لە کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ بەشدارانى سێیەمین کۆنگریسى نێودەوڵەتى خوێندنى کوردى، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: بۆ هاندانى توێژەران و پەرەپێدانى توێژینەوەى زانستى لە زانکۆکانى کوردستان، لە کارنامەى چوار ساڵى کارکردندا تەرخانکردنى بودجەیەکى تایبەت بۆ توێژینەوەى زانستى لەخاڵە سەرەکییەکاندایە.
ئەم لێدوانەى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، لەمیانى کۆبونەوەیەکدا هات لەگەڵ بەشدارانى سێیەمین کۆنگریسی نێودەوڵەتى خوێندنی کوردی، کە لەلایەن ئینیستیوتی کوردی لە پاریس، بەهاوکاری زانکۆکانی کۆیە و زاخۆ بە پشتیوانى وەزارەتى دەرەوەى فەرەنسا ئەنجامدرابو.
لە کۆبونەوەکەدا، کە کەنداڵ نەزان سەرۆکى ئینستیوتى کوردى لە پاریس و نەزەند بەگیخانى و، د. وەلى محمد سەرۆکى زانکۆى کۆیە و، د. داود سلێمان بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى ئەندازە و پرۆژەکان لە وەزارەت و، ژمارەیەک لە توێژەرانى نێودەوڵەتى ئامادەیبون، بەشداران ئاماژەیان بە کارەکانى بەڕێوەچونى سێیەمین کۆنگریسى کوردى کرد، بەتایبەت ئەو بابەت و تەوەرە گرنگانەى خراونەتەڕو و، واش بڕیارە لە ڕاسپاردەکاندا بخرێتە بەردەستى وەزارەت بەمەبەستى پەسەندکردن و خستنە بوارى جێبەجێ کردنەوە.
د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکدا وێڕاى بەرزنرخاندنى وەها کۆنفرانسێکى زانستى لە زانکۆکانى کوردستان، کە ئامانج و ستراتیژى سەرەکى کارەکان بریتیە لە ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى و ئەکادیمى لەبارەى زمان، ئەدەب، کلتور، مێژو، جێندەر، کۆمەڵگە، شوێنەوارناسى، و ڕۆڵى ڕەوەندى کوردى لە دەرەوەى وڵات، ستایشى ئەو هەوڵەى ئینستیوتى کوردى لە پاریس کرد.
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتیشى: گەلى کورد بەدرێژایى مێژو هەوڵى داوە بە گونجاندن لەگەڵ کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و هاوبەشىکردن لە پڕۆژە و کارى پێکەوەیى وڵاتان دۆست و هاوکارى گەلەکەمان بونە، بۆ ئەم مەبەستە هەماهەنگى وڵاتان بۆ گەلەکەمان لەلایەک بە پێویست و، لەلاکەى تریشەوە جێگەى سوپاس و ڕێزە، بۆیە بە هەمو شێوەیەک پشتیوان و هاوکارى کۆنفرانسەکەتان بوینەو چاوەڕێى ڕاسپاردەکان دەبین و بە گرنگەوە کار لەسەر خاڵ و بڕگەکانى دەکەین.
هەر لە وتەکەیدا، د. ئارام محمد قادر ئاماژەى بە پەرەپێدانى توێژینەوەى زانستى و هاندانى توێژەران بۆ ئەنجامدانى توێژینەوە لە گۆڤارە زانستیە ئاست بەرزەکانى دونیا کردو وتى: لە کارنامەى چوار ساڵى کارکردندا تەرخانکردنى بودجەیەکى تایبەت بۆ توێژینەوەى زانستى لەخاڵە سەرەکییەکاندایەو هەمو هەوڵ و پشتیوانیەک بۆ پەرەپێدانى ئاستى توێژینەوە لە وڵاتەکەمان دەخەینەگەڕ.
لە کۆتایى کۆبونەوەکەشدا بەشداران چەند سەرنج و تێبینیەکیان لەبارەى کارەکانى دو رۆژى کۆنگریس و چەند بابەتێکى تر خستەڕو.
جێگەى ئاماژەیە رۆژى دوشەمە ڕێکەوتى (٤/١١/٢٠١٩) سێیەمین کۆنگریسى نێودەوڵەتى خوێندنى کوردى بەڕێوەچو و، تیایدا د. داود سلێمان نوێنەرى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتارێکى پێشکەشکردو تیایدا ئاماژەى بە چەند تەوەر و بابەتێکى گرنگ لەبارەى کۆنگرێسەکە کرد.
بۆ خوێندنەوەى دەقى وتارەکە کلیک ( لێـــــــرە) بکە...