نوفمبر 2016

ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى چەند بڕیارێکى گرنگى دەرکرد

كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌ت 5

ئەمڕۆ چوارشەمە ڕێکەوتی (٦/٥/٢٠٢٠) ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر سەرۆکى ئەنجومەن، ئامادەبونی بریکارى وەزارەت و سەرجەم سەرۆک زانکۆکانى کوردستان، کۆبونەوەی ژمارە (٦)ی ساڵی (٢٠٢٠)ی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.

لە کۆبونەوەکەدا پرسی خوێندنی ئەلکترۆنی (پاڵپشتیکار) و دەستپێکردنەوەی خوێندنی ئاسایی نێوکامپەس تاوتوێ کرا، بۆ ئەمەش د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی تیشکی خستە سەر دوا گۆڕانکارییەکانى ڕەوشی تەندروستی و بارۆدۆخی دارایی هەرێمی کوردستان، لەم سۆنگەیەشەوە ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی جەختی کردەوە کە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران هەرچی زوە هەمو هەوڵەکانی خۆی بخاتە گەڕ بۆ چارەسەرکردنی پرسی دواکەوتنی موچەی مامۆستایان و فەرمانبەران.

 

دوای تاوتوێکردن و هەڵسەنگاندنی هەمەلایەنەی پرسی خوێندنی ئەلکترۆنی (پاڵپشتیکار) و دەستپێکردنەوەی خوێندنی ئاسایی نێوکامپەس، ئەنجومەنى وەزارەت ئەم بڕیارانەی خوارەوەى دەرکرد:

  1. ئەگەر بارودۆخی تەندروستی بەم شێوەی ئێستا ڕو لەباش بون بێت، ئەوا پرۆسەی خوێندنی نێوکامپەس لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی تری خوێندنی باڵا لە (٣٠/٥/٢٠٢٠) دەست پێ دەکاتەوە.
  2. خوێندنی ئەلکترۆنی (پاڵپشتیکار) لە ئێستادا بەردەوام دەبێت تاکو دەستپێکردنەوەی خوێندنی نێوکامپەس، و لەدوای ئەوەش پاڵپشت بە خاڵی (٩) لە بڕگەی سێیەمی ماددەی هەژدەیەم لە یاسای ژمارە (١٠)ی ساڵی (٢٠٠٨)، خوێندنی ئەلیکترۆنی هاوشانی خوێندنی ئاسایی نێوکامپەس پەیڕەودەکرێت هاوشێوەی زانکۆ جیهانییەکان و بەمەبەستی دانەبڕانی خوێندکاران و قوتابیان لە سیستمە ستانداردە جیهانییەکان و تەکنەلۆجیای سەردەم.
  3. ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ساڵنامەی زانکۆیی بۆ تەواوکردنی پرۆگرامی ساڵی خوێندنی (٢٠١٩-٢٠٢٠) ڕێکخستەوە، هەروەها لە چوارچێوەی سەربەخۆیی کارگێڕێ، زانکۆکان دەسەڵاتیان پێدرا بۆ گونجاندنی ساڵنامەکە لەگەڵ سیستمی خوێندن و تایبەتمەندێتی زانکۆکان.
  4. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو توانا سنوردارەی زانکۆ حکومییەکان، ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی گفتوگۆی لەبارەی پلانی وەرگرتنی خوێندکاران و قوتابیان بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٠-٢٠٢١) کرد، هەروەها کۆبونەوەکە بە ووردی تیشکی خستە سەر ئەو ئاڵنگاری و کێشەو گرفتانەی کە دێنە ڕێی زانکۆکان لە خوێندنی ساڵی داهاتودا وەک کەمی هۆڵ و تاقیگە و بەشی ناوخۆیی و توانا ماددی مرۆییەکان و هەروەها لەمپەرەکانی بەردەم سەربەخۆیی دارایی زانکۆکان، بۆ ئەم مەبەستەش کۆبونەوەی داهاتوی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی تەرخان کرد بۆ پێداچونەوە بە پلانی پێشکەشکراو لەلایەن زانکۆکان و گونجاندنی لەگەڵ ئەو بارودۆخەی هاتۆتە پێشەوە، لە پێناو ڕەخساندنی زۆرترین دەرفەتی خوێندن بۆ قوتابیان و خوێندکارانی پۆلی (١٢)ی ئامادەیی، بۆ ئەمەش ئەنجومەنی وەزارەت جەختی کردەوە کە بەوپەڕی تواناوە وەزارەتمان بەشێک دەبێت لە چارەسەری ئەم پرسە.

سەرجەم بڕیارەکانى کۆبونەوەى ئەمڕۆى ئەنجومەنى وەزارەت سەرجەم زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانیش دەگرێتەوە.