نوفمبر 2016

وەزیرى خوێندنى باڵا جەژنە پیرۆزە لە خەڵکى کوردستان دەکات

وه‌زیری خوێندنی باڵا1

بەبۆنەى هاتنەوەى جەژنى قوربان د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە پەیامێکدا جەژنە پیرۆزە ئاراستەى سەرجەم هاوڵاتیان و خەڵکى کوردستان دەکات و هیواخوازە ئەم بۆنە بۆ گەل و حکومەت ببێتە دەرفەتی تەبایی و ئاوەدانی و خزمەتگوزاری زیاترو کۆتایی ھەمو مەینەتیەکانی رابوردو، هەروەها دەرگای خێرو خزمەتی زیاتر بە روی میللەت بکاتەوە.

 

دەقى پەیامى پیرۆزباى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى:

بەبۆنەی ھاتنی جەژنی قوربانی پیرۆزەوە، جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم ھاوڵاتیان وھاوڕێیانی ئازیزم دەکەم، بە ھیوام کە پشوەکانی جەژنتان لە ئامێزی گەرمی خانەوادەو ئازیزانتاندا بەخۆشی و سەلامەتی بەسەر بەرن و، داواکارم لەخودای مەزن ئەم بۆنە پیرۆزە بۆ گەل و حکومەتەکەمان بکاتە دەرفەتی تەبایی و ئاوەدانی و خزمەتگوزاری زیاترو کۆتایی ھەمو مەینەتیەکانی رابوردومان بێت و دەرگای خێرو خزمەتی زیاتر بە روی میللەتەکەماندا بکاتەوە، بۆ ئەوەی بەھەمو لایەکمانەوە بە باشترین شێوە خزمەتی خاک و خەڵکی کوردستانی ئازیز بکەین ….

هەر بە م بۆنە پیرۆزەوە بە دەرفەتی دەزانم کە لەناخی دڵمەوە پیرۆزبایی گەرمم ئاراستەى سەرجەم مامۆستایان و خوێندکاران و فەرمانبەران و کارمەندانى دەزگاو دامەزراوەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و کۆمیونیتى ئەکادیمى کوردستان بکەم، ھیوادارم بەو پەری دڵخۆشی و تەندروستییەوە پشوەکانی ئەم بۆنە پیرۆزە بەسەربەرن و دوربن لە ھەمو نەخۆشی وناخۆشییەک.
دوبارە جەژنتان پیرۆزو هەمو رۆژێکتان ھەر جەژن و جەژنیشتان پرخێرو خۆشی بێت ...

د. ئارام محمد قادر

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى