نوفمبر 2016

وەزارەتى خوێندنى باڵا و پەروەردە، پلانى کارى هاوبەش تاوتوێدەکەن

كۆبونه‌وه‌ی وه‌زیری خوێندنی باڵا له‌گه‌ڵ وه‌زیری په‌روه‌رده‌

لە کۆبونەوەى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەگەڵ وەزیرى پەروەردە پێشنیاز و بۆچونى هاوبەش و پەیوەندار بە پرۆسەى پەروەردە و خوێندنى باڵا گفتوگۆى لەبارەوە کرا، بۆ ئەوەش بڕیاردرا ئامادەکارى بۆ کۆبونەوەى هاوبەشى نێوان هەردو وەزارەت بکرێت.

د.ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ دوشەممە ڕێکەوتى (٢/٣/٢٠٢٠) پێشوازى لە ئالان حەمە سەعید وەزیرى پەروەردەو وەفدێکى یاوەرى وەزارەتەکەى کرد، کە ڕاوێژکار و ژمارەیەک لەبەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەتى خوێندنى باڵا ئامادەیبون.

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەدواى بەخێرهێنانى وەفدى وەزارەتى پەروەردە ڕایگەیاند: بۆ باشتر ڕایکردنى کارەکان و هەوڵدان بۆ ڕەخساندنى ژینگەیەکى لەبار بۆ خوێندن دیدارو کۆبونەوەى هاوبەشمان لەگەڵ وەزارەتى پەروەردە گرنگ و پڕ بایەخە، بۆ ئەمەش وتى: هەردو وەزارەت تایبەتمەندى هاوبەشمان هەیەو پێویستە هەماهەنگى بەردەوامیشمان هەبێت، بە ئامانجى باشتر ڕاییکردنى کارەکان و خزمەتکردنى خوێندکاران و قوتابیان. بەتایبەت بۆ پتەوکردنى خوێندنى پیشەیى لە هەرێمى کوردستان.

لەبەرامبەردا ئالان حەمە سەعید وەزیرى پەروەردە ڕایگەیاند: هەردو وەزارەت کارى زۆرمان بەیەکەوە هەیە، بۆیە دیدارى هاوبەشى هەردولا بە بەردەوامى گرنگە، لە چوارچێوەى کارە هاوبەشەکانیشدا وەزیرى پەروەردە وتى: پێویستمان بەڕەخساندنى ژینگەیەکى گونجاوى زانستى هەیە بۆ فێرخوازان بۆ ئەوەى بتوانن لە کەشێکى ئارام و پرۆسەى خوێندن تەواو بکەن.

هەر لە کۆبونەوەکەدا بڕیاردرا ئامادەکارى بۆ کۆبوونەوەیەکى گشتگیر لەنێوان هەردو وەزارەت بکرێت، بۆ ئەنجامدانى بەدواداچونى ورد لەبارەى پرسە هاوبەشەکان، بەتایبەت ئامادەکارییەکانى وەزارەتى پەروەردە کە ئەمساڵ بەم ئاراستەیە تاقیکردنەوەو ئەنجامەکانى قوناخى دوانزەى ئامادەیى زوتر ڕادەگەیەنرێت، ئەمەش وا دەکات پرۆسەى وەرگرتن خێراتر و زوتر ئەنجامبدرێت و پرۆسەى خوێندنى قۆناخى یەکەمیش زوتر دەستپێبکات.