نوفمبر 2016

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کەناڵى NRT بەدرۆدەخاتەوە

وەزارەتى خوێندنى باڵا2

دواى ئەوەى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ رەخساندنى دەرفەت و هەلى زیاتر بۆ دەرچووان، بڕیاریدا بە زیادکردنى پلانى وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان كە بەپێى پلانەکە (16) هەزار کورسى خوێندن بۆ ئەو خوێندکارانەى کە لە هیچ شوێنێک وەرنەگیراوون تەرخانكرد. لە ئەنجامدا نزیکەى (٥٠٠٠) دەرچوو سکاڵایان تۆمارکرد. بەو هۆیەشەوە بەشێکى کورسیەکانى خوێندنى ئەو ١٦ هەزارە بەبەتاڵى ماونەوە.

بەڵام بەداخەوە کەناڵى (NRT) بۆ چەواشەرکردنى خوێندکاران و قوتابیان و قۆستنەوەى ناڕەزاییەتیەکان بۆ مەرام و ماددەى سیاسى بۆ هەندێک لایەنى حزبى کە لەئێستاو لە ئایندەدا خەمى خوێندکارانیان نیە، لەڕاپۆرتە هەواڵێکى چەواشەکاریدا لە وێب سایتى کەناڵەکەياندا ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن: "خوێندنى باڵا ١٦ هەزار کورسى تەرخانکردوە لەو بەشانەى خوێندن تێیاندا بە پارەیە".

وەک وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەرجەمى ئەم هەواڵە چەواشەکارییەى کەناڵى (NRT) رەتدەکەینەوە، کە ئامانج لێى تەنها قۆستنەوەى نیگەرانى دەرچووانە بۆ مەرامى دیاریکراو، لەبەر ئەوە داوا لە دەرچووان دەکەین بەدواى ئەم هەواڵ و چەواشەکارییانە نەکەون و خۆیان نەخەنە ژێر کاریگەرى مەرام و مەغزاى سیاسى هیچ کەس و لایەنێک.

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ سەرجەم دەرچووان و راى گشتى و راگەیاندنەکان روونیدەکاتەوە، لەو (١٦) هەزار کورسیەى پلانى وەرگرتن نزیکەى ٥٠%ى کورسییەکان بێ بەرامبەر بوون، کە (١٨٨٢) دەرچوو داواکارییان بۆ کورسیە بێ بەرامبەرەکان پێشکەشکردو لەئێستاشدا زۆربەى کورسیە بێ بەرامبەرەکان بە بەتاڵى ماونەتەوە، سەرەڕاى رەخساندنى دەرفەتى زیاتریش کورسیەکانى ترى پارالێل و ئێوارانیش خرایە بەردەستى دەرچووان.

 

لێرەوەش بە دەرچووانى پۆلى دوانزەى ئامادەیى رادەگەیەنین کە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وەک خەمخۆر و لایەنى سەرەکى بابەتەکە لە هەوڵەکانى بەردەوامە بۆ چارەسەرکردنى کۆى ئەوانەى کە کێشەى وەرگرتنیان هەیە، بەهۆى ئەوەى کە هێشتا کورسییەکانى زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان پڕنەبونەتەوەو وەزارەت وەک ساڵانى پێشوو پلانى هەیە بۆ چارەسەرکردنى هەموو ئەو پرسانەى کە پەیوەندارن بە وەرگرتنى قوتابیان و خوێندکاران لە زانکۆ حکومییەکان.

لە کۆتایدا روونیدەکەینەوە وەزارەتەکەمان ئاگادارى سەرجەم کێشەکانى پەیوەست بە وەرگرتنى قوتابیان و خوێندکارانەو بەردەوامە لە چارەسەرکردنیان، بەڵام بە نیگەرانییەوە دەڕوانێتە ئەو لایەن و کەسانەى کە مەبەستیانە نیگەرانى و کێشەى دەرچووان بۆ مەرامى کەسى و حزبى بەکاربهێنن و لە پرۆسەى چارەسەرکردنى کێشەکان دورمانبخەنەوە.