وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى: هاوشانى یەکتر و بە هەست کردن بە لێپرسراویەتىیمان بەرامبەر خەڵکى کوردستان و بارودۆخەکە، قوتابیان و خوێندکارانی ئازیز و کەسوکاری بەڕێزیان دڵنیا دەکەینەوە کە خوێندنی ئەمساڵ بەفیڕۆ ناچێت و زانکۆ حکومى و تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان یەک دەنگ و یەک هەڵوێستن بۆ سەرخستنی پرۆسەى خوێندن.
ئەم وتانەی بەڕێز د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، لەمیانى سەرپەرشتیکردنى کۆبونەوەیەک هات کە پاش نیوەڕۆى ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕێکەوتی (٩/٤/٢٠٢٠) لەگەڵ سەرۆکی زانکۆ و ڕاگرانی پەیمانگە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان بەشێوازى ئۆنلاین بەڕێوەچو و هەریەک لە بریکارى وەزارەت و راوێژکارى وەزیر و بەڕێوەبەرى گشتى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون و بەڕێوەبەرى خوێندنى تایبەت لە وەزارەت ئامادەیبون.
لە دەستپێک دا کۆبونەوەکە سڵاو و درودی نارد بۆ شەهیدانی پەلامارە تیرۆریستییەکەی سەر سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە میحوەری کوڵەجۆ و پرسە و ماتەمینی ئاراستەی کەسوکاری سەربەرزیان کرد وهیوای چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواست.
دواتر وەزیری خوێندنی باڵا باسى لە دواین ڕێککار و ڕێنمایەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان و لێژنەی باڵای ڕوبەڕوبونەوەی پەتای ڤایرۆسى کۆرۆنا کرد و، بۆ ئەمەش پشتیوانی تەواوی وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانکۆکانى بۆ سەرخستنی هەنگاوەکانی حکومەت دوپاتکردەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی سەر جەم زانکۆ و ڕاگری پەیمانگە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان بە کۆی دەنگ پشتیوانی و پشتگیری خۆیان بۆ بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەربڕی لە پێناو پاراستنی پرۆسەی خوێندنی ٢٠١٩/٢٠٢٠ و جەختیان کردەوە کە بە هەمو توانا و دڵسۆزییەکەوە بە خۆیان و تەواوی توانا مرۆیی و تەکنیکییەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانیانەوە پشتیوان دەبن بۆ دەربازکردنی پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سیستمی خوێندنی ئەلکترۆنی بە شیوازی (پاڵپشتکاری).
لە کۆتایی کۆبونەوەکەدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سوپاسی دڵسۆزی و پشتیوانی و پەرۆشی ئامادەبوانی کۆبونەوەکەی کرد و داوای لیکردن کە بەردەوام بن لە هاوکاریکردنی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی تەندروستی لە پرۆسەی ڕێگرتن لە بڵاوبونەوەی پەتای کۆرۆنا، بەتایبەت لەو زانکۆ و پەیمانگایانەی کە کۆلێج و بەشەکانی کۆمەڵەی پزیشکیان هەیە، هەوڵ بدەن توانای مرۆیی و ژێرخانی دامەزراوەکانیان بۆ خزمەتی ئەم پرۆسەیە بەکار بهێنن.