نوفمبر 2016

توێژەرێک: هەر کەسێک لەهەفتەیەکدا زیاتر لە (٣٨) سەعات ئینتەرنێت بەکاربهێنێ ئەوا ئاڵودەبوە

IMG_0015.jpg

 توێژەرێک ڕایدەگەێنێ بەپێیى نوێترین توێژینەوە دەرکەوتوە هەر کەسێک لە هەفتەیەکدا زیاتر لە (٣٨) سەعات ئینتەرنێت بەکاربهێنى ئەوا ئاڵودەبوە، ئاڵودەبونیش کاریگەرى نێگەتیڤى لەسەر بارى دەرونى و جەستەیى کەسەکە دەبێت.

بڵاوکردنەوەى ئەو توێژینەوەیە لە میانەى پێشکەشکردنى سمینارێک هات، کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتى تەندروستى و سەلامەتى لە هۆڵى ڤیدیۆ کۆنفرانس لە دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى بۆ (د.باواجى کەریم ساڵح) ڕێکخرابو.

لەسەرەتایى سمینارەکەیدا (د.باواجى کەریم) دواى پێناسەکردنى ئاڵودەبوون، ئینجا باسى لە چۆنیەتى ئاڵودەبون بەئینتەرنێت و، ئەو کەسانەش کرد کە زوتر ئاڵودەدەبن، بۆ ئەوەش وتى: بەهۆى ئەوەى ئینتەرنێت نهێنى پارێزە، مرۆڤ دەتوانى جیهانێکى تایبەت بۆ خۆى دروست بکات، لە هەمان کاتدا دەتوانێ زۆر بەئاسانى و لە هەموو شوێنێک بەکارى بهێنێ، ئەوەش دەرفەتى ئاڵودەبون زیاتر دەکات، د.باواجى کەریم ڕونیشیکردەوە ئەو کەسانەى کە ئاڵودەى مەیخواردن یا جگەرکێشان یاخود جۆرەکانى دیکەى ئاڵودەبون هاتون، بەشێوەیەکى خێراترو ئاسانتر دوچارى ئاڵودەبون بەبەکارهێنانى ئینتەرنێتیش دەبن، ئەو توێژەرە ئەوەشى ڕاگەیاند: ئاڵودەبون بەئینتەرنێت مرۆڤ دوچارى کۆمەڵێک کێشەى دەرونى و جەستەى دەکاتەوە، لەوانەش گۆشەگیرى، نامۆبون و دورەپەرێزى و لاوازبونى پەیوەندییە کۆمەڵایەتیە ڕاستەوخۆکان و، قەڵەوى و بێکارى و کەم بینین و تێکچونى بڕبڕەکانى مل و پشتى بەکار.

لە بەشێکى دیکەى سمینارەکەیدا ئەو توێژەرە ئاشکراشیکرد ئەوانەى ئاڵودەى ئینتەرنێت دەبن کۆمەڵێک نیشانەى سەرەتاییان لێ دەردەکەوێ، لەوانە: ڕۆژانە زیاد لە پێویست ئینتەرنێت بەکارئەهێنن، هەروەک لەکاتى پچڕانى هێڵى ئینتەرنێت هەست بە نائارامى ئەکەن و، لە سەفەرو گەشتەکانیاندا بەر لە هەمو کارێک بەدواى هێڵى ئینتەرنێت ئەگەڕێن و، کاروبارى ماڵ و ئەرکى خێزانى و کۆمەڵایەتى و کارگێڕى پشتگوێ ئەخات .

لە کۆتایشدا (د.باواجى کەریم ساڵح) ڕێگەچارەکانى ئاڵودەبون بەئینتەرنێت خستەڕو وتى: پێویستە کەسى ئاڵودەبو هەوڵبدات خۆى پێچەوانە بکاتەوە، واتە  دوبارە ورد وردە دەست بەکارەکانى پێش ئاڵودەبونى بکاتەوە، لەهەمان کاتدا کاتى بەکارهێنانى ئینتەرنێت دابنێ و ئەو وێبسایتانەش ڕابگرێ کە ئاڵودەییان بوە، هەروەک هەوڵى ئاسایکردنەوەى پەیوەندییە کۆمەڵایەتیە ڕاستەوخۆکان و گەڕان و سەردان و دیدارەکانى بکاتەوە.

بەپێى نوێترین توێژینەوە لە ئێستادا لەسەر ئاستى جیهان (٥٢٠) ملیۆن کەس ئاڵودەى دوچارى بەکارهێنانى ئینتەرنێت بون.