بەسەرپەرشتى د.یوسف گۆران لێژنەى هەماهەنگى جێبەجێکردنى یاداشتى لێکگەیشتنى نێوان حکومەتى هەرێم و هەنگاریا کۆبوەوە

IMG_9575.jpg

بەئامانجى جێبەجێکردنى بڕگەکانى ئەو ڕێکەوتنماییەى کە لە نێوان قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و وەزیرى دەرەوەى هەنگاریا لە ڕێکەوتى (١٢/١١/٢٠١٤) ئیمزا کرا، ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێکەوتى (١/٧/٢٠١٥) بەسەرپەرشتى د.یوسف گۆران سەرۆکى لێژنەى هەماهەنگى جێبەجێکردنى یاداشتى لێکگەیشتنى نێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و هەنگاریا و، بەئامادەبونى د. تیبۆر ستمارى باڵیوزى هەنگاریا لە عێراق دوەمین کۆبونەوەى خۆى لە دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى بەڕێوەبرد.

لەو کۆبونەوەیەدا د.یوسف گۆران دواى بەخێرهێنانى وەفدى میوان، ئەندامانى لێژنەى هەماهەنگى جێبەجێکردنى یاداشتى لێکگەیشتنى نێوان حکومەتى هەرێم و هەنگاریا بە باڵێوزى هەنگاریا ناساند.

پاشان ئاماژەى بەپێکهێنانى لێژنەکەیان کرد کە، لە دواى ئیمزاکردنى یاداشتى لێکگەیشتن لە نێوان قوباد تاڵەبانى و وەزیرى دەرەوەى هەنگاریا بەفرمانى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران دامەزراوە، وتیشى ئێمە لێژنەیەکى تایبەتین بۆ جێبەجێکردنى خاڵەکانى ئەو ڕێکەوتنامەیە، لەو چوارچێوەیەشدا تا ئێستا دوو کۆبونەوەمان ئەنجامداوە. د.یوسف گۆران ئەوەشى ڕاگەیاند: کە زۆر بەجدى و گرنگیەوە هەوڵ دەدەن دەقى ئەو خاڵانەى لە ڕێکەوتنامەکەدا هاتوە جێبەجێیان بکەن، وتیشى بەهۆى ئەو ڕێکەوتنمایەوە دەتوانین دەرگایەکى بەهێز بۆ زیاتر پتەوکردنى پەیوەندییەکانمان بکەینەوە، ئاشکراشیکرد کە پێشتر هەنگاریا دەستپێشخەرى زۆریان کردوە، بۆیە لە ڕێگەى ئەو ڕێکەوتنامەیەوە دەخوازین دەستنیشانى ئەو لایەنانە بکەین کە دەبنە هۆى بەهێزکردنى پەیوەندییەکانى نێوانمان، هەروەک پێکهێنانى ئەم لێژنەیەش بۆ دۆزینەوەى میکانزمى پەرەپێدانى پەیوەندییەکان و جێبەجێکردنى خاڵ و بڕگەکانى ڕێکەوتنامەکەیە، هەر بۆ ئەو مەبەستەش بڕیارمانداوە سەردانى وڵاتەکەتان بکەین.

لە کۆتایشدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کە لەهەمان کاتدا سەرۆکى لێژنەى هەماهەنگى جێبەجێکردنى یاداشتى لێکگەیشتنى نێوان حکومەتى هەرێم و هەنگاریا داواى لە باڵیۆزى هەنگاریا لە عێراق کرد، ئەوانیش لاى خۆیانەوە لێژنەى هاوشێوە دروست بکەن، بۆ ئەوەى کارەکان چالاکتر بن و خاڵ و بڕگەکانى ڕێکەوتنەکەش زوتر جێبەجێ بکرێن.

لە بەرامبەردا  د. تیبۆر ستمارى باڵیۆزى هەنگاریا لە عێراق ڕاگەیاند: ئێمە هاوشێوەى هەرێمى کوردستان زۆر جدین لە جێبەجێکردنى خاڵەکانى ڕێکەوتنامەکە. سەبارەت بەئاستى پەیوەندى وڵاتەکەى لەگەڵ هەرێمى کوردستان د. تیبۆر ستمارى وتى: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمى کوردستان لە ئاستێکى زۆر باشەدایە، بەڵام ئارەزو دەکەین زیاتر فراوانى بکەین، بەکردار حکومەتى هەنگاریا لە زۆر ڕەوەو بەتایبەت لە بوارى سیاسى، سەربازى، خوێندنى باڵا، کەرتى نەوت، وەبەرهێنان لەگەڵ هەرێمى کوردستان پەیوەندى هەیە، جگە لەوانەش ئێستا ڕاستەوخۆ لە کۆنسڵگەرى هەنگاریا لە هەرێمى کوردستان ڕاستەوخۆ ڤیزا بەهاوڵاتیان دەدرێت، ئەتوانین لە بوارى گەشت و گوزارو شوێنەواریش هاریکار بین، لەو چوارچێوەیەشدا هەوڵ لە ئارادایە بۆ ئەوەى گەشتى ڕاستەوخۆى نێوان هەولێرو بۆدابێست بکرێتەوە.

لە کۆتایى قسەکانیدا باڵیۆزى هەنگاریا لە عێراق وتى: هەوڵ دەدەین پەیامى هەرێمى کوردستان بگەێنینە حکومەتى هەنگارى بۆ ئەوەى لایەنە پەیوەندیدارەکان هەنگاوى کردارى بنێن بۆ جێبەجێکردنى خاڵ و بڕگەکانى ڕێکەوتنامەکە.

جێگەى ئاماژەپێدان لە ڕێکەوتى (١٢/١١/٢٠١٤) یاداشتى لێکگەیشتن لە نێوان قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و وەزیرى دەرەوەى هەنگاریا ئیمزا کرا، دواتریش بۆ جێبەجێکردنى ڕیکەوتننامەکە، لە ڕێکەوتى (٣٠/٤/٢٠١٥) سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران بەئیمزاى قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆک وەزیران لێژنەیەکى هەشت کەسى پێکهێنا کە پێک دێن لە:

1. د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى                سەرۆکى لێژنە

2. نه‌ورۆز مه‌ولود وه‌زیرى شاره‌وانى و گه‌شت و گوزار                                    ئەندام

3. فەلاح مستەفا سەرۆکى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە                         ئەندام

4. رێبوار خەلیل سەرۆکى دەستەى وەبەرهێنان                                            ئەندام

5. تەها زەنگەنە بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتیەکان                                ئەندام

6. ئەژى عەبدولقادر راوێژکارى جێگرى سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران                  ئەندام

7. مەولەوى جەبار سەرۆکى دەستەى گەشت و گوزارى هەرێم                        ئەندام

 8. ئەبوبەکر عوسمان بەڕێوەبەرى گشتى شوێنەوارى هەرێم                           ئەندام