نوفمبر 2016

ڕونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌یوه‌ندییه‌كانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستیه‌وه‌

wezarettt

سه‌باره‌ت به‌و هه‌واڵه‌ی له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردو له‌ دامه‌زراوه‌كانی ڕاگه‌یاندن بڵاوكرایه‌وه‌ و، زیاد له‌ پێویست و دور له‌ ناوه‌ڕۆكی بابه‌ته‌كه‌ گه‌وره‌ كراوه‌، كه‌ گوایه‌ وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌سه‌ر چه‌ند بابه‌تێك و ده‌سه‌ڵاته‌كانی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسی خۆی به‌كارهێناوه‌، ئه‌وه‌ ڕاده‌گه‌ێنین سه‌رله‌به‌ری ئه‌و زانیارییانه‌ دورن له‌ ڕاستی و دروستی و هه‌ڵه‌ و چه‌واشكاری زۆری تێدایه‌، به‌ڵكو كڕۆكی بابه‌ته‌كه زۆر جیاوازه‌ له‌وه‌ی كه‌ دامه‌زراوه‌كانی ڕاگه‌یاندن بڵاویان كردۆته‌وه‌‌، به‌پێیی ئه‌و داوایه‌ی له‌ ده‌سته‌ی به‌رزه‌فتكردنی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌به‌رامبه‌ر وه‌زاره‌ته‌كه‌مان تۆماری كراوه و‌، هاوپێچ وێنه‌یه‌كی بڵاوده‌كه‌ینه‌وه‌،  بریتیه‌ له‌ كێشه‌ی خوێندكارێك، كه‌ داوای په‌سندكردنی بڕوانامه‌یه‌ك ده‌كات، كه‌ ده‌رچوی یه‌كێك له‌ كۆلێژه‌ زانكۆیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌.

داوكار (محمد صباح خالند) یه‌كێكه‌ له‌ ده‌رچوانی كۆلێژه‌ زانكۆی (الامام الاعظم/كه‌ركوك)ه‌  له‌ ساڵی خوێندنی (2017-2018)، به‌ڵام سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌نوسراوی ژماره‌ (3193) له‌ ڕێكه‌وتی (22/4/2015)  به‌پشت به‌ستن به‌ نوسراوی وه‌زاره‌ته‌كه‌مان ژماره‌ (6831) له‌ ڕێكه‌وتی (6/4/2015) گشتاندێكی بۆ سه‌رجه‌م وه‌زارت و دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كردوه‌، كه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كۆلێژه‌ زانكۆیه‌كانی ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان نه‌كه‌ن.

وه‌ك پێشتر ڕامانگه‌یاندوه‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌مان تێبینی هه‌بوه‌ له‌سه‌ر شێوازی دەوامكردن و پێوه‌ره‌ زانستیه‌كانی وه‌رگرتن و ئاستی ده‌رچوان لەو کۆلێژە زانكۆیانە به‌به‌راورد به‌ زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان، بۆیه‌ پاڵپشت به‌م تێبینیانه‌ گشتاندمان كردوه‌ كه‌ ماف و ئیمتیاز نه‌درێت به‌ده‌رچوانی ئه‌و كۆلێژه‌ زانكۆیانه ‌تا هیچ كه‌سێك پارەو کاتى خۆیان بەفیڕۆ نەدات، بەڵکو لە بڕى ئەوە باشترە ڕوو لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بکەن، کە مۆڵەتى خوێندن و کارکردنیان لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان وەرگرتوە و، لە چوارچێوەى سیاسەت و بریار و ڕێنماییەکانى وەزارەتەکەمان کار دەکەن .

به‌پێیی یاسای ژماره‌ (10)ی ساڵی (2008)ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی و، مادده‌كانی دوه‌م و سێیه‌م له‌ یاساكه‌ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كراوته‌وه‌، كه‌ ئه‌ركی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستیه‌ له‌ پێناو پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و كواڵیتی خوێندن له‌ زانكۆكان هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ئه‌و دامه‌زراوه‌ زانستیانه‌ بكات و، چونكه‌ تاكه‌ لایه‌نی به‌رپرسه‌ بۆ داڕشتنی سیاسه‌ت و ستراتیجی خوێندنی باڵا له‌ هه‌رێمی كوردستان و مامه‌ڵه‌كردن یا نه‌كردن له‌گه‌ڵ هه‌ر زانكۆیه‌ك له‌ زانكۆ و دامه‌زراوه‌ زانستیه‌كانی جیهان.

له‌ كۆتایدا داوا له‌ دامه‌زراوه‌كانی ڕاگه‌یاندن ده‌كه‌ین، پێش بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كه‌ ده‌بو وه‌ك ئه‌ركێكی رۆژنامه‌وانی و گه‌یاندنی زانیاری دروست به‌خوێنه‌ران و بینه‌ران و بیسه‌رانیان په‌یوه‌ندیان به‌وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی بكردایه‌، نه‌ك زانیاری هه‌ڵ و چه‌واشكاری بڵاوبكه‌نه‌وه‌.