لە سێیەمین کۆنفرانسى زانستى نێودەوڵەتى (شوێنەوار و کەلەپور) د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند بۆ ئەوەى ناوچە شوێنەوارەکانمان باشتر بپارێزین و شیکردنەوەو گەڕانەکان بەدواى ناوچە شوێنەوارییەکانمان ئەکادیمى و زانستى بێت، پێویستمان بە یاسایەکى تایبەت بە شوێنەوار و پاراستنى ناوچە شوێنەوارییەکان و دەرخستنى راستى و دروستى شوێنەوارەکان هەیە.
ئەم وتانەى د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە میانى پێشکەشکردنى وتارێکدا هات کە ئەمڕۆ رۆژى دوشەمە ڕێکەوتى ٢٩/٤/٢٠١٩ لەسێنتەرى رۆشنبیرى و کۆمەڵایەتى زانکۆى سەڵاحەدین بە ئامادەبونى سەرۆکى زانکۆ و ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرانى گشتى و مامۆستاو شارەزایانى بوارى شوێنەوار، بەشى شوێنەراو لە کۆلێژى ئادابى زانکۆى سەڵاحەدین سێیەمین کۆنفرانسى زانستى نێودەوڵەتى لەژێر دروشمى (شوێنەوار و کەلەپور) سازکرد.
((دەبێت بە دیدێکى نەتەوەیی کار لەسەر پاراستنى شوێنەوار))
لەسەرەتاى کۆنفرانسەکەدا د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکدا خۆشحاڵى خۆى نیشاندا بەبەشدارى ژمارەیەکى بەرچاو لە لێکۆڵەڕ و توێژینەوەى زانستى ورد و ئەکادیمى لەناوچە جیاجیاکانى کوردستان لەبارەى شوێنەوارو و ناوچە شوێنەوارییەکانى کوردستان، کە ئەمەش بەڵگەیە بۆ ئەوەى کاتێک بمانەوێت قسە لەسەر شوێنەوار بکەین دەبێ بە دیدو بەرچاوڕونى نەتەوەییەوە کار لەسەر شوێنەوارو شوناسى نەوەییمان بکەین. بۆ ئەمەش وتى بەشى شوێنەوار لە زانکۆکانى کوردستان کارى گرنگ و پڕبایەخیان لەبارەى شوێنەوار ئەنجام داوەو پێویستیشە گرنگیەکە زیاتر بێت.
((پێویستمان بە شیکردنەوەى جاێکى دیکەى ناوچە شوێنەوارییەکان هەیە ))
لەبەشێکى دیکەى وتارەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژەى بە هەوڵى داگیرکەرانى کوردستان کرد کە سەرجەم هەوڵ و کارێکیان بۆ ئەوە بوە مێژو و شوێنەوارەکانمان داگیر بکەن و بیشێوێنن، بۆ ئەمەش وتى: ئەو کاتانەى کوردستان لەلایەن داگیرکەرانەوەو داگیراوە لەپاڵ داگیرکردنى سەروەرى و خاک و ئاوهەواى کوردستان، هەوڵیشیان داوە لەگەڵیدا مێژو و ناوچە شوێنەوارەکانمان داگیربکەن و مێژوەکەى بشێوێنن بەتایبەت لەسەردەمى ڕژێمى پێشوو کە سەرجەم هەوڵەکان بەو ئاراستە بونەو، کەمترین دەرفەتیان نەداوە تا گرنگى بە شوێنەوار و ناوچە شوێنەوارییەکانمان بدرێت و هەوڵى خاپورکردنیان داوە.
