مامۆستایانی زانکۆ و دەرماڵەی نازناوی زانستی

newsitem-1635-06.11.2013-ku.jpg

 ئەمرۆ چوار شەممە، ڕێکەوتی (6/11/2013) ژمارەیەک لە مامۆستایانی زانکۆی سەڵاحەدین و پۆلیتە‌‌کنیکی و زانکۆی پزیشکی هەولێر، بەنوێنەرایەتی سەرجەم مامۆستایانی تری ئەو زانکۆیانە لەبەردەم وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا، لەو گردبونەوەیەدا مامۆستایانی زانکۆ داوایان دەکرد، دەرماڵەی نازناوی زانستییان بۆ سەرف بکرێت.

 لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە هەریەک لە دکتۆر خەتاب ئەحمەد بەڕێوەبەڕی گشتی دیوانی وەزارەت و دکتۆر محمدسابیر بەڕێوەبەری گشتی خوێندن و پەرە پێدان پێشوازیان لە مامۆستاکان کرد. دکتۆر خەتاب لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵەکانی ڕڕگەیاندن و مامۆستایان، جەختی لەپشتیوانی تەواوی وەزارەت کردەوە بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکان و وتیشی " سەرفکردنی دەرماڵەی نازناوی زانستی، یاسای ژمارە 12 ی ساڵی 2013 ی پەرلەمانی کوردستانی بۆ دەرچووە و پێویستە وەزارەتی دارایی جێبەجێی بکات و لەوباریەوەش وەزارەتمان هەمو ڕێکارە کارگێڕیەکانمان ئامادەکردوە، بەڵام وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان تێبینیان لەسەر ڕێژەی دەرماڵەی مامۆستایان هەیە، بۆیە تا ئێستا نەیان خستۆتە بواری جیبەجیکردنەوە، جگە لەوانەش دوو نوسراومان ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی حکومەتی ناوەندی کردوە بەمەبەستی ئەوەی بتوانێ ڕونکردنەوە لە چۆنییەتی جێبەجیکردنی یاساکە بدات بۆ ئەوەی بەهەمان شێوە لە کوردستان جێبەجێ بکرێت.
    بەرێوەبەری گشتی دیوان، مامۆستایانیشی دڵنیاکردەوە کە وەزارەتی خوێندنی باڵا بەدوای ئەو مەسەلەیەوە دەبێت تا ئەوکاتەی جێبەجێ دەکرێت و ئاشکراشی کرد کە " ڕێنماییمان بۆ یاساکە دەرکردووە و بۆسەرجەم زانکۆکانیشمان ناردووە، یاساکە لە حکومەتی ناوەندیش هەیە  و لەلایەن حکومەتی ناوەندی لە (7/5/2012)ەوە چۆتە بواری جێبەجی کردنەوە".