وەزارەتى خوێندنى باڵا چەند ڕاگرێک دەستنیشان دەکات

بۆ یەکەم جار بەشێوازى سی.ڤی (CV)، وەزارەتى خوێندنى باڵا چەند ڕاگرێک دەستنیشان دەکات

بۆ یەکەم جار لەمێژووى خوێندنى باڵاى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و عێراق و بەهەرێمى کوردستانیشەوە، بە چاودێرى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، پڕۆسەى بەربژارکردنى سی.ڤى چەند ڕاگرى کۆلێجێکى سەر بە زانکۆى سلێمانى لە کەشێکى دیموکراسى و شەفافدا بەڕێوەچوو، کە لە ماوەى ڕابردوودا بەشێوازى ڕاگەیاندى ئاشکرا لە ڕۆژنامە ناوخۆییەکاندا بڵاوکرانەوە.

دواى ئەوەى کە لە ڕۆژنامە ناوخۆییەکاندا بڵاوکرایەوە، کە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایدەگەیەنێت کە زانکۆى سلێمانى پێویستى بە دامەزراندنى 6 ڕاگر هەیە و بەنیازە لەڕێگەی پڕۆسەیەکى کراوە و شەفافەوە بە سی.ڤى دەست نیشانیان بکات، ئەمڕۆ دووشەممە 15/2/2010 بە ئامادەبوونى پڕۆفیسۆر د.دلاوەر عەبدولعەزیز عەلائەدین وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و لێژنەیەکى پسپۆڕى وەزارەت، لە هۆڵى کۆبوونەوەکان لە دیوانى وەزارەت، پڕۆسەى بەربژارکردنى سی.ڤى خوازیاران بۆ پۆستى ڕاگرى کۆلێج بەڕێوەچوو، وا بڕیاریشە لە بیست و چوار کاتژمێرى داهاتوودا لێژنەکە ئەنجامى کۆتایى ڕابگەیەنێت.

هەروەکو پێشووتر لە ئاگادارییەکەدا بڵاوکرابووەوە کە خوازیاران و ئارەزوومەندان دەتوانن فۆڕمى داواکارییەکان لەڕێگەى ماڵپەڕى وەزارەتەوە وەدەست بهێنن و لە هەمان پێگەشەوە دەتوانن سی.ڤى و داواکارییەکان بنێرن، کە پڕۆسەکە لە 20/1 تا 15/2/2010 بەردەوام بوو و نزیکەى 38 ئارەزوومەند داواکارییان پێشکەش کردبوو.

جێگەى باسە ڕاگەیاندنى پۆستە بەتاڵەکان لە زانکۆى سلێمانى بریتیی بوون لە ڕاگرى کۆلێجى کارگێڕى و ئابوورى، کۆلێجى پەرستارى، کۆلێجى هونەر، کۆلێجى زانستە ئیسلامییەکان، کۆلێجى پەروەردەى چەمچەماڵ، کۆلێجى زانستە سروشتییەکانى چوارتا.