بۆ ئەمەش د. یوسف گۆران ئاماژەى بۆ ئەوە کرد لەڕابردوو بەشێکى زۆر لەو ناوچە شوێنەوارییانەى کە دەدۆزرانەوە، شیکردنەوەى واى بۆ کراوە کە دوربێت لە راستى ناوچەکە و واقعى شوێنەوارەکە، کە ئەم شیکردنەوانە بەشێک نین لە شارستانیەتى بنەڕەتى کوردستان ئامانج لەم هەوڵانەش دابڕانى کوردستان بوە لە قوڵاى شارستانیەتە دەوڵەمەندەکەى، بۆیە ئەم شوێن و ناوچە شوێنەواریانە جارێکى تر پێویستیان بە شیکردنەوەو ئەنجامدانى لێکۆڵینەوە هەیە بۆ ئەوەى راستى شوێنەوارەکانمان وەک خۆى ببینین، بۆیەش ئەرکى ئەم کۆنفرانسە و بەشەکانى شوێنەوارە لەزانکۆکانى کوردستان بۆ ئەوەى ئەم رۆڵە گرنگ ببینن.
((یاسایەکى تایبەت بە پاراستنى شوێنەوار پێویستە))
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەر لە وتارەکەیدا باسى لە گرنگى شوێنەوار بۆ سەرجەم گەل و نەتەوەکان کردو ڕایگەیاند: دەوڵەمەندکردنى شوێنەوارو شوناسى نەتەوەیمان پێویستى بە هەوڵى زیاتر و ئەنجامدانى توێژینەوەو گەڕان و پشکنیکى زیاترە، بۆ ئەمەش وتى: بۆ ئەوەى ناوچە شوێنەوارەکانمان باشتر بپارێزین و شیکردنەوەو گەڕانەکان بەدواى ناوچە شوێنەوارییەکانمان ئەکادیمى و زانستى بێت، یەکێک لە ئەرکە گەورەکان ئەوەیە یاسایەکى تایبەت بە شوێنەوار و پاراستنى ناوچە شوێنەوارییەکان و دەرخستنى راستى و دروستى ناوچەکان هەبێت، بۆ ئەمەش وتى هەوڵى بەشێک لە ئەندامانى پەرلەمانى کوردستان و دڵسۆز جێگەى دەستخۆشیە بۆ هەوڵدان بەمەبەستى ئامادەکردنى پرۆژە یاساییەکى تایبەت بە شوێنەوار لە پەرلەمانى کوردستان.
((زانکۆکان کار بکەن بۆ نوسینەوەى نەخشەى شوێنەوارى کوردستان))
باسکردن لە نەخشەیەکى وردى شوێنەوارناسى لە کوردستان، بەشێکى ترى وتارەکەى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بوو، بۆ ئەمەش د. یوسف گۆران پێویستى هەبونى نەخشەیەکى وردى شوێنەوارى تایبەت بە کوردستان دوپاتکردەوەو ڕایگەیاند ئەو نەخشانەى ئێستا نەخشەى فەرمى کوردستان نین، بەڵکو دەبێت زانکۆکان ئەو رۆڵە ببینن و پشتگیرییان دەکەین بۆ نوسینەوەى ئەم نەخشەیە بۆ ئەوەى جارێکى دیکە نەخشەى شوێنەوارى کوردستان بنوسرێتەوەو دیاریبکرێت، بەتایبەت بۆ دەوڵەمەندکردنى بوارى گەشتیارى و پاراستنى کلتور و ناوچە شوێنەوارییەکان پێویستى زۆرمان بەم نەخشەیە دەبێت، هەروەها پێویستە لەسەر نەخشەى شوێنەوارى کوردستان سەرجەم زمانە جیاوازەکان هەبێت بۆ ئەوەى خەڵکانى بیانیش سود لەم پرۆژە گرنگە ببینن.
