نوفمبر 2016

د.یوسف گۆران: نەخشە ڕێگەى هاوکاریکردنى زانکۆکان بۆ بەدەستهێنانى متمانەى نێودەوڵەتى دابڕێژین

ostrava1

د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: وەزارەتەکەمان پلانى هەیە، کە لەم مانگەوە بەهاوکارى کۆمەڵیک دامەزراوەى جیهانى نەخشە ڕێگەى هاوکاریکردنى زانکۆکان بۆ بەدەستهێنانى متمانەى نێودەوڵەتى دابڕێژین، بەجۆرێک ئومێد دەکەین کە لەماوەى پێنج ساڵى داهاتوودا هیچ زانکۆیەک نەمێنێ کەلەسەر ئاستى دامەزراوەیى و پڕۆگرامەکانى خوێندن متمانەى نێودەوڵەتى بەدەست نەهێنابێت.

دەستپێکى مەراسیم

ئەم وتانەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتى (٢-٥-٢٠١٨) لە مەراسیمى کردنەوەى یەکەمین لقى زانکۆى ئۆستراڤاى کۆمارى چیک لەشارى هەولێر هات.

لەو مەراسیمەدا، کە بەئامادەبونى فەلاح مستەفا بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان و، ڕاوێژکارانى دیوانى وەزارەت و، نوێنەرى کونسوڵى کۆمارى چیک لەهەرێم و دەستەى دامەزرێنەرى لقى زانکۆکە و ژمارەیەک لەمامۆستایان و کەسانى ئەکادیمی بەڕێوەچو، لە سەرەتادا چەند وتەیەک پێشکەشکران.

دەستپێکى ئەزمونێکى نوێى خوێندنى باڵا لە کوردستان

بەو بۆنەیەوە د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتارێکى پێشکەشکرد، لە وتارەکەیدا دواى ئەوەى خۆشحاڵى خۆى بە کردنەوەى یەکەمین لقى زانکۆیەکە پیشاندا، ئەمڕۆ دەستپێکردنى ئەزموونێکى نوێیە لەمێژوى گەشەکردنى کەرتى خوێندنى باڵا لەهەرێمى کوردستان، بۆ ئەوەش دەستخۆشى لە زانکۆى تەکنیکى ئۆستراڤاى کۆمارى چیک کرد بۆ ئەو دەستپێشخەرییە، هەروەک سوپاسی کردن، کە هەرێمى کوردستانیان هەڵبژارد بۆ کردنەوەى لقێکى زانکۆکەیان، وتیشى بێگومان ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆى پتەوبونى زیاترى پەیوەندى زانستى و ئەکادیمى و کەلتورى و ئابورى نێوان کۆمارى چیک و هەرێمى کوردستان، لەهەمان کاتدا سوپاسى تایبەتى حکومەتى کۆمارى چیک و کونسوڵى گشتى ئەو وڵاتەى کرد، کە لەسەرەتاوە پشتیوانى پڕۆژەکەبون بەتایبەت کونسوڵى گشتى، کە بەردەوام لەپەیوەندیدابووە و هەر خۆشیان لە ڕۆژى پێشکەشکردنى پڕۆژەکە لەبەردەم لێژنە تایبەتەکانى وەزارەتەکەمان ئامادەبون، ڕونیشیکردەوە پشتیوانى بەڕێزیان ئاماژەیەکى دڵنیاکەرەوە بوو بۆ وەرگرتنى متمانەى وەزارەتەکەمان، د.یوسف گۆران جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە کە وەزارەتیش پشتوانى تەواوى پڕۆژەکەیانى کردووە و لەچوارچێوەى یاسا و ڕێنماییەکان و بنەماکانى دڵنیایی جۆرى و متمانە بەخشینى زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانى سەر بەوەزارەتى خوێندنى باڵا پەسەندکراو دواتر ڕێکارە زانستى و یاساییەکانى جێبەجێکراوە.

گرنگیەکانى کردنەوەى لقى زانکۆى ئۆستراڤا لە هەرێمى کوردستان

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە چەند ڕویەکەوە باسى لە گرنگى کردنەوەى لقى زانکۆى ئۆستراڤا لە هەرێمى کوردستان کرد و وتى:

یەکەم: جێبەجێکردنى ئەم پڕۆژەیە یەکەمین ئەزموونى کردنەوەى لقى زانکۆیەکى جیهانى ئاست بەرزە لەهەرێمى کوردستان، جێى شانازییە کە زانکۆى تەکنیکى ئۆستراڤا لەسەر ئاستى کۆمارى چیک لەڕیزبەندى شەشەمینە و لەسەر ئاستى جیهانیش لە(باشترین هەزار) زانکۆى جیهانە.

