینەی هەرە زۆری کۆرسەکانی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانی بەریتانیا بریتییە لە (7)ی تاقیکردنەوەی (IELTS)، بەشێکی زۆریش لە کۆرسەکانی زانستە مرۆییەکان داوای (7.5)ی (IELTS)  لە پێشکەشکاران دەکەن، چونکە بواری زانستە مرۆییەکانی ئاستێکی باڵاتری توانستی زمانی دەوێت. لە کاتێکدا ئەو ئاستەی لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى دیاریکراوە بریتییە لە (5)ی تاقیکردنەوەی (IELTS) بۆ خوێندنی ماستەر و (6)ی تاقیکردنەوەی (IELTS) بۆ خوێندنی دکتۆرا.
  5. ڕۆژانە سەدان گۆڤار و هەزاران توێژینەوەی زانستی لە گۆڤارە زانستییە ئاست بەرزەکان و خاوەن فاکتەری کاریگەری بەرزدا بڵاو دەبنەوە، زۆرینەی هەرە زۆر و ڕەهای ئەم توێژینەوانەش نەک بە زمانی دیکە بەرجەستە نین، بەڵکو زۆرێک لە زانکۆکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەر ناوی  گۆڤارەکانیشیان نەبیستوە، یان بەشێوەیەکی یاسایی دەستیان بە توێژینەوەکانی ئەو گۆڤارە ئاست بەرزانە ڕاناگات.
  6. ئەگەر جەنابی پرۆفیسۆر، مەبەستی وەرگێڕانی کتێبی زانستییە، بێگومان دەبێت بزانێت "کتێب" هەر  لەو ڕۆژەی بە زمانی ڕەسەنی دەکەوێتە بازارەوە بەشی هەرە زۆری زانیارییەکانی بەسەر چوە، چ جای ئەوەی توێژەری کورد چاوەڕێی ڕەحمەتی جوڵانەوەی وەرگێڕانی زمانەکانی دیکە بکات، هاوکات کەی لە نوسینی دکتۆرا و توێژینەوەی ڕەسەندا "کتێب" وەک سەرچاوەی کاریگەر ئەژمار دەکرێت، پاشان ئێمە بۆ خەونی گەورەترمان نەبێت، لەبری چاوەڕوانی بۆ وەرگێران، بۆ نەوەی نوێ لەسەر گەیشتن بە سەرچاوە سەرەکی و ڕەسەنەکان ڕانەهێنین؟

لە کۆتاییدا نابێت گەشەکردنی پرۆسەی خوێندنی باڵا و توێژینەوە زانستییەکان بخرێنە چوارچێوەی موزایەداتی پۆپۆلیستییەوە، نابێت بەڕێزێک لە ئاستی پرۆفیسۆر زانیاری نادروست وەکو فاکتی زانستیی بخاتە بەر دەمی ڕای گشتی و هەوڵی شێواندنی ڕاستییە زانستییەکان بدات، نابێت کەسێک لە ئاستی پرۆفیسۆر زانیارییەکانی نوێ نەکاتەوە، ئێمە بەش بە حاڵی خۆمان لە دوای ناردنی هەزاران قوتابی و خوێندکاری تواناسازی و بەرنامەکانی دیکەی ناردنەدەرەوە و، سەدان کاندیدی سیستمی سپلیت سایت و، سەرپەرشتیکردنی دەیان پرۆژەی توێژینەوەی هاوبەش لەگەڵ زانکۆکانی دەرەوەی وڵات، ئەو ڕاستییەمان لەپێش چاوە کە هێشتا کاری زیاترمان دەوێت بۆ ئەوەی نەوەی نوێی مامۆستایانی زانکۆکانمان بتوانن بە کارایی لە کایەی ئەکادیمی نێودەوڵەتیدا جێ پەنجەیان دیاربێت، هەم ئاگایان لە گۆڕانکارییە زانستییەکان هەبێت و، هەم دونیاش بەرهەمی زانستیمان ببینێت.