ڕونکردنەوەیەک لە وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى

IMG_6009999.jpg

 سەبارەت بە لێدوانى بەشێک لە بەرپرسانى وەزارەتى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەبارەى پێدانى (٣%) نمرە بە دەرچوانى پۆلى (١٢) ئامادەیى, کە ساڵى پار بەساڵى نەکەوتن بۆیان ئەژمار کرا, بەپێویستى دەزانین ئەم ڕونکردنەوەیە بۆ بەرپرسانى وەزارەتى پەروەردەو دەرچوانى پۆلى (١٢)ى ئامادەیى و ڕاى گشتى بخەینەڕوو.

ساڵانە وەزارەتى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى لەسەر بنەماى جیاکردنەوەى ساڵەکانى دەرچون (٣) نمرە دەبەخشێتە دەرچوانى پۆلى (١٢)ى ئامادەیى,  بۆیە ئەرکى وەزارەتى پەروەرەیە کە بۆ وەزارەتەکەمانى دیارى بکات ئایا دەرچوانى پۆلى (١٢)ى ئامادەیى, کام دەرچووە کە بە ساڵى یەکەم، یاخود ساڵى دوەم پۆلى (١٢)ى ئامادەییان تەواو کردوە.

لە ماوەى ڕابردودا چەند جارێک وەزارەتەکەمان داواى لە وەزارەتى پەوەردە کردوە کە ئەو جیاکردنەوەیەمان بۆ جێبەجێ بکات و ڕەوانەى وەزارەتەکەمانى بکات, بەڵام وەزارەتى پەروەردە پێى ڕاگەیاندوین کە ناتوانن ئەو پڕۆسەى جیاکارییە جیبەجێ بکەن، بۆیە بەهۆى ئەوەى وەزارەتى پەروەردە نەیتوانیوە ئەو پڕۆسەیە جێبەجێ بکات, لەبەرئەوە ناتوانرێت بەهەمان شێوەى دەرچوانى ساڵى یەکەم و خولى یەکەم (٣%) نمرە بدرێت بەو دەرچوانەى کە بۆ ماوەى  (٢) ساڵ لە پۆلى (١٢) ماونەتەوە, واتە لە ساڵەکانى خوێندنى (٢٠١٣-٢٠١٤) و (٢٠١٤-٢٠١٥) لە قۆناغى (١٢) ئامادەیى خوێندکار بوون.

بۆیە داوا لە وەزارەتى پەروەردە دەکەین لە زوترین کاتدا پڕۆسەى جیاکردنەوەکەمان بۆ ئەنجام بدات و, ڕەوانەى وەزارەتەکەمانى بکات تا بزانین (٣) نمرەکە بدەین بە کام لە دەرچوانى پۆلى (١٢)ى ئامادەیى.

عەباس ئەکرەم

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى

٢٦/١٠/٢٠١٥