دووەم: کردنەوەى ئەم زانکۆیە لەچوارچێوەى پرۆژەیەکى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوى زانستى بوو بۆ دامەزراندنى مۆدێلێکى نوێ لە زانکۆى پیشەیى و کردارەکى لەهەرێمەکەمان، بەجۆرێک لەم زانکۆیەدا بەوردى تەرکیز لەپەرەپێدانى ئەو کارامەییانە بکرێت کە پەیوەندیان بە گەشەکردنى ئابورى و پێداویستییەکانى بازاڕى کارەوە . (لێرەوە وەزارەتمان زانکۆى utm مالیزى و زانکۆى قەیوان)

سێهەم: دەستپێکردنى ئەم پڕۆژەیە بریتیە لە فراوانکردنى ڕایەڵەى پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان و ڕەسخاندنى دەرفەت بۆ هەماهەنگى لەگەڵ دامودەزگاکانى خوێندنى باڵا لەدەرەوەى وڵات، کە بەشێکى گرنگە لەپڕۆژە فراوانەکانى وەزارەتەکەمان بۆ بەنێودەوڵەتى کردنى خوێندنى باڵا و دانەبڕان لەکۆمەڵگاى نێودەوڵەتى .

داواى لە زانکۆ ئاست بەرزەکانى جیهان کرا کوردستان بکەنە گۆڕەپانى کارى نوێى ئایندەیان

لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا د.یوسف گۆران باسى لە پشتیوانیەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوى زانستى بۆ خوێندنى تایبەت کرد و لەوبارەیەوە وتى: وەزارەتەکەمان هەمیشە پشتیوانى وەبەرهێنانى سەرمایەى نیشتیمانییە لە کەرتى خوێندنى باڵا، بەڵام دەبێت ئەو ڕاستیەمان لەبەرچاو بێت کە نابێت کردنەوەى زانکۆ و پەیمانگە تایبەکان تەنها بۆ مەبەستى بازرگانى و پارە پەیداکردن بێت، بەڵکو دەبێت زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بەشداربن لە گۆڕانکارى و ڕیفۆرمى ڕیشەیی لەکەرتى خوێندنى باڵا لە هەرێمەکەمان، هەروەک دەبێت کواڵیتى خوێندن و فێرکردن و توێژینەوە لەزانکۆ تایبەتەکان لەئاستى ستانداردە جیهانیەکان بێت و بتوانن پێشەنگبن لەدەستەبەرکردنى باشترین دەرفەتى فێربون بۆ ڕۆڵەکانى وڵاتەکەمان، بۆ ئەوەش داواى لە زانکۆ ئاست بەرزەکانى جیهان کرد کوردستان بکەنە گۆڕەپانى کارى نوێى ئایندەیان.

وەزارەت نەخشە ڕێگەى هاوکاریکردنى زانکۆکان بۆ بەدەستهێنانى متمانەى نێودەوڵەتى دادەڕێژێ

هەر لە میانەى وتارەکەیدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى باسى لە کارنامەى وەزارەتەکەى کرد و لەو باریەوە ڕایگەیاند: وەزارەتەکەمان پلانى هەیە کە لەم مانگەوە بەهاوکارى کۆمەڵیک دامەزراوەى جیهانى نەخشە ڕێگەى هاوکاریکردنى زانکۆکان بۆ بەدەستهێنانى متمانەى نێودەوڵەتى دابڕێژین، بەجۆرێک ئومێد دەکەین کە لەماوەى پێنج ساڵى داهاتوودا هیچ زانکۆیەک نەمێنێ کەلەسەر ئاستى دامەزراوەیى و پڕۆگرامەکانى خوێندن متمانەى نێودەوڵەتى بەدەست نەهێنابێت.

 

 

دەبێ زانکۆ تایبەتەکان بەشێکى داهاتەکانیان بۆ گەشەپێدانى زانکۆکانیان تەرخان بکەن

د.یوسف گۆران جەختى لەسەرئەوەش کردەوە، کە زۆر گرنگە زانکۆ تایبەتەکان ساڵانە بەشێکى بەرچاو لەداهاتەکانیان بۆ گەشەپێدان و فراوانکردنە ژێرخان و توێژینەوەى زانستى بەکاربهێنن، بەتایبەت گەشەپێدانى بەردەوامى کامپەس و ژینگەى خوێندن و ژێرخان و پێداویستى تاقیگەکانى توێژینەوەى زانستى گەیشتن بەسەرچاوە زانستیە ئاست بەرزەکان و وەبەرهێنان ولەدڵنیایی جۆرى و تواناکانى زمامۆستایان و سەرکردە ئەکادیمییەمان.

