د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: توانا زانستى و ئەکادیمییە فرە جۆرەکان لە نێو سێکتەرى خوێندنى باڵاى کوردستان، نیشانەى دەوڵەمەندى و گرنگى ئەرکى وەزارەتە بۆ پێشخستنى ئاستى زانستى و فێربون لە هەرێمى کوردستان.
ئەم وتانەى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتى (٣/٣/٢٠٢٠) لەمیانى پێشوازیکردن و دەستبەکاربونى د. عەبدولفەتاح عەبدولرەزاق وەک بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هات، کە تیایدا ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت ئامادەیبون.
لە وتەیەکدا بەبۆنەى دەستبەکاربونى وەک بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا، د. ئارام محمد قادر بەناوى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەخێرهاتنى د. عەبدولفەتاح عەبدولرەزاق کرد و خۆشحاڵى خۆى نیشاندا بۆ دەستبەکاربونى و، وتى: هەموان بەیەکەوە دەتوانین گوڕوتینى زیاتر بدەین بە سەرخستنى کارەکانى وەزارەت و جێبەجێکردنى کارنامەى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان.
هەروەک وتیشى: کۆکردنەوەى تواناو پسپۆڕییە جیاواز و دەوڵەمەندەکان لەنێو سێکتەرى خوێندنى باڵاى کوردستان، نیشانەى پێشکەوتن و برەودانى زیاترە بە ئەرکە هاوبەشەکانمان، بۆ ئەوەى هەموان وەک یەک تیم هاوکار بین بۆ خزمەتکردن بە سێکتەرى خوێندنى باڵاى کوردستان و ئەم قۆناخى خزمەتە بە سەرکەوتویى جێبەجێ بکەین.
لە بەرامبەردا د. عەبدولفەتاح عەبدولرەزاق بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکدا خۆشحاڵى خۆى نیشاندا بۆ کارکردن لەگەڵ ستافى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و خزمەتکردن بە سێکتەرى خوێندنى باڵاى کوردستان.
وتیشى: هاوکارو هەماهەنگى سەرەکی دەبین بۆ کارى باش و خزمەتى زیاتر بە ڕەوتى خوێندن لە هەرێمى کوردستان، هەروەها کارکردن بۆ سەرخستنى بەرنامەى حکومەت و وەزارەت بە ئامانجى خزمەتکردنى خەڵکى کوردستان.
هەر لە ڕێوڕەسمى دەستبەکاربونى بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەریەک لە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى دواى بەخێرهێنانى د. عەبدولفەتاح عەبدولرەزاق بە بۆنەى دەستبەکاربونى وەک بریکارى وەزیرى خوێندنى باڵا، هیواى سەرکەوتنیان بۆ خواستن بۆ خزمەتى سێکتەرى خوێندنى باڵا.