نوفمبر 2016

کارنامەى چوار ساڵى کارکردنى وەزارەتى خوێندنى باڵا، گفتوگۆى لەبارەوەکرا

كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌ت

لە کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کە بە ئامادەبونى سەرجەم سەرۆک زانکۆکان بەڕێوەچوو، کارنامەى چوار ساڵى کارکردنى وەزارەت گفتوگۆى لەبارەوە کراو لەلایەن وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستىیش جەخت لەسەر  بەرزکردنەوەى کوالێتى خوێندن و پێشخستنى ئاستى زانستى و ئەکادیمى زانکۆکان کرایەوە.

ئەمڕۆ چوارشەمە ڕێکەوتى (٢٤/٧/٢٠١٩) ئەنجومەنى وەزارەت کۆبونەوەى ژمارە (٣)ى ساڵى ٢٠١٩ى بەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر سەرۆکى ئەنجومەنى وەزارەت و ئامادەبونى سەرجەم سەرۆک زانکۆکان ئەنجامدا.

لە سەرەتاى کۆبونەوەکەدا سەرۆکى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکدا: سوپاسی سەرجەم ئەو بەڕێزانەى کرد کە لە ڕابردوو وەک وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى خزمەتیان کردوەو ئەو سەرۆک زانکۆیانەشى کە لەسەرەتاوە تا ئێستا بەردەوامن لە خزمەتکردن و ئەوانەشى کە خانەنشین بونە یاخود کۆچى دواییان کردوەو جێ پەنجەو رۆڵیان لە بوارى خوێندنى باڵاى کوردستان دیارە.

پەرە بە ڕیفۆرمى خوێندنى باڵاى کوردستان دەدەین

لەبارەى دەستبەکاربون و خزمەتکردن بە بوارى خوێندنى باڵاى کوردستان، د. ئارام محمد وتى: ئومێدەوارین بە پشتیوانى هەمولایەک لەم کاروانەى دەستمان پێکردوە قۆناخ بە قۆناخ هەنگاو بنێین بۆ پێشخستنى کەرتەکەو بتوانین بەو توانا مرۆییانەى لەم وەزارەتەدا هەیە ریفۆرمى خوێندنى باڵاى کوردستان پەرەپێبدەین، چونکە سێکتەرى خوێندنى باڵا یەکێکە لە سێکستەرە گرنگەکانى کوردستان و وەک مەسەلەیەکى نیشتیمانى و نەتەوەیى مامەڵەى لەگەڵدا دەکەین.

 

سەبارەت بە کوالێتى خوێندن و بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى زانکۆکان، سەرۆکى ئەنجومەنى وەزارەت ڕایگەیاند: جەختکردنەوە لەسەر کوالێتى خوێندن و بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى و ئەکادیمى و بەنێودەوڵەتى کردنى زانکۆکانى کوردستان و جێبەجێکردنى سیستمە نێودەوڵەتیەکان، ئەولەویاتى کارکردنمان دەبێت لەم وەزارەتە، ئەمەش پشوو درێژى و شەونخونى بەردەوامى دەوێت بە پشتیوانى هەمووان دەتوانین قۆناخ بە قۆناخ ئەم ئەرکە پیرۆز و گرنگە جێبه‌جێ بكه‌ین.

کارنامەى چوار ساڵى کارکردن لە درافتێکدا ئامادەکراوە

د. ئارام محمد بۆ ئامادەکردنى کارنامەى چوار ساڵى کارکردن ئاماژەى بۆ ئەوە کرد، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتەکانى راسپاردوە لەژێر رۆشنایی هێڵە گشتییەكانی كارنامەی كابینەی نۆیەم، بەرنامەی كارەكانی وەزارەت دابڕێژن و پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیرانی بكەین بۆ ئەوەی پەسەند بكرێت و بخرێتە بواری جێبەجێ كردنەوە، بۆیەش ئەمڕۆ هەمومان لێرە کۆبوینەتەوە بۆ تاوتوێکردنى پلان و بەرنامەى چوار ساڵى کارکردنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى.