چاوەڕێ دەکرێ لقى زانکۆکە لە ڕوى کواڵیتى و متمانەى نوێودەوڵەتى و ناوەرۆکى پرۆگرامەکانى خوێندن و سیستمى بەڕێوەبردنەوە دەقا و دەق هاوشێوەى لقى سەرەکى زانکۆکە بێ

سەبارەت بە زانکۆى ئۆستراڤا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: ئێمە چاوەڕوانین لقى زانکۆى ئۆستراڤا لەشارى هەولێر بەشدارییەکى کاریگەر و ڕەسەن لە پەرەپێدانى کەلتور و ئەزوموونى خوێندنى باڵا لەهەرێمى کوردستان بکات، چاوەڕوانین ئەم زانکۆیە لە ڕوى کواڵیتى و متمانەى نوێودەوڵەتى و ناوەرۆکى پرۆگرامەکانى خوێندن و سیستمى بەڕێوەبردنەوە دەقا و دەق هاوشێوەى لقى سەرەکى ئەم زانکۆیە بێت و وەبەرهێنان و توێژینەوەى زانستى بکاتە ئەولویەتى کارەکانى، وتیشى دەمانەوێت لەکردنەوەى بەشەکاندا بەوردى ڕەچاوى پێداویستیەکانى بازاڕى کارو گەشکردنى ئابورى هەرێمى کوردستان بکەن، ڕونیشیکردەوە، کە بەر لەکردنەوەى بەشەکان، لقى زانکۆى ئۆستراڤا لەشارى هەولێر هاوکارى وەزارەتەکەمان بێت بۆ جێبەجێکردنى پرۆژەى ڕووپێوى کارامەییەکان لەبازاڕى کارى هەرێمى کوردستان بۆ ئەوەى بتوانین بەشێوازێکى زانستى و بەپشت بەستن بەداتا و میتۆدى زانستى نوێ پێداویستییەکانى بازاڕى کار شیبکەبنەوە و دواتریش ئەنجامەکانى لە کردنەوەى بەشەکان و داڕشتنى ناوەرۆکى پڕۆگرامەکانى خوێندندا ڕەنگ بداتەوە، دەرچوانیش بتوان لە بازاڕى کارى ناوخۆیی نێودەوڵەتیدا بەئاسانى کاریان دەست بکەوێت.

لە کۆتایشدا، هیواى خواست لقى ئەم زانکۆیە جگە لەسوود وەرگرتن لەتوانا مرۆیی نیشتیمانییەکان، هەوڵ بدات مامۆستا و سەرکردەى ئەکادیمى نێودەوڵەتى دابمەزرێنێت و دەرفەت بداتە بەشێک لە مامۆستایانى لقى سەرەکى زانکۆکە بۆ ئەوەى بێنە کوردستان و لەسەرخستنى پڕۆژەکەدا بەشداربن.

چەند وتارێکى دیکە پێشکەشکرا

هەر لە مەراسیمىکردنەوەى زانکۆکەدا، سەربارى پێشکەشکردنى چەند وتارێکى دیکە، بەئامێرى داتاشۆ کورتە ڤیدیۆیەک لەبارەى مێژوى دامەزراندنى زانکۆى ئۆستراڤاى دایک و چۆنیەتى گەشەکردن و پێکهاتەکەى نمایشکرا.

زانکۆى ئۆستراڤا

زانکۆی(ئۆستراڤا) یەکێکە لە زانکۆ پێشکەوتوەکانی جیهان و، نوسینگەی سەرەکی لە وڵاتی چیکە و، لە ڕیزبەندی پێشەوەی زانکۆکانی جیهانە، بەتایبەت لە بواری ئەندازیاری، هەربۆیە دوای تێپەڕبون بە پڕۆسەی دڵنیای جۆری و بەدەستهێنانی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی وەزارەت، لەلایەن سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی لەسەردرا.

کردنەوەی لقێکی ئەو زانکۆیە لە کوردستان دەسکەوتێکی گەورەیە بۆ بواری خوێندنی باڵا لە کوردستان، چونکە بۆ یەکەمین جارە کە زانکۆیەک خاوەن ئەو ڕانکینگە بەرزە بێ لە ئاستی جیهان لقێکیان لە کوردستان بکەنەوە.

بەکردنەوەى ئەو زانکۆیە، ژمارەى زانکۆ تایبەتەکان لە کوردستان بوە (١٦) زانکۆ.