نوفمبر 2016

وەزیرى خوێندنى باڵا: زانکۆى سلێمانى لەڕووى زانستى و خەباتى نەتەوەییەوە پێشەنگ بوە

كۆبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ زانكۆی سلێمانی

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: زانکۆی سلێمانی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پێگەی بەرچاوى هەیە، بەجۆرێک لەڕیزبەندی وێبۆمێتریکس لە ئاستی هەرێم یەکەمەو لەسەر ئاستی جیهانیش بەرەو ڕیزبەندی (٤٠٠٠) هەنگاوی ناوە، ئەمەش مانای وایە زانکۆکانی ئێمە توانایان هەیە بچنە سەر نەخشەی ئەکادیمیای جیهانی.

ئەم وتانەى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتى (٤/٨/٢٠١٩) لەمیانى بەشداریکردنى هات، لە کۆبونەوەى ئەنجومەنى زانکۆى سلێمانى، کە تیایدا هەریەک لە سەرۆکى زانکۆ و ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت و ڕاگرى کۆلێژەکان ئامادەبوون.

زانکۆى سلێمانى: بە پشتگیرى وەزارەت، دەتوانین زیاتر لەڕووى زانستى پێشبکەوین

لەسەرەتاى کۆبونەوەکە د. رەزا حەسەن سەرۆکى زانکۆى سلێمانى بەناوى ئەنجومەنى زانکۆ و مامۆستاو فەرمانبەران بەخێرهاتنى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ستافى وەزارەتى کرد، و خۆشحاڵى خۆى نیشاندا بەبەشدارییان لە کۆبونەوەى ئەنجومەنى زانکۆ، و وتى: زانکۆى سلێمانى یەکێکە لە زانکۆ گەورەکان بۆیە پێویستمان بە هاوکارى و هەماهەنگى زیاترى وەزارەت هەیە، بۆ ئەوەى بتوانین پرۆژەو کارەکانى زانکۆ چوارچێوەیەکى فراوانتر وەربگرێت، وتیشى: لە ئامادەکاریداین بۆ پێشوازیکردن لە ساڵى نوێى خوێندن، بۆ ئەمەش لەکۆبونەوەمان لەگەڵ ڕاگرەکان بۆچون و تێبینى خۆمان بۆ ساڵى نوێى خوێندن خستۆتەڕوو.

زانکۆی سلێمانى جگە لەبەرزى ئاستى زانستى، لەڕوی نەتەوایەتیشەوە پێشەنگ بوە

لەلایەن خۆشیەوە د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکدا خۆشحاڵى خۆى نیشاندا بەبەشدارى لە کۆبونەوەى ئەنجومەنى زانکۆ، و وتى: زانکۆی سلێمانی لە قۆناخە جیاجیاکاندا خاوەنی مێژوویەکی سەربەرز و قوربانی دان بوە، بۆیە شانازییە ئەگەر بتوانین لەم کاروانەدا ئێمەش خزمەتێکى ئەم زانکۆیە بکەین، کە بەدرێژایى مێژوو ناوەندێکى گرنگى مەعرفى و ئەکادیمى و رۆشنگەرى بوە.

وەزیرى خوێندنى باڵا وتیشى: لە شۆڕشەکانى کوردستاندا زانکۆى سلێمانى رەمزی مقاوەمەت و قوتابخانەی کوردایەتی بووە، بۆیە ئەگەر شارى سلێمانى بەهەق نازناوى شارى هەڵمەت و قوربانى بەدەستهێنانبێت، ئەوا هەڵگرى ئەم مەشخەڵە مامۆستایان و دەرچووانى زانکۆ بەشێکى گرنگ و دیار بوون لە بەدەستهێنانى ئەم نازناوە، هەر ئەمەش وایکرد ببێتە چقڵى چاوى دوژمنان، بۆیەش ڕژێمى بەعس کاتێک زانکۆى سلێمانى بۆ دەستەمۆ نەکرا، بڕیارى ڕاگواستنى زانکۆکەى دا، پێى وابوو بەدورخستنەوەى زانکۆى سلێمانى مەشخەڵى کوردایەتى دەکوژێنێتەوە، ، وتیشى: زیندوویى ئەم زانکۆیە جگە لە بەرزى ئاستى زانستى لە ڕووە نەتەوەیى و شۆڕشگێڕیەکەشەوە پێشەنگى قوتابخانەى کوردایەتى پێشکەوتنخواز و هاوچەرخ بوە.

 

هەردو ڕەوانشاد جەنابى مام جەلال و کاک نەوشیروان مستەفا لە پێشەنگەکانى خزمەتکردن بون بە زانکۆى سلێمانى

وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى هەر لە وتەکەیدا لەبەردەم سەرۆک و ڕاگرى کۆلێژەکانى زانکۆى سلێمانى ڕایگەیاند: لە دوای دامەزراندنەوەی لە ساڵی ١٩٩٢ بەدواوە ئەم زانکۆیە دووبارە گەشەی کردو وەک ناوەندێکی زانستی و ئەکادیمی و ڕۆشنبیری هاتەوە مەیدان، بۆیە جێگەی خۆیەتی سوپاسی هەموو ئەو کەسانە بکەین کە لە بنیادنان و دامەزراندنەوەی بەشدار بوون، بەتایبەتى هەردو ڕەوانشاد جەنابى سەرۆک مام جەلال و کاک نەوشیروان مستەفا لە پێشەنگەکانى ئەم زانکۆیەن، زیاتر وتى: سوپاسی هەموو ئەو سەرۆک زانکۆیانەش دەکەم کە ژیانی خۆیان بۆ خزمەتکردنی ئەم زانکۆیە تەرخان کرد، بەتایبەتیش سوپاس و پێزانینی تایبەت ئاراستەی (خوالێخۆشبوو د. کەمال خەیات و د. جەلال شەفییق و خوالێخۆشبوو د. کەمال خۆشناو و د. عەلی سەعید و د. سەڵاحەدین سەعید) و هەموو ئەو کارمەندو فەرمانبەر و مامۆستایانە دەکەم، و درود و سڵاویان بۆ دەنێرم، ئەوان بونە هۆى ئەوەى زانکۆى سلێمانى بگاتە ئەو ئاستەى ئێستاو پێشکەوتن بەدەستبهێنن. ئومێدەوارم ئێوەش درێژە پێدەرى ئەو کارو پرۆژە باشانە بن و پەرەى زیاترى پێبدەین، چونکە زانکۆى سلێمانى ئەمانەتێکە لەگەردەنى هەمولایەکماندایە.

لە ڕیزبەندى جیهانیدا زانکۆى سلێمانى لە ٤ هەزارەوە بگەیەنین بە ڕیزبەندى ژێر ٢ هەزار

د. ئارام محمد وتیشى: زانکۆی سلێمانی جگە لەوەی شانازی بە میژوویەکی پڕ شکۆ و دەستکەوتی زانستی مەزن دەکات، لە هەمانکاتدا خاوەنی کامپێکی مۆدێرن و ناوازەیە لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست، بۆیە بەهیمەتی ئێوەو مامۆستیانی زانکۆ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و لە ڕیزبەندی جیهانیدا پێگەی بەرچاوتان هەیە، لەو چوارچێوەیەشدا خۆشحاڵبووم کە هەفتەی ڕابردوو بینیم لە ڕیزبەندی وێبۆمێتریکس زانکۆی سلێمانی لەسەر ئاستی هەرێم یەکەمەو لە سەر ئاستی جیهانیش بەرەو ڕیزبەندی (٤٠٠٠) هەنگاوی ناوە. هەروەها لە گوگڵ سکۆڵەر سایتەیشن بەهەمان شێوە لەسەر ئاستی هەرێم لەپلەی یەکەمدایە، ئەمەش مانای وایە زانکۆکانی ئێمەش توانایان هەیە بچنە سەر نەخشەی ئەکادیمیای جیهانی و بەشداری رەسەن بکەن لە بەرهەمهێنانی توێژینەوەی زانستی ئاست بەرز، بۆیەش وەزیرى خوێندنى باڵا داوای لە ئەنجومەنى زانکۆى سلێمانى کرد لێژنەیەک پێکبهێنن بۆ ئەوەى هەوڵ بدەن ئاستى زانکۆى سلێمانى لە ڕیزبەندى ٤ هەزارەوە بگەیەنن بە ڕیزبەندى ژێر ٢ هەزارەوە، بۆ ئەم مەبەستە وتى: ئێمە لە وەزارەت هاوکارتان دەبین.

لە چوار ساڵى ئایندە کار بۆ پەرەپێدانى کوالێتى و بەدەستهێنانى متمانەى نێودەوڵەتى دەکەین

لە بەشێکى دیکەى وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا داواى لە ئەنجومەنى زانکۆى سلێمانى کرد هاوکاربن بۆ ئامادەکردنى پلانى چوار ساڵى ستراتیژى سێکتەرى خوێندنى باڵا، بۆ ئەوەى بەلەبەر چاوگرتنى بارودۆخى هەرێمى کوردستان و تواناى مادى و مرۆیى، بتوانین ئەم پرۆژانە پەرەى زیاتریان پێبدەین. بەتایبەتیش دەمانەوێت لەم چوار ساڵەى ئایندە کاری زیاتر بکەین، لە بوارەکانی پەرەپێدانی کواڵیتی خوێندن و بەدەستهێنانی متمانەی نێودەوڵەتی.

د. ئارام محمد ڕاشیگەیاند: داوامان لە زانکۆ و کۆمەڵگای ئەکادیمی کوردستان کردووە کە بە بیر و بۆچوون و تێڕوانینەکانیان پلانەکان دەوڵەمەندتر بکەن، بۆیە داواکارین لەئەنجومەنی زانکۆ پلانی چوارساڵی ئایندەتان دابڕێژن بۆ ئەوەى ببێتە بنەمایەک بە پلانى ستراتیژى چوار ساڵى وەزارەتەکەمان.

لە خوێندنى تایبەتدا نابێت لایەنى بازرگانى بەسەر کواڵێتى زاڵ بێت

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەى ئەنجومەنى زانکۆى سلێمانى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: لە کارنامەى چوار ساڵى کارکردنى وەزارەت دەمانەوێت پێداچونەوە بە کوالێتى خوێندن و ئاستى زانستى زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بکەین و ئاستیان بەرەو پێش ببەین، بەشێوەیەک لەگەڵ پێوەرە زانستیە نێودەوڵەتیەکان بگونجێت و نابیت لایەنى بازرگانى بەهیچ شێوەیەک  بەسەر کوالێتى خوێندن و ستانداردەکانى خوێندن زاڵ بکریت.

لەبەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا هەریەک لە ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت و سەرجەم ڕاگرەکانى زانکۆى سلێمانى، پێشنیاز و بۆچونى خۆیان لەبارەى کاروبارەکانى پەیوەست بە زانکۆ و پلانى چوار ساڵى کاکردنیان خستەڕوو.