وەزیرى خوێندنى باڵا ساڵیادى دامەزراندنى یەکێتى مامۆستایانى کوردستان پیرۆز دەکات

وه‌زیری خوێندنی باڵا + پیرۆزبایی

بەبۆنەى ساڵیادى دامەزراندنى یەکێتی مامۆستایانی کوردستان د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پیرۆزباییەکى ئاراستەى یەکێتى مامۆستایانى کوردستان کرد، کە ئەمە دەقەکەیەتى:

بەڕێزان سەرۆک و ئەندامانی سکرتاریەتی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان

لە ناخی دڵمەوە پیرۆزبایی (٥٨)ە مین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لە ئێوەی بەڕێز دەکەم، هەر لە ڕێگەی ئێوەشەوە پیرۆزبایی گەرم ئاراستەی یەکە بەیەکەی مامۆستایانی سەربەرزی هەرێمی کوردستان دەکەم و دەستی ماندونەبویان دەگوشم، جێگای شانازییە کە مێژوی ئەم رێکخراوە پڕاو پڕە لە خەبات و قوربانیدان و کۆڵنەدان، لە قۆناغی خەباتی شاخدا یەکێتی مامۆستایان پشتیوانی مەزنی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان بون و لە دوای ڕاپەڕینیش بونە داینەمۆی سەرەکی خەباتی مەدەنی مامۆستایان و پارێزەری مافە ڕەواکانیان، لە هەمان کاتدا پشتیوانی تەواوی بەردەوام بون و گەشەکردن و پێشخستنی پرۆسەی خوێندن بون لە هەرێمی کوردستان لە پێناو پیگەیاندنی ڕۆڵەکانی وڵاتەکەمان و ئامادەکردنیان بۆ خزمەتکردنی پرۆسەی ئاوەدانی و بنیادنانی نیشتیمان.

لەم بۆنەیەدا پشتیوانی خۆمان و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ یەکێتی مامۆستایان و دەستەبەرکردنی مافە ڕەواکانی سەرجەم مامۆستایانی وڵاتەکەمان دوپاتدەکەینەوە، ئێمە باوەڕی تەواومان هەیە کە گەشەکردنی بەردەوامی پرۆسەی پەروەردە و خوێندن بەندە بە دابینکردنی مافەکانی مامۆستایان و ڕێزگرتن لە ئەرک و ماندوبون و خەبات و شەونخونیان، هەمو لایەکمان دەبێت پێکەوە کار بکەین بۆ ئەوەی مامۆستایانی وڵاتەکەمان گرفتی بژیوی ژیانیان نەبێت بۆ ئەوەی بتوانن ئەرکە پەروەردەییەکانی سەرشانیان بەجێ بهێنن و بەشداری کارا لە ڕیفۆرم و گەشەپێدانی پرۆسەی خوێندن لە هەرێمەکەمان بکەن.

دووبارە پیرۆزبایتان لیدەکەم و هیوای سەرکەوتن و بەردەوامیتان بۆ دەخوازم ...

 

د. ئـارام محـمد قـادر

وەزیری خویندنی باڵا و توێژیەوەی زانستی