سەرۆکى ئەنجومەنى وەزارەت ئاماژەى بە گرینگترین تەوەرو بابەتەکانى درافتى بەرنامەى کارى وەزارەت کرد کە ئەوانیش پەرەپێدان و بەرزکردنەوەى ئاستى زانکۆکان لەڕوى کوالێتى و فەراهەمکردنى دەرفەتى لەبار بۆ خوێندن و دەرفەتى گەشەکردنى توێژینەوەى زانستى و گرنگیدان بە زانکۆ و پەیمانگەکان و پێداچونەوە بە کوالێتى زانستیان و  گەشەپێدانى ڕیفۆرمى کارگێڕى و دارایى و چەندین بابەتى دیکە.

سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران پشتگیرى پرۆژەکانمان دەبێت

سەرۆکى ئەنجومەنى وەزارەت لەبەشێکى دیکەى وتەکەیدا جەختى کردەوە لەسەر دڕافتى کارنامەى وەزارەت بۆ چوار ساڵى ئایندە، بۆ ئەمەش وتى لەم کارنامەیەدا ئەو بنەمایە دەچەسپێنێت کە واقعى کارگێڕى و ئابورى هاوکار دەبێ بۆ دەستەبەرکردنیان. بۆیە کار لەسەر ئەو پرۆژەو بەرنامانە دەکەین کە پێویستى هەنوکەیى سێکتەرى خوێندنى باڵاى کوردستانە کە بەتواناى هەمولایەک دەتوانین جێبەجێى بکەین، بۆ نمونە فراوانکردنى ڕەهەندى بەنێودەوڵەتى کردنى زانکۆکانمان و جێبەجێکردنى بۆلۆنیا پرۆسێس ئەم پرۆژانەن  کە لەلایەن بەڕێزان سەرۆک و جێگرى سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران پشتیگرى تەواومان دەکرێت.

لێژنەیەک کارنامەى وەزارەت بە وەرگرتنى پێشنیاز دەوڵەمەند دەکات

لەبەشێکى دیکەى وتەکەیدا د. ئارام محمد ئاماژەى بە درافتى کارنامەى چوار ساڵى کارکردن کردو ڕایگەیاند: ئەم دڕافتەى ئامادەکراوە بە بیرو بۆچوون و تێبینى سەرۆک زانکۆکان زیاتر دەوڵەمەند دەکرێت، بۆ ئەمەش لێژنەیەکى تایبەتمەند دروست دەکەین بۆ ئەوەى لەماوەى هەفتەیەکدا سەرجەم پێشنیازو بیرو بۆچونى زانکۆکان و مامۆستایانى زانکۆ کۆبکاتەوەو پێشکەشى بکات بۆ ئەوەى لەناو دڕافتەکە جێگەى بۆ بکرێتەوەو دواتر بکرێت بە کارنامەى وەزارەت و بەرزبکرێتەوە بۆ ئەنجومەنى وەزیران. بۆ ئەوەى مامۆستایانى زانکۆش بەشدارى لە دەوڵەمەندکردنى کارنامەى وەزارەت بکەن، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند مامۆستایانى زانکۆش دەتوانن لەڕێگەى ئیمێڵێکی تایبەتەوە کە دواتر بڵاودەکرێتەوە، سەرجەم مامۆستایانى زانکۆکانى کوردستانیش دەتوانن ڕاو پێشنیازیان بۆ دەوڵەمەندکردنى کارنامەى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بخەنەڕوو.

گفتوگۆى لەبارەى خاڵە سەرەکییەکانى کارنامەى چوار ساڵى کاکردن کرا

لەبەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا هەریەک لە سەرۆک زانکۆکان ڕاو پێشنیازى خۆیان لەبارەى خاڵە سەرەکییەکانى دڕافتى کارنامەى چوار ساڵى کارکردنی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی خستەڕوو، بەتایبەت ئەو پرۆژە گرنگ و ستراتیژیانەى هۆکارن بۆ پێشخستنى کەرتى خوێندنى باڵاى کوردستان.