((ڕێزگرتن لەو کەسانەى پێشەنگ و خەمخۆرى شوێنەوارى کوردستان بونە))
هەر لە وتارەکەیدا د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى باسى لە هەوڵ و خەمخۆرى ئەو کەسانە کرد کە هەمیشەو بەردەوام لەخەمى پاراستنى شوێنەوار و ناوچە شوێنەواریەکانى کوردستان بونە بەتایبەت هەریەک لە (د. جەمال رەشید ئەحمەد و زوبێر بیلال ئیسماعیل)، بۆ ئەمەش وتى لەکاتێکدا ڕژێمە یەک لە دوا یەکەکانى عێراق هەوڵى شاردنەوەى شوێنەوارى کوردستانیان دەدا، ئەمانەو خەمخۆرانى شوێنەوارى کوردستان لە هەوڵەکانیان بەردەوام بون بۆ پاراستنى شوێنەوارى کوردستان، بۆیە شایستەى ئەوەن ڕێز لە خەمخۆرییان بنرێت و کارێک بکەین هەمیشە ناویان بە زیندوى لە مێژوى گەلەکەمان بمێنێتەوە.
((بایەخدان بە زمانە کۆنەکانى شارستانیەتى کوردستان))
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بابەخدان بە زمانە کۆنەکانى کوردستان و شارستانیەتى ناوچەکەى بە گرنگ زانى، بۆ ئەمەش وتى ئەگەر ئێمە خۆمان لەم بوارە لێکۆڵینەوەى زانستى ئەنجام نەدەین کەس ئەم کارەمان بۆ ناکات، بۆیە ئەرکى زانکۆکانە بەشى تایبەت لە خوێندنى باڵا ماستەر/دکتۆرا بۆ زمانە کۆنەکان تەرخان بکەن، کە ئەمەش جگە لە ئەرکێکى گرنگى ئەکادیمی ئەرکێکى نەتەوەییشە.
لەکۆتایشدا د. یوسف گۆران دەستخۆشى لە زانکۆى سەڵاحەدین و کۆلێژى ئاداب و بەشى شوێنەوار کرد بۆ ئەنجامدانى ئەم کۆنفرانسە کە ئامانجى سەرەکى پاراستنى شوێنەوارى کوردستان.
(( ٨٠ توێژەر لە ١١ وڵات ٤٥ توێژینەوەى زانستى لەم کۆنفرانسە پێشکەشدەکەن))
لە بەشێکى دیکەى کۆنفرانسەکەدا د. ئەحمەد دزەیى سەرۆکى زانکۆى سەڵاحەدین دواى بەخێرهێنانى ئامادەبوان، لە وتەیەکدا ئەنجامدانى کۆنفرانسى زانستى نێودەوڵەتى بە یەکێک لە کارە گرنگەکانى زانکۆکان و تێکەڵبونى توێژەرى زانکۆمان لەگەل یەکتر و ئاشنا بون بە فەرهەنگ و کلتورى جیاوازا بە گرنگ زانى، بۆ ئەمەش وتى زانکۆکەمان ساڵانە کۆنفرانسى هاوشێوە لەگەڵ وڵاتان و زانکۆکان ئەنجام دەدات، وتیشى لەم کۆنفرانسەدا (٨٠) توێژەر لە (١١) وڵات (٤٥) توێژینەوەى زانستى لەبارەى شوێنەوار پێشکەش دەکەن.
لەبەشەکانى دیکەى کۆنفرانسەکەدا هەریەک لە د. زێدان برادۆستى سەرۆکى کۆنفرانس بەناوى ستافى کۆنفراس و کەیفى عەبدە بەڕێوەبەرى گشتى شوێنەوار لە وەزارەتى شارەوانى و گەشتوگوزار وتارى جیاجیان پێشکەش کرد و ئاماژەیان بە گرنگى بەستنى کۆنفرانسەکە کرد.
جێگەى ئاماژەیە سێیەمین کۆنفرانسى زانستى نێودەوڵەتى لەژێر دروشمى (شوێنەوار و کەلەپور) بۆ ماوەى دوو رۆژ بەردەوام دەبێت و تیایدا سیانزە پانێڵ کە چەندین توێژینەوەى زانستى لەبارەى ناوچە شوێنەواریەکان و شیکارى جوگرافى بۆ ناوچە شوێنەوارییەکان و کارى هەڵکۆڵین و چۆنیەتى بەکارهێنانى ئامێر لە پرۆسەى روپێوکردنى ناوچە شوێنەوارییەکان پێشکەش دەکرێت.