وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاند: لەچوار ساڵى ئایندە لەسەر بنەماى هەلى یەکسان و دادپەروەرى کۆمەڵایەتى، بەگیانى (یەکتیمى) کار بۆ سەرخستنى بەرنامە و پلانەکانى وەزارەت دەکەین بۆ گەشەپێدانى خوێندنى باڵا.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە لەسەر ڕاسپاردەی د. ئارام مەحەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و بە بۆنەی کۆتایی هاتنی ساڵی ۲۰۱۹ و خۆئامادەکردن بۆ ساڵی ۲۰۲۰ و بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی ئەو کاروبارانەی کە لە ساڵی ۲۰۱۹ ئەنجام دراون، و داڕشتنى پلان و کارەکانی وەزارەت بۆ ساڵی ۲۰۲۰، ئەمڕۆ دووشەمە ١٦-١٢-٢٠١٩ لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزارەت، وەزیرى خوێندنى باڵا لەگەڵ بەڕێوەبەرە گشتییەکان و یاریدەدەرەکانی بەڕێوەبەری گشتی و سەرجەم بەڕێوەبەرەکان کۆبۆوە.
لە کۆبونەوەکەدا، د.ئارام محمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: خۆشحاڵم ئەمرۆ لەگەڵ هەمو بەڕێوەبەرە گشتییەکان و بەڕێوەبەرانی وەزارەت کۆ دەبمەوە، سوپاسى هاوکاریتان دەکەم کە هەمو هەوڵێکتان خستۆتەگەڕ بۆ سەرکەوتنى کارەکان، وتیشى: جێگاى دڵخۆشیە لەگەڵ کۆمەڵێک کەس کار دەکەم کە بنەماکەیان زانستی و پرۆفیشناڵن، ئەو کەرەستانەى کە لێرە کاردەکەن ئامانجیان خزمەت کردنى نیشتمان و کۆمەڵگەکەمانە و ئەمەش جێگاى دەستخۆشی و خۆشحاڵیە.
ڕو لە ئامادەبوانى کۆبونەوەکە د.ئارام محەمەد قادر ئەوەشى ڕاگەیاند: لەماوەى ١٠٠ ڕۆژى کردنمان کارى باش ئەنجامدراون، ئەمەش تەنها بەجێگەیاندنى ئەرکى خۆمانە، وتیشى: ئەو دەسکەوتانەى لە وەزارەتەکەمان بەدەستهاتون دەسکەوتى تەنها کەسێک نین، بەڵکو دەستکەوتى تەواوى مامۆستیان و فەرمانبەرانى وەزارەتەکەمانە، کارەکان بەبێ جیکارى و بێ ڕەچاوکردنى هیچ بەرژەوەندییەک، بۆ خزمەتى خەڵکى کوردستان ئەنجامدراون.
لەبارەى ئەنجامدانى کارەکان و ١٠٠ ڕۆژى کارکردنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەکابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان وتى: سەرەتای دەستبەکاربونمان کۆمەڵێک پرس و گیروگرفتی کەڵەکەبو پێویستیان بە چارەسەربو، بەتایبەت پرسی وەرگرتنی قوتابیان و خوێندکاران و ناوەندی وەرگرتن و زانکۆلاین لەو پرسانە بون کە دەبوایە کاتێکی زۆرمان لەگەڵ بەسەر ببردایە، خۆشبەختانە بە هاوکاری ئێوە و هەمو هاوکارانم لە وەزارەت و زانکۆکان ئەو قۆناغەمان بە سەرکەوتوویی تێپەڕاند و ئەنجامى ئەو کارەشمان وەرگرتنى نزیکەی ٩٧٪ دەرچوانی ئامادەیی بوو لە زانکۆکانی هەرێم، وتیشى: ئەگەرچى ئەم کارانە ئەرک و ماندوبون و کاتی زۆری لێ بردوین، بەڵام خۆشبەختانە پڕ بەرهەم بون، هەمو لایەکیشى دڵنیا کردەوە کۆبونەوە و گفتوگۆکان چڕو پڕ تر و بەردەوام دەبن.
هەر لە کۆبونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا بەبایەخ و دەستکەوتەوە ئەوەى راگەیاند:لە ماوەی دەستبەکاربونمان توانیمان بەستەڵەکی نێوان هاوڵاتیان و وەزارەت بتوێنینەوە، بۆ ئەوەش وتى: خۆتان دەزانن لە یەکەمین رۆژی دەستبەکاربونمانەوە دەرگامان کراوە بوە بۆ هەمو مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێدنکاران، هەروەها بۆ هاوڵاتیان و چین و توێژەکانی کۆمەڵگا کە سەردانی وەزارەت بکەن و ڕاستەوخۆ سەرنج و تێبینی و گرفتەکانیان بگەیەننە دەستمان، لەو چوارچێوەیەشدا وتى: بەش بە حاڵی خۆم بە شانازییەوە گوێم بۆ هەمو ئەو هاوڵاتیانە گرتوە و بە پێی توانا و لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییەکان هەوڵی چارەسەرکردنی پرسەکانیانم داوە.
لەکۆبوونەوەکەدا بە وردى بەڕێوەبەرە گشتییەکان و یاریدەدەرانی بەڕێوەبەرانی گشتی و سەرجەم بەڕێوەبەرەکانى دیوانى وەزارەت، لەپاڵ دەربڕینى پشتیوانى و پاڵپشتى کارەکانى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و خودى د.ئارام محەمەد قادر وەک وەزیر، بۆ بەرەو پێش بردنى زیاترى کارەکانى وەزارەت و خزمەت کردنى مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکاران و هاوڵاتیان، چەندین سەرنج و تێبینی و پێشنیازیان خستەڕو، لەلایەن خۆشیەوە د.ئارام محمەد قادر لەپاڵ دوبارە سوپاس کردنیان بۆ ئەو متمانەیە، وەڵام و ڕونکردنەوەى پێویستى پێشکەش